Accessibility links

سەرچاوەیەک زانیاری دەدات لە بارەی پشکنینی ئۆفیسی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ


سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت هێزێکی ئەمنی بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی گشتی ئەمڕۆ چوارشەممە چونەتە ناو ئۆفیسی سەرەکی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە مەبەستی پشکینی کەلوپەلەکانی و دەستگیرکردنی سێ خۆبەخشی نەوەی نوێ کە یەکێکیان کەسێکی نزیکی سەرۆکی جوڵانەوەکەیە.

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکا گوت ئەو سێ کەسە بەپـێی ماددەی 2 لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە ئۆفیسەکەی شاسوار عەبدولواحید دەسـتگیرکراون.

سەرچاوەکە ئەوەشی وت کە لە ئێستادا بۆچوونێک لە ناو دەزگای ئاسایشی هەرێم هەیە، ئەویش فەرمانی دەسـتگیرکردن بۆ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەربکرێت، بەپـێی ماددەی 273 ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ی ساڵی 1969 کە دەڵێت هەرکەسێک تۆمەتبارێک بشارێتەوە سزادەدرێت بە بەندکردن و غەرامە، ئەمە جگە لەوەی لەسەر سکاڵای داواکاری گشتی و پەرلەمانتارەکەی وتی هەڕەشەی لێکراوە.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو وتەبێژی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" داواکاری گشتی سکاڵای لەسەر ئەو بابەتە جوڵاندووە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو کەس دەرچووە و یەکێکیان دەستگیرکراوە وە دەستگیراوە بەسەر کەلوپەلەکانیدا."

بەگوتەی سەرچاوە باڵاکەی دەنگی ئەمەریکا، لە ئەنجومەنی ئاسایش وەها بڕیارە ئەنجومەنی ئاسایش ڕوونکردنەوە بدات لەسەر دەستگیرکردنی چەند تۆمەتبارێکی نەوەی نوێ. وتیشی " کەسی یەکەم کە دەستگیرکراوە چەندین بەڵگە گیراون لەناو کەلوپەلەکانیدا( کۆمپیوتەر و مۆبایل و هارد درایڤ). بە وتەی ئەو سەرچاوەیە داواکاری گشتی ڕاستەوخۆ چاودێری ئەو کەیسە دەکات، وە هۆکاری ئازادنەکردنی ئەو کەسەی کە سکرتێری جوڵانەوەی نەوەی نوێیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەڵگەی نوێ دەدۆزرێنەوە لەسەر کەلوپەلەکانی، وە هەتا ئێستاش لە لێکۆڵینەوەدایە.

وتیشی" ئەو بەڵگانەی دەستیان بەسەردا گیراوە دەریدەخەن کارەکە بە شێوەیەکی (مونەزم) کراوە."

لە لایەکی دیکە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە دەنگی ئەمەریکا تیایدا ئامادەبوو، وتی "بە دادوەرمان وتووە هەرکەسێکتان دەوێت رادەستتانی دەکەین. پێویست ناکات ئاسایش هەڵبکوتێتە سەر ئۆفیسى نەوەى نوێ، ئەم دۆسیەیە دەبوو بچوایەتە پۆلیس نەک ئاسایش. ئەم سیناریۆ قیزەونانەی دەسەڵات خەڵکێکی زۆر کەم باوەڕی پێدەکات وە ئەگەر مەردن هەر شتێکیان هەیە با بۆ ڕای گشتی ئاشکرای بکەن."

پاشان پەیامێکی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی یەکێتی لە شاری سلێمانی کرد و وتی "دڵنیایان دەکەمەوە ئەم شتانە نامانترسێنێت، وە دڵنیایان دەکەمەوە ئەم شتانەش وەهامان لێناکات کۆڵ بدەین، وە دڵنیایان دەکەمەوە بەم شتانەش ئێمە نە تەسلیمیان دەبین و نە لە ژێر ئەم فشارانەوە تەنازول لەو مەبادیئانە دەکەین کە باوەڕمان پـێیان هەیە."

XS
SM
MD
LG