Accessibility links

"ناچینەوە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ پارتی چونكە كۆتایی هاتووە و ئەوەندەش متمانە لەنێوانمان هەیە ڕێككەوتنەكە بەواژۆكراو دادەنێین"


له‌تیف شێخ عومه‌ر \وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

له‌وتووێێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌تیف شێخ عومه‌ر وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت" هۆکاری دواکەوتنی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و پارتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە برادەرانی پارتی نەیانتوانیووە کەبرادەرانی گۆڕان ڕازی بکەن بەوجۆرەی کە هەرسێکمان پێکەوە ئەو حکومەتە پێکبهێنین، کێشەکە لەنێوان گۆڕان و پارتیدایە، ئێمە ڕێککەوتنێکمان واژۆکردووە لەگەڵ پارتیدا چاوەڕێی ئەوەین ئەو ڕێکەوتنە جێ بەجێ بێت وەهەنگاوەکان دەست پێبکات بەڵام وا پێدەچیت گۆڕان لەسەر بەندێکی ئەو ڕێککەوتنەی ئێمە ڕازی نەبێت و "ته‌حه‌فوزی" هه‌بێت داواکاری چارەسەرێکی ترە لەبرادەرانی پارتی، ده‌شڵێت"بونی تێبینی لایه‌نێك له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنی دوو لایه‌نی تر له‌ڕووی "پرنسیبه‌وه‌" شتێكی نه‌گونجاوه‌، ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی به‌هیچ جۆرێك "ته‌حه‌فوز-مان" له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی پارتی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی تردا نه‌بووه‌، ئێمه‌ ڕێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتی كردووه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی بچینه‌ سه‌ر ڕێككه‌وتنی نێوان ئه‌وان و گۆڕان، هه‌روه‌ها له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌گه‌ر گۆڕان داوای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كرد یا جێگرێكی تر بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ یه‌كێتی، له‌به‌رامبه‌ر ڕازی بونی به‌ بونی جێگرێكی یه‌كێتی له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌تیف شێخ عومه‌ر وتی" له‌هیچ ئه‌گه‌رێكدا ئێمه‌ "داخڵی" دانوستان نابینه‌وه‌، دانوستانمان كردووه‌ و ته‌واومان كردووه‌، وه‌ك وتم ڕێككه‌وتنه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ پارتی وا داده‌نێین كه‌ واژۆكراوه‌، برادەرانی پارتی-ش ئەمەیان بەڕەوا زانیووە بۆ ئێمە كه‌ یه‌كێتی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی هه‌بێت ."هه‌روه‌ك ڕه‌تیكرده‌وه‌ یه‌كێتی ڕازی بێت بونی جێگرێكی تر له‌پشكی گۆڕان بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت."

"برادەرانی پارتی نەیانتوانیووە کەبرادەرانی گۆڕان ڕازی بکەن بەوجۆرەی کە هەرسێکمان پێکەوە ئەو حکومەتە پێکبهێنین."

دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر 3/4/2019 وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند" سه‌ركردایه‌تی پارتی و یه‌كێتی گه‌یشتونه‌ته‌ لێكتێگه‌یشتن، بۆ ڕۆژی دواتر له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ده‌نگی ئه‌مریكا له‌تیف شێخ عومه‌ر ڕایگه‌یاند" له‌چه‌ند ڕۆژی ئاینده‌دا پارتی و یه‌كێتی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ واژۆ ده‌كه‌ن."

لەسەرەتای وتووێژەکەدا، وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان پارتی و یەکێتی دەڵێت" کاتێکی دیاریکراو نیە بۆ واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنە چاوەڕێی ئەوەین کە برادەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاگادارمان بکەنەوە کە ئەوان گفتوگۆکانیان لەگەڵ گۆڕان تەواو بووە وە هیوادارم بەم زووانە بێت، وا-ش پێدەچێت بەپێی لێدوانەکانی برادەرانی پارتی بەم زووانە بێت."

وتیشی" هۆکاری دواکەوتنی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و پارتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە برادەرانی پارتی نەیانتوانیووە برادەرانی گۆڕان ڕازی بکەن بەوجۆرەی کە هەرسێکمان پێکەوە ئەو حکومەتە پێکبهێنین."

