Accessibility links

دەزگای ئاسایش دانپێدانانی چەند تۆمەتبارێکی نەوەی نوێ بڵاو دەکاتەوە و جوڵانەوەکە ڕەتیدەکاتەوە


ئەمڕۆ هەینی، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی چەند "خۆبەخش"ێکی نەوەی نوێی بڵاوکردەوە کە بە تۆمەتی تێوەگلان لە کەیسی شادیە نەوزاد دەستگیرکرابوون. لە بەرامبەردا سەرۆکی جوڵانەوەی نەوە نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەو دانپێدانانەی ڕەتکردەوە و باسی لەوە کرد کە هەموو ئەوانە لە ژێر فشاری ئاسایشدا وتراون.

لە دانپێدانانی ئەو تۆمەتبارانەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرابوون و ئەمڕۆ لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکرابوونەوە، ئەوان باسیان لەوە کرد‌ کە بە فەرمانی شاسوار عەبدولواحید هەستاون بە کۆکردنەوەی چەند وێنە و ڤیدیۆیەکی نەشیاوی چەند ئەندامپەرلەمانێکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە لەلایەن کامێرای چاودێری یەکەکانی گوندی ئەڵمانی و کابینەکانیەوە تۆمارکرابوون.

هەروەها دانیان بەوەدا ناوە کە هەستاون بە درووستکردنی تۆڕێکی فراوان لە چەندین پەیج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەستاون بە تەشهیرکردن بە هەر کەس و لایەنێک کە دژ بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوونە.

لە بەرامبەردا سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هەموو ئەو دانپێدانانەی ڕەتکردەوە و باسی لەوە کرد کە دڵنیان لە ژێر فشاری هێزە ئەمنییەکاندا وایان وتووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشدا دەڵێت " بۆ ھەموو لایەکیشی روندەکەینەوە، ئەم رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر، لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکاندان، تەنھا ھێزەکانی سەر بەدەزگای ئاسایش بڕیارەکانی دادگایان جێبەجێکردوە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن و لەبەر ھەستیاری دۆسیەکە و پەیوەست بە ئاداب و ئەخلاقی گشتی و بەھا کۆمەڵایەتییەکان، چەندین زانیاری و بەڵگەی مەترسیدار، پەیوەست ( بە لایەنی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافی کەسێتی ) مان پاراستووەو نەمان خستۆتە ڕوو، بۆ دادگاو لێکۆڵینەوەکان جێمانھێشتوون."

لە بەرامبەردا سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەش کرد "لەو ماوەیەی ئەم "خۆبەخش"انەی نەوەی نوێ دەستگیرکراون ڕێگە نەدراوە تەنانەت پارێزەرەکانیشیان بیانبینن و ماوەی ١٥ ڕۆژە هیچ دانپێدانان و بەڵگەیەکیان نەخستووەتە ڕوو، بۆچی لەم ڕۆژی هەینییەدا ئەمەیان بڵاوکردووەتەوە؟"

هەروەها وتیشی "دوو ڕۆژ لەمەوپێش وتەبێژی دادگا بڵاوی کردەوە کە ئەو کەیسە نە کەیسی منە [شاسوار عەبدولواحید] نە کەیسی جوڵانەوەی نەوە نوێیە و تا ئێستاش هیچ شتێک نییە دژی شاسوار عەبدولواحید. ئەی خێرە بەم دوا نیوەڕۆیەی ڕۆژی جومعە، دادگا هیچ دانپێدانانێکی لا نەبێت کەچی ئاسایش بەڵگە و دانپێدانانی لایە و بڵاودەکاتەوە؟"

ماوەیەک پێش ئێستا شادی نەوزاد، ئەندامپەرلەمانی جوڵاندەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوە کرد کە لەلایەن سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوی لێکراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:57 0:00

XS
SM
MD
LG