Accessibility links

فازڵ میرانی: بەبێ یەکێتی باش نیە حکومەت پێکبهێنین، بەڵام بەبێ یەکێتیش دەکرێت، وەک جاری پێشوو


Fazil Mirani
Fazil Mirani

له‌ وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت" پارتی و یەکێتی لەڕێگادان بەرەو ڕێککەوتن، بۆچونی ئێمە ئەوەیە کە هیچ کاممان "بەدیلی" ڕێککەوتنمان نیە چونکە بەرپرسیاريتیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی لە ئەستۆیاندایە، دەمێنێتەوە سەر ئەم وەزارەت کەمە یا زۆرە بەبۆچونی من لەسەر ئەوەش دەگەینە ڕێککەوتن، ده‌شڵێت"بەڵام بایکۆتکردنی پڕۆسەیەک كه‌ ڕەهەندی نیشتمانی هه‌یه‌ (کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم) بۆ بەمل ئێمەدا بێت؟ بۆ خەڵکی تر تاوانبار نەبێت کە بەشداری تێدا ناکەن؟! واجوانترە برادەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش چونکە سەرۆکی هەرێم هی هەرێم دەبێت بەتەنها سەرۆکی پارتی و گۆڕان و تورکمان و ئاشور نابێت سەرۆکی هەموو هەرێم دەبێت و ئەوانیش هاوڵاتی ئەم هەرێمەن، دەشڵێت" من پێشتر وتومە ئێمە حسابی کورسی لەگەڵ یەکێتی ناکەین بەڵام نابێت یەکێتی-ش چاوەڕێی پەنجا بەپەنجای جاران بێت."لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا یەکێتی چاوی لە پەنجا-بەپەنجای جارانە؟میرانی بەم جۆرە وەڵامی دایەوە و وتی" بە بۆچونی من بەوشێوەیە پەنجا بە پەنجا-ش نا، بەڵام پێیان خۆشە وە مافی خۆشیانە وەک یەکێتی" موڕاعات" بکرێن نەک وەکو 21 کورسی، بەبێ یەکێتی باش نیە حکومەت پێکبهێنین ، بەڵام بەبێ یەکێتیش دەکرێت، وەک جاری پێشوو، هەروەها وتی" کێ دەڵێت ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق نەکردووە؟ کاک هۆشیار چۆتە لای بەرهەم، کاک مەسرور-یش تێلفۆنی بۆ د.بەرهەم کردووە لەمەراسیمی دەستبەکاربونی سەرۆکی هەرێم و پێكهێنانی حكومه‌ت به‌فه‌رمی کاک بەرهەم بانگهێشت ده‌كه‌ین و ئامادە دەبێت و ئێمەش پێشوازی لێدەکەین، کاک بەرهەم "هارب-هەڵهاتوو" نیە لە ئێمە، تەواو بەرهەم بۆتە سەرۆک کۆماری عیراق ئێمە عیراقین و دەبێت قبوڵی بکەین، دوو برا لەماڵێکدا عاجزییان دەبێت ئاساییە، کاک بەرهەم دوو جار مافی هەیە لەو مەراسیمە بەشدار بێت جارێک وەک هاوڵاتی ئەم هەرێمە جارێک وەک سەرۆک کۆمار، لە بۆنەیەکی نیشتمانی وا گەورە بەدڵنیایی سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆک وەزیران و بەرپرسان و سەرکردە سیاسیەکان و نوێنەری وڵاتانیش بانگهێشت دەکەین، هەروەها ئاماژەی بەداواکارییەکانی یەکێتی کرد وە ئەو پۆستانەی پارتی بۆ یەکێتی پێشنیار کردووە."

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

" پارتی و یەکێتی لەڕێگادان بەرەو ڕێککەوتن."

لەسەرەتای وتووێژەکەدا میرانی وتی" پارتی و یەکێتی لەڕێگادان بەرەو ڕێککەوتن، بۆچونی ئێمە ئەوەیە کە هیچ کاممان "بەدیلی" ڕێککەوتنمان نیە چونکە بەرپرسیاريتیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی لە ئەستۆیاندایە پێشتر برای بەڕێز کاک شێخ لەتیف عومه‌ر وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمریکا دابوو کە دەڵێ ئێمە زیاتر لە ڕێککەوتنەکە نزیکین ئەوەش ئاماژەیەکی باش بوو."

دەربارەی ئەوەی ئێوە پێشتر دەتانوت یاسای هەمواری سەرۆکایەتی هەرێم ڕەهەندی نیشتمانی هەیە و پێویستە پێویستی بەسازان-ی هەموو لایەنەکانە بەڵام ئێستا بە ئێوە و گۆڕان پڕۆژەکە هەموار دەکەنەوە بێ یەکێتی و لایەنەکانی تر؟

"بەیەکێتیمان وتووە حەق نیە ئێوە لەبابەتی سەرۆکایەتی هەرێم بەشداری نەکەن "

