Accessibility links

ئایدن مه‌عروف:داوای جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم-مان كرد بۆ توركمانه‌كان به‌ڵام به‌جدی وه‌رنه‌گیراوه‌،له‌ كۆبونه‌وه‌كانی داهاتوش داوای ده‌كه‌ینه‌وه‌


ئایدن مه‌عروف

له‌ووتوێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئایدن مه‌عروف سه‌رۆكی لیستی به‌ره‌ی توركمانی له‌په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ها له‌هه‌مانكاتدا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ره‌ی توركمانی، ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كۆبونه‌وه‌ی داخراوی له‌گه‌ڵ توركمانه‌كانی هه‌رێم له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌ولێر ئه‌نجام دابێت، ده‌شڵێت" پەیامی تایبەتی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ تورکمانەکان ئەوەبوو تورکیا لەڕابردوو چۆن پشتیوانی لە "موعانات و مەزڵومیەتی" گەلی توركمانه‌كان کردووە و لەگەڵ مافەکانی تورکمان بووە ئاواش لەگەڵ ماف و "موعاناتەکانی" نەتەوەکانی ترن لەناوچەکە، ئامانجییان ئەوەیە پێکەوە ژیان لەم ناوچەیە وە سەقامگیری لەم ناوچەیە گرنگە." هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" بەشداری کردنی تورکمانەکان لەدەسەڵاتی سیاسی لەبەغداد یا لەدەسەڵاتی سیاسی هەولێر ئەمەش خۆی فاکتەرێکی باشە، کە تورکمانەکان دەبنە فاکتەرێکی باش بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تورکیا یا عیراق و تورکیا، بۆ ئەوەش تورکیا حەز دەکات تورکمانەکان نەک هەر لەعیراق و هەرێم لەهەموو جێگاکان بەشداری لەپڕۆسەی سیاسی بەشێوەیەکی کارا بکەن، سه‌باره‌ت به‌داواكاری توركمانه‌كان ڕایگه‌یاند" داوای وەزارەتێکی خزمەتگوزاریمان کردووە، هەروەها لەدامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم یا ئەنجومەنی وەزیران ڕاوێژکارێک بۆ کاروباری تورکمانەکان بە پلەی وەزیر ئێمە لەکۆبونەوەکانی ڕابردوو ئەوە داواکارییەمان کردووە کە ئەگەر دەیانەوێت تورکمان بەشداری حکومەت بکەن ئەوە داواکارییەکانمانە، هه‌روه‌ها داوای پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێممان كرد بۆ توركمان یا پێكهاته‌ی مه‌سیحیه‌كان به‌ڵام به‌هه‌ند وه‌ریان نه‌گرت له‌ كۆبونه‌وه‌كانی داهاتوشمان دوباره‌ داوای ده‌كه‌ینه‌وه‌."

ئایا كۆبونه‌وه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ توركمانه‌كان كۆبونه‌وه‌یه‌كی داخراو بوو؟

لەسەرەتای وتووێژەکەدا ئایدن مەعروف وتی" سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هەولێر و کۆبونەوەی لەگەڵ تورکمانەکان بۆ ئێمە ئاساییە لەبەر ئەوەی تورکمانەکان فاکتەری گرنگن لەهەرێم و عیراق بەشدارن لە پڕۆسەی سیاسی ئەم سەردانەش بەو ئامانجە بوو کەپشتیوانی بۆ تورکمانەکان پیشان بدرێت لە عیراق و هەولێر، وەلەبەر ئەوەی تورکمانەکان فاکتەری گرنگن دەمانەوێت ببینە فاکتەرێکی خێر و ئیجابی لەنێوان پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە لەلایەک وە بەغداد و ئەنقەرە لەلایەک وە پشتیوانی کردن لە تورکمان پشتیوانیە لە برایەتی ،لەڕابردووش هۆکاری باشبوین لەنێوان پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە وە بەغداد و ئەنقەرە، وە ئێمە هیچ کات نەبوینە هۆکاری تێکدانی پەیوەندی نێوان بەغداد و ئەنقەرە یا هەرێم و ئەنقەرە ئەوە زۆر زۆر گرنگە چونکە تورکیا وڵاتێکی گرنگە بۆ عیراق و هەرێم ."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌وترێت كۆبونه‌وه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ توركمانه‌كان، كۆبونه‌وه‌ی داخراو بوون، سه‌رۆكی لیستی به‌ره‌ی توركمانی كه‌یه‌كێك بوو له‌به‌شداربووانی ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ وتی" کۆبونەوەکە داخراو نەبوو بەڵکو کۆبونەوەیەکی ئاسایی بوو، ئەوە یەکەمجار بوو سەردانی بارەگای سەرەکی بەرەی تورکمانی بکات جگە لەبەرپرسانی تورکمانی وەزیری داد-ی هەرێمیش ئامادی کۆبونەوەکە بوو، هەتا لەبەغدادیش سەردانی تورکمانەکانی کردبوو لەگەڵیان کۆببوەوە"

