Accessibility links

ئارام سەعید: دوای وازھێنانم لە نەوەی نوێ ناچمە ناو ھیچ حزبێکی دیکەوە


ئارام سەعید، یەکێک لە دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ باس لە ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەکات، دەڵێت "ئەو ئاڵۆزی و گرژیانەی لە ماوەی رابردوودا لە نەوەی نوێ روویاندا، شکستێکی سیاسی گەورە بۆ ئۆپۆزیسیۆن دروستدەکا، ئەمە خۆی کێشەیەکە کە ماوەیەکی زۆرە کۆمەڵگای کوردی پێوەی دەناڵێنێ و لەم جۆرە سیاسەتکردنانەیش فکر و ستراتیج بوونیان نییە، بەڵکو ئەوەی دەبینرێ ھەموو حزبەکانی کوردستان بەتاڵبوونەتەوە لە ناوەڕۆکی فیکری."

ئارام سەعید، لەم گوتووێژەی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا دەشڵێت" من راستەوخۆ ھەموو تێبینی و رەخنەکانی خۆم بە کاک شاسوار عەبدولواحید گوتووە، تەنانەت ئەگەر کەسێک سەرنج لە گوتارەکانی چەند مانگی پێشووترم بدات، گوتارەکانم گوزارشتیان لەوە دەکرد کە رەخنە لەسەر گوتاری سیاسی لە تەواوی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، باس لەوەیش دەکا کە ئەمجارەیان شکستەکە بەتەنیا شکستێکی سیاسی نەبووە، بەڵکو لەھەمانکاتدا شکستێکی ئەخلاقیش بووە و دەڵێ: خۆم بەھیچ شێوەیەک ھەرەشەم لێنەکراوە، بەڵام باوەڕم بەوە ھەیە لەناو سیاسەتی کوردستاندا ئەم جۆرە ئەخلاقە باوە کە ھەرەشە لەبەرامبەر ئەو کەسانەنە دەگرنە بەر کە ھەڵوێستی جیاوازیان دەبێ، ئەم ھەڵسوکەوتانەیش پارتی و یەکێتی دامەزرێنەری بناغەکەین، ھەر لەبەر ئەوەیشە خەڵک بێ ئومێد بووە لە ئۆپۆزیسیۆن چونکە بەھەمان ئاراستەی حزبەکانی دیکە کار دەکات."

ھەر لەم گوتووێژەدا ئارام سەعید ئەوە رەتدەکاتەوە دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە نەوەی نوێ، بچێتە ناو ھیچ حزبێکی دیکەوە و دەڵێ: بە ھیچ شێوەیەک ناچمە ناو حزبی دیکەوە و لە ئێستادا باوەڕم وایە حزبایەتی و سیاسەتکردن لە ھەرێمی کوردستاندا بۆگەنی کردووە کەواتە خەڵکی کوردستان پێویستی بە حزبی دیکە نییە وە رەنگە کاری مەدەنی تاکە چارەسەر بێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:31 0:00

XS
SM
MD
LG