" ئەگەر ناوی بنێین کێشە، کێشەکە لەنێوان گۆڕان و پارتیدایە"

لەتیف شێخ عومەر لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا گۆڕان کێشەی لەگەڵ ئێوە هەیە وەک یەکێتی؟ یا لەگەڵ پارتی؟ دەڵێت" نەخێر ئەگەر ناوی بنێین کێشە، کێشەکە لەنێوان گۆڕان و پارتیدایە، ئێمە ڕێککەوتنێکمان واژۆکردووە لەگەڵ پارتیدا چاوەڕێی ئەوەین ئەو ڕێکەوتنە جێ بەجێ بێت وەهەنگاوەکان دەست پێبکات بەڵام وا پێدەچیت گۆڕان لەسەر بەندێکی ئەو ڕێککەوتنەی ئێمە ڕازی نەبێت وە داواکاری چارەسەرێکی ترە لەبرادەرانی پارتی."

سەبارەت بەوەی ئەو بەندە کامەیە کە گۆڕان تێبینی هەیە لەسەری و ڕازی نیە؟

لەیف شێخ عومەر وتی" ئه‌و بەندەیە کە ئێمە بە "ئیستحقاقی" خۆمانمان زانیووە جێگرێکی سەرۆکی هەرێم-مان هەبێت وە برادەرانی پارتی-ش ئەمەیان بەڕەوا زانیووە بۆ ئێمە بەڵام گۆڕان پێی وایە ئەمە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکەی ئەوانە کە پێشتر لەگەڵ پارتی هەیانبووە وە ناڕازین لەسەر ئەوە."

ڕاشیگەیاند" لەڕووی "پرەنسیبەوە" ئەوە نەگونجاوە، ئێمە هیچ تێبینیەکمان نەبووە لەسەر ڕێککەوتنی پارتی لەگەڵ هەر لایەکی تردا، ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵ پارتی-دا کردووە بەبێ ئەوەی بچینە سەر ڕێککەوتنی ئەوان و گۆڕان ئێمە تەنها داواکاری خۆمان داوەتە پارتی وە لەگەڵیاندا گفتوگۆمان کردووە تا گەیشتوینەتە ئەو ئەنجامە کە ئێمە لەسەرۆکایەتی هەرێم جێگرێکمان هەبێت وە جێگرەکەش بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکانی کوردستان بێت وە لەشوێنەکانی تریشدا ئێمە وەزیرمان هەیە وە سەرۆکی دەستەمان دەبێت."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا له‌ ڕێككه‌وتنه‌"سیاسیه‌كه‌ی" نێوان پارتی و یه‌كێتی-دا هاتووه‌ كه‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ یه‌كێتی ده‌بێت؟ وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی" لەڕێککەوتنە سیاسیەکەی نێوان پارتی و یەکێتیدا شتی گشتی و پره‌نسیب بووه‌ وه‌ ئه‌وه‌ش هاتووە کەدەبێت یەکێتی "شەریکی ڕاستەقینە" بێت لەهەموو جومگەکانی دەسەڵات و بڕیاردان بوونی هەبێت شانبەشانی پارتی تا ئەو ڕاستیە بسەلمێت کە ئێـمە لەدروستکردنی بڕیار ئامادەین وە ئامادەشین بۆ جێ بەچی کردنی بەرپرسیارێتیەکانمان."

"به‌هیچ جۆرێك ته‌حه‌فوزمان له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنی پارتی و گۆڕان نه‌بووه‌ "

سه‌باره‌ت به‌ تێبینی (ته‌حه‌فوزی)ی گۆڕان له‌سه‌ر به‌ندێكی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی به‌ پێی وته‌كانی خۆی، وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت" بونی تێبینی لایه‌نێك له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنی دوو لایه‌نی تر له‌ڕووی "پرنسیبه‌وه‌" شتێكی نه‌گونجاوه‌، ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی به‌هیچ جۆرێك "ته‌حه‌فوزمان" له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی پارتی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی تردا نه‌بووه‌، ئێمه‌ ڕێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتی كردووه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی بچینه‌ سه‌ر ڕێككه‌وتنی نێوان ئه‌وان و گۆڕان،ته‌نها داواكارییه‌كانی خۆمان داوه‌ به‌ پارتی لەگەڵیاندا گفتوگۆمان کردووە تا گەیشتوینەتە ئەو ئەنجامە کە ئێمە لەسەرۆکایەتی هەرێم جێگرێکمان هەبێت وە جێگرەکەش بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکانی کوردستان بێت وە لەشوێنەکانی تریشدا ئێمە وەزیرمان هەیە وە سەرۆکی دەستەمان دەبێت."