فازیڵ میرانی لەوەڵامدا وتی" با بڕێک ڕاشکاوانە قسەبکەم ئومێدەوارم کەس دڵی لەمن نەڕەنجێت، بەڵێ ڕەهەندێکی نیشتمانی هەیە، بەڵام مادام ڕەهەندی نیشتمانی هەیە بۆ بەشداری ناکەن؟ خۆ سەرۆکایەتی هەرێم بەم وەزارەت و بەو وەزارەتەوە نیە، بەیەکگرتوو، کۆمەڵ و نەوەی نوێ و یەکێتی کە لێمان دەپرسین ئەم هەرێمە سەرۆکی دەوێت یا نا؟ دەیانوت دەیەوێت بەڵام دەبێت لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئێستا ئێمە هاتوینە سەر بیرو بۆچونی ئەوان بۆ ناکرێت بەشداری بکەن با بەشداری بکەن و کاندیدی خۆشیان هەبێت ڕکابەری کاندیدەکەی ئێمە بکات ئەمە پڕۆسەیەکی دیموکراسیە و ڕەهەندی نیشتمانیە، بەڵام ئەوان بڵێن ڕەهەندی نیشتمانی هەیە ناشبێت بێ ئێمە پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت بەڕاستی ئەمە ناکرێت، ناکرێت ئەم بلۆکە بۆ پارتی دابنێن،پارتیش "مەعقول نیە" دوای ئەم هەموو خەباتە چاوەڕێی ئەوە بکات کە "فڵانەکەس لەگەڵ من بێت" یا ڕێگربێت، ئەرکی خۆمان بەجێ دەگەیەنین بەڵام مافی ئێمەش ئەوەیە کە ئەم حیزبانە بێن لەگەڵمان سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرین و ئەویش سەرۆکی حکومەت ڕابسپێرێت، لەسەر حکومەت لەگەڵ برادەرانی گۆڕان ڕێککەوتنمان کردووە لەگەڵ برادەرانی یەکێتی-ش گەیشتوینەتە نیمچە ڕێککەوتنێک" سیاسیەن ڕێککەوتنمان کردووە."دەمێنێتەوە سەر ئەم وەزارەت کەمە یا زۆرە بەبۆچونی من لەسەر ئەوەش دەگەینە ڕێککەوتن، بەڵام بایکۆتکردنی پڕۆسەیەکی ڕەهەندی نیشتمانی بۆ بەمل ئێمەدا بێت؟ بۆ خەڵکی تر تاوانبار نەبێت کە بەشداری تێدا ناکەن؟ "حەقە ئەو پرسیارە لەهەردولامان بکرێت."

میرانی ئەوەشی وت" بەیەکێتیمان وتووە حەق نیە ئێوە لەبابەتی سەرۆکایەتی هەرێم بەشداری نەکەن چونکە ئەوە ئێمە شەش مانگە وەستاوین لەپاڵ ئەوەشدا دەستمان کردووە بە پڕۆسەکە وە داواش لەشەریکەکانی خۆمان دەکەین بێن لەگەڵمان بەشدار بن لەپێش هەمویانەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وە گەشبینیشین کە بێن بەشداری بکەن لە پڕۆسەی کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم، وە بۆ بەشداریش لەحکومەت بەهەمان شێوە گەشبینین چونکە جیاوازییەکی کەم لەنێوان خواستەکانی یەکێتی و ئێمەدا هەیە لێکنزیکبونەوە لەدانوستانەکاندا هەیە."

بەڵام پێتان وانیە تێپەڕاندنی یاساکان و کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بێ یەکێتی کێشە لە ئایندەدا دروست بکات؟

میرانی له‌وه‌ڵامدا دەڵێت" لەڕووی "جەوهەرەوە" بەڵێ "کامڵ" و یاساییە ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران دەنگی پێدەدەن کە(68) پەرلەمانتارن، بەڵام لەڕووی "مەزهەر"ەوە بەڵێ واجوانترە برادەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش جونکە سەرۆکی هەرێم هی هه‌موو هەرێم دەبێت بەتەنها سەرۆکی پارتی و گۆڕان و تورکمان و ئاشور نابێت سەرۆکی هەموو هەرێم دەبێت و ئەوانیش هاوڵاتی ئەم هەرێمەن."

"یەکێتی بەشێوەی جاران داوای پەنجا بەپەنجا ناکات بەڵام پێیان خۆشە موڕاعات" بکرێن نەک وەکو 21 کورسی"


دەربارەی داواکاری یەکێتی؟ سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی" سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی پەروەردە و کشتوکاڵ و بەڕێوەبەری گشتی لەفەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە )مان پێداون بەڵام ڕازی نەبوون، یەکێتی هاتونەتە سەر ئەوەی کە جێگرێکی تر بۆ سەرۆکی هەرێم یا یاریدەدرێک بۆ سەرۆکی هەرێم هەبێت، بەبۆچونی من "ئەمە بۆچونی خۆمە نەک پارتی" حەقە پارتی ڕازی بێت بۆ جێگرێکی تر نا بۆ سەرۆکی هەرێم بەڵکو بۆ یاریدەدەری سەرۆکی هەرێم حەقە ڕازی بێت چونکە ئەگەر یەکێتی لەناو پڕۆسەکە نەبێت تەنها یەکێتی زیان ناکات بەڵکو هەموومان زیان دەکەین وە بەشداری یەکێتی تەنها یەكