Accessibility links

"نزیكبونه‌وه‌یه‌ی ئه‌و نوخبه‌یه‌ی له‌كوردستان سه‌ركردایه‌تی میدیا ده‌كات له‌ كاراكته‌ره‌ سیاسیه‌كان بووه‌ هۆی كوشتنی میدیای سه‌ربه‌خۆ"


سلێمان عه‌بدوڵا -سه‌رنوسه‌ری ده‌زگای خه‌ندان
سلێمان عه‌بدوڵا -سه‌رنوسه‌ری ده‌زگای خه‌ندان

لەسەرەتای وتوێژێكدا كه‌ ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ سلێمان عەبدوڵا یونس سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی خه‌ندان ئه‌نجامیداوه‌، لەبارەی ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری لەهەرێمی کوردستان، سلێمان عه‌بدوڵا وتی" ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لەهەرێم ڕەوشێکی لەبار نیە،گرفت هەیە هەندێک لەو گرفتانە پەیوەندییان هەیە بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عیراقەوە وە هەندێکی تریش پەیوەندی هەیە بە خودی دۆخی میدیا بەتایبەت لە ئێستادا لەسەردەمی سۆشیاڵ میدیا کە بەمیدیای خەڵک ناودەبرێت بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر میدیا لەهەرێمی کوردستان لەقەیراندایە وە بەشێکی زۆر لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان میدیایان کۆنترۆڵ کردووە سەرچاوەکانی داهات و زانیاری بەکاردەهێنن دەیدەن بەو میدیایانەی نزیکن لەخۆیانەوە ئەوەی ناوی میدیای ئازاد و سەربەخۆیە پاشەکشەی کردووە چونکە توانای خۆ ژیانی نیە واتە لەڕووی ئابورییەوە ڕەوشی میدیا لەهەرێمەکە ڕەوشێکی قەیراناوییە وە لەڕووی ئەمانەتیشەوە بەداخەوە ژیان و گیانی ڕۆژنامەنوسان پارێزراو نیە بەشێک لەڕۆژنامەنوسان ژیانیان تا ئەم خولەکەش لەمەترسیدایە بەشێکی تریشیان ژیانیان لەدەستداوە."

" له‌كوردستان میدیای ئازاد بونی نه‌ماوه‌ "

سلێمان عه‌بدوڵا یونس ده‌شڵێت" پێش قەیرانی دارایی و شەڕی داعش ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لەهەرێم باشتربوو ئێستا پاشەکشەی کردووە، لەڕووی کاری ڕۆژنامەوانیەوە بەبۆچونی من لەکوردستان میدیای ئازاد بونی نەماوە، حیزبەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار دەستیان وەرداوەتە میدیا ڕەنگە میدیایەک لەمیدیاکە ئازادتر بێت بەگوێرەی ئەوکەسانەی میدیاکانیان کۆنترۆڵ کردووە، من پێم وایە ڕەوشی میدیای کوردی ڕەوشێکی حیزبی و میدیای سێبەرە کە هێز و بەرپرسەکان میدیایان هەیە نەک هەر حیزبە دەسەڵاتدارەکان حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوردستان نمونەی هەرەبەرچاوی میدیای حیزبی و میدیای سێبەرە، پێشتر لەعیراق و وڵاتان حیزبەکان میدیای فەرمیان نەبوو بەڵام ئێستا نەک هەر میدیای زمانحاڵ بەڵکو میدیای سێبەریشیان هەیە."

"نزیكبونه‌وه‌ له‌كاراكته‌ره‌ سیاسیه‌كان"

سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی خه‌ندان هەروەها وتی" کاراکتەرە سیاسیەکانی ئەم وڵاتە نەک هەرکاری سیاسی بەڵكو هاتونەتە ناو کاری میدیایشەوە بەداخەوە پێویستە سیاسەت بۆ سیاسیەکان جێ بهێڵرێت وە میدیاش بۆ میدیاکاران نەک بەشێوەی ژێر بەژێر یارمەتییان بدەن و دەست وەربدەنە کارییان، چونکە زۆرێک لەو کەسایەتیە سیاسیانەی یارمەتی میدیاکان دەدەن یارمەتی مەرجدارە بۆ بەکارهێنانی سیاسیە."