" قسه‌كه‌ی كاك سه‌عدی له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ته‌واو دروستبوو"

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وتی: هەبوونی جێگرێکی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ یەکێتی له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی كۆتایی هاتووە،وه‌ لانی کەمیش ئەوەی یەکێتی جێگری دووەم نیە.

له‌تیف شێخ عومه‌ر دوباره‌ جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ پێی پڕۆژه‌ی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ناوی جێگری یه‌كه‌م و دووه‌م نه‌هاتووه‌ ، ته‌نها باس له‌وه‌ كراوه سه‌رۆكی هه‌رێم دوو جێگری ده‌بێت، وتی" قسه‌كه‌ی كاك سه‌عدی له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ته‌واو دروسته‌ به‌پێی هه‌مواری یاساكه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم دوو جێگری ده‌بێت، جێگری یه‌كه‌م و دووه‌م نیه‌، ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بۆ كاروباری هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌."

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری نیگه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌و به‌نده‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی، له‌تیف شێخ عومه‌ر وتی" ئه‌وه‌ براده‌رانی خۆیان (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان) ده‌زانن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یخوێنینه‌وه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ گۆڕان ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ پارتی به‌و جۆره‌ بێت كه‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم مافی ئه‌وانه‌."

" یه‌كێتی زیادكردنی جێگرێك بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت ڕه‌تده‌كاته‌وه‌"

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری داواكاری گۆڕان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش جێگرێكی سه‌رۆكی حكومه‌تیان هه‌بێت ئایا یه‌كێتی ڕازی ده‌بێت؟

وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وتی" نه‌خێر، ئێمه‌ به‌هیچ جۆرێك ناچینه‌وه‌ دانوستان، دانوستانمان ده‌رباره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم ته‌واو "مه‌بده‌ئیه‌ن" له‌گه‌ڵ پارتی بڕاندۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی-دا بایی ئه‌وه‌نده‌ش متمانه‌ له‌نێوانماندا هه‌یه‌ كه‌ وه‌ك واژۆكراو وایه‌ له‌لای ئێمه‌ جاری تر ناچینه‌وه‌ دانوستانی ئه‌و بابه‌تانه‌ هیچیان."

به‌ڵام ئه‌گه‌ر گۆڕان داوای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كرد له‌ یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ر ڕازی بونی به‌ بونی جێگرێكی یه‌كێتی له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم؟

له‌تیف شێخ عومه‌ر وتی" له‌هیچ ئه‌گه‌رێكدا ئێمه‌ "داخڵی" دانوستان نابینه‌وه‌، دانوستانمان كردووه‌ و ته‌واومان كردووه‌، وه‌ك وتم ڕێككه‌وتنه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ پارتی وا داده‌نێین كه‌ واژۆكراوه‌."

" پارتی هه‌وڵی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نه‌داوه‌ له‌ داواكردنی پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم په‌شیمانیان بكاته‌وه‌

سه‌باره‌ت به‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا پارتی هیچ هه‌وڵێكی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی داوه‌ له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربونی له‌پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم پۆستی دیكه‌ی بۆ پێشنیار بكات؟ له‌تیف شێخ عومه‌ر ده‌ڵێت" به‌هیچ جۆرێك شتی وام نه‌بیستووه‌ پارتی هه‌وڵی وای له‌گه‌ڵ یه‌كێتی دابێت وه‌كو پێم وتن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ براده‌رانی پارتی-دا دانوستانمان ته‌واو كردووه‌."

"یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كاندیده‌كانی یه‌كێتی بۆ پۆسته‌كان"

ده‌رباره‌ی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كاندیدی پۆسته‌كانی حكومه‌ت له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ بۆ پشكه‌كانی خۆی له‌كابینه‌ی نوێ؟ له‌تیف شێخ عومه‌ر ده‌ڵێت" دوای واژۆكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی كه‌ ئه‌وان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ئێمه‌ش له‌و ماوه‌یه‌دا كاندیده‌كانی خۆمان یه‌كلایی ده‌كه‌ینه‌وه‌ و دیاری ده‌كه‌ین."

ڕه‌تیشیكرده‌وه‌ ناوی ئه‌و كاندیدانه‌ی باس ده‌كرێت له‌ میدیاكان به‌فه‌رمی كاندید كرابێتن و ده‌ڵێت" تا ئێستا له‌هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا باسی هیچ كاندید و كه‌سێك نه‌كراوه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:40 0:00

XS
SM
MD
LG