Accessibility links

سەرکەوت شەمسەدین: تەنیا شادی نەوزاد نیـیە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی لێکراوە


یەکێک لە دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ دەڵێت تەنیا شادی نەوزاد نیـیە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی لێکراوە، بەڵکو هاوڕێـیانی دیکەی جوڵانەوەکەش هەمان هەڕەشەیان لێکراوە.

سەرکەوت شەمسەدین کە ئەندامی پەرلەمانی عێراقیشە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەشڵێت جیاوازیـیەکە لەوەدایە ئەو خانمە زۆر ئازایانە و مەردانە هاتووەتە پـێش و لە بری ئەوەی وەک ئەو نەریتە باوەی کۆمەڵگەی ئێمە دروستیدەکات، ئەویش خانمەکان پاشەکشە بکەن بەهۆی ئەو جۆرە هەڕەشانەوە. بەڵام شادی نەوزاد نەک تەنیا بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بەڵکو بۆ بەرگریکردن لە هاوڕێ پـیاوەکانیشی ئەوانەی هەڕەشەیان لێکراوە هاتووەتە دەنگ. هەورەها بۆ ئەوەی ببێت بە "دەرسێک" بۆ هەموو ئەو هێزە سیاسی و کەسایەتیـیانەی دەیانەوێت ئەم بابەتانە بکەن بە چەکێک بە دەستیانەوە و چیتر کەس زاتی ئەوە نەکات ئەم بابەتانە لە کێشەی سیاسیدا بەکاربهێنێت.

پاشان ئەم ئەندامەی نەوەی نوێ دەڵێت لەوەی خانم شادی نەوزادەوە ڕوونبووەتەوە، ئەو کەسانەی لە گوندی ئەڵمانی و لە کابینەکانی چاڤیلانددا ماوەنەتەوە، وەکو ئەندامەکانی نەوەی نوێ کە لە شارەکانی تر و دەرەوەی کوردستان و عێراق ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و لەوێ ماونەتەوە بۆ ۆرک‌شۆپ و کۆنفرانس و بۆنە تایبەتەکان، ژیانی تایبەتیـیان بە کامێرای سیخوڕیـیەوە تۆمارکراوە.

سەرکەوت شەمسەدین جەخت دەکاتەوە ئەوان لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ جیانەبوونەتەوە و ئەوان دامەزرێنەرانی ئەو جوڵانەوەیەن کە لەسەر بنەمای دژی بە بنەماڵەکردنی حزب و تێکەڵکردنی کارداری بە حزب دامەزرێندراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:14 0:00

تێبینی:

دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا تێڕوانینی و هەوڵێستی لایەنی بەرامبەر وەربگرێت، بۆیە پەیوەندی بە ڕێبوار عەبدولکەریم بەرپـرسی میدیای نەوەی نوێ کرد، ئەویش لە وەڵامدا گوتی" سبەی پـێنجشەممە شاسوار عەبدولواحید دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و ئەو کاتە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن کە کێ لە پشت ئەو ڕووداوانەیە و بە چ مەبەستێک کراون."

XS
SM
MD
LG