هەروەها ئەوەشی وت" بەتەنها نوخبە سیاسیەکە نا بەڵکو نوخبە میدیاییەکەیشی لەقەیراندایە، چونکە وای کرد بەهۆی دۆخی داراییەوە لەوەختێکدا بێ هیوا ببێت و سەرچاوەی دارایی لەبن دەست نەما وە زانیارییان پێنه‌دەگەیشت هەتا نەک حیزبە دەسەڵاتدارەکان حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش زانیاری دەدەنە ئەو میدیایانەی نزیکن لەخۆیان ئەمەش میدیاکارانی والێکرد هەنگاو بنێن بە ئاڕاستەی نزیکبونەوە لەکەسایەتیەکی سیاسی یا حیزبێک کە ئەمە کارێکی هەڵەیە و میدیای ئازادی کوشت، واتە نزیکبونەوەی ڕۆژنامەنوسان لە کاراکتەرە سیاسیەکان دەستیان هەبووە لە پاشەکشەی میدیای سەربەخۆ وایکرد میدیای ئەهلی و "ڕاقی " و سەربەخۆ و بەرپرسیار پاشەکشە بکات بێگومان میدیاکاران من ناڵێم هەموویان ئەگەر بمانتوانیایە "دەستە جەمعی" هەمووان لەپشت کارە ڕۆژنامەوانیەکە بوەستاینایە ئێمە دەمانتوانی میدیایەکی نیشتمانی و بەرپرسیار و ڕاستگۆ و تەندروست بنیاد بنێین."

"ئەو نوخبەیەی کە سەرکردایەتی میدیا دەکات لە ساتێک لەساتەکان توشی هەڵەی کوشندە بوون"

سلێمان عه‌بدوڵا یونس ده‌شڵێت: بەداخەوە ئەو نوخبەیەی کە سەرکردایەتی میدیا دەکات لە ساتێک لەساتەکان توشی هەڵەی کوشندە بوون چونکە بۆ دەسکەوتی ماددی و ژیاندنی میدیاکەی پەنای بردووە بۆ نزیکبونەوە لەم کەسایەتی و لەو کەسایەتی دیارە ئەمە بەشێوەیەکی ڕێژەییە و ڕەها نیە بەڵام بێگومان بەرپرسیارین لە پاشەکشەی دۆخی میدیای لەکوردستان."

"وێڕای كه‌موكوڕییه‌كان كوردستان جێگه‌ی هیوایه‌"

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند" وێڕای هەموو کەموکورتییەکان، بەڵام کوردستان جێگەی هیوا و ئومێدە، کۆمەڵێک میدیاکاری ئازا لەم پێناوەدا ژیانی خۆیان بەخشیووە ئێستا ئەم ڕەوشە بەرەوپێش دەچێت بەتایبەتی کۆمەڵێک کچ و کوڕی ئازا پەیدابوون کە دەرچووی بوارە ئەکادیمیەکەن بۆیە من پێم وایە ڕەوشی میدیای کوردی مایەی شانازییە چونکە هەم لەشاخەوە بۆ شار خاڵی گەش و ڕەش هەیە بەڵام خاڵە گەشەکانی زیاترە وە هیوادارم بۆ ساڵانی داهاتوو بتوانین ڕيوشی میدیای کوردی لەم دۆخەی ئێستا ڕزگار بکەین ."

"ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان"

دەربارەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان کە باسی هەرێمی کوردستان دەکەن وەک ژینگەی پێشێلکاری ئازادی ڕۆژنامەگەری سلێمان عەبدوڵا یونس دەڵێت" بەبڕوای من ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیانە ڕاستگۆ بوون لە تەعبیرکردن لەڕەوشی ڕۆژنامەگەری لەکوردستان ڕۆژنامەنوسان ڕۆژانە مافەکانیان پێشێل دەکرێت دەکوژرێن ، زانیارییان پێنادرێت بەشێوەیەکی ناشرین وەڵامیان دەدرێتەوە، من لەدامەزراوەیەکم (دامه‌زراوه‌ی خه‌ندان) ڕۆژانە هاوپیشەکانم کە پەیوەندی دەکەن بەبەرپرسەکانی ئەم وڵاتەوە بەشێوەیەکی ناشرین یا هەر وەڵامیان نادرێتەوە کەسایەتیان دەڕوشێنرێت بەشێوەیەکی ناشرین مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت پێویستە بەرپرسان دان بەو پێشێلکارییانەدا بنێن و مامەڵەیان باش بکەن لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان، من دڵنیاییی دەدەم زۆربەی زۆری ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ڕاستە وە دۆخی ڕۆژنامەوانی لە زۆر کاتدا لەوە خراپترە کە ئەو ڕاپۆرتانە باسیان کردووە چونکە لەژیانی ڕۆژانەدا ئێمە ڕوبەڕوی دۆخی خراپتر دەبینەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:08 0:00

XS
SM
MD
LG