"په‌یامی تایبه‌تی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ توركمانه‌كان"

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی په‌یامی تایبه‌تی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ توركمانه‌كان چی بوو؟ ئایدن مه‌عروف وتی " پەیامی تایبەتی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ تورکمانەکان ئەوەبوو تورکیا لەڕابردوو چۆن پشتیوانی لە "موعانات و مەزڵومیەتی" گەلی توركمانه‌كان کردووە و لەگەڵ مافەکانی تورکمان بووە ئاواش لەگەڵ ماف و "موعاناتەکانی" نەتەوەکانی ترن لەناوچەکە، ئامانجییان ئەوەیە پێکەوە ژیان لەم ناوچەیە وە سەقامگیری لەم ناوچەیە گرنگە."

" تورکیا حەز دەکات تورکمانەکان لە عیراق و هەرێم بەشێوەیەکی کارا بەشداری لەپڕۆسەی سیاسی بکەن"

دەربارەی ئەوەی ئایا وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیامی هەبووە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم سەبارەت بەبەشداری تورکمان لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ؟ ئایدن مەعروف ده‌ڵێت" بەشداری کردنی تورکمانەکان لەدەسەڵاتی سیاسی لەبەغداد یا لەدەسەڵاتی سیاسی هەولێر ئەمەش خۆی فاکتەرێکی باشە، کە تورکمانەکان دەبنە فاکتەرێکی باش بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تورکیا یا عیراق و تورکیا لەبەر ئەوە تورکیا لەگەڵ ئەوەدایە کە تورکمانەکان بەشێوەیەکی کارا بەشداربن لە پڕۆسەی سیاسی لەهەرێم و لەعیراق، چونکە لەڕابردوودا "ناعەدالاتیەک" کراوە لەعیراق بەرامبەر تورکمانەکان لەعیراق لەبەر ئەوە پێویستە تورکمانەکان بەشێوەیەکی کارا بەشداربن لەپڕۆسەی سیاسی لەهەرێم و لەعیراق تاببنە بەشێک لە پڕۆسەی سیاسی لە عیراق و هەرێمدا، بۆ ئەوەش تورکیا حەز دەکات تورکمانەکان نەک هەر لەعیراق و هەرێم لەهەموو جێگاکان بەشداری لەپڕۆسەی سیاسی بەشێوەیەکی کارا بکەن ."

ئایدن مەعروف ڕونیکردەوە" لەڕابردوودا زۆر نادادپەروەری بەرامبەر پێکهاتەی تورکمان کراوە بەتایبەت لە پێکهێنانی حکومەتی عیراقی هەروک وتم ئەوە کاریگەریەکە وە بەشداری کردنی پێکهاتەی تورکمان لە پڕۆسەی سیاسی لەهەرێم و عیراق هۆکارێکی باشە بۆ باشکردنی په‌یوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عیراق و هەرێم."

"داواكارییه‌كانی توركمانه‌كان بۆ به‌شداری كردنیان له‌حكومه‌ت"

ئایدن مەعروف لەبارەی داواکاری تورکمانەکان بۆ بەشداری کردنیان لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم وتی" له‌ ئێستادا سه‌قامگیری سیاسی و ڕێكه‌وتنی لایه‌نه‌كان بۆ ئێمه‌ گرنگه‌، داوای وەزارەتێکی خزمەتگوزاریمان کردووە، هەروەها لەدامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم یا ئەنجومەنی وەزیران ڕاوێژکارێک بۆ کاروباری تورکمانەکان بە پلەی وەزیر ئێمە لەکۆبونەوەکانی ڕابردوو ئەوە داواکارییەمان کردووە کە ئەگەر دەیانەوێت تورکمان بەشداری حکومەت بکەن ئەوە داواکارییەکانمانە."

وتیشی" لە كۆبونه‌وه‌كانی ڕابردوو داوای جێگرێکی سەرۆکی هەرێم-مان کرد بۆ پێکهاتەی تورکمان بەڵام ئەو داواکارییەمان بە"جدی" وەرنەگیرا، هەروەها داوای جێگرێکی سەرۆکی حکومەت بەڵام دیارە ئەو پۆستانە لەنێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان ڕێککەوتنی لەسەرکراوە، لە ئایندەش کۆبونەوە ماوە بەتایبەت لەگەڵ شاندی پارتی کە دەڵێین دەبێت تورکمانەکان بە پۆستێکی سیادی لەدامەزراوەیی سەرۆکایەتی هەرێم یا حکومەت بەشداربن تا تورکمانەکانیش نوێنەرێکی ڕاستەقینەیان هەبێت لە ئەنجومەنی وەزیران."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:38 0:00

XS
SM
MD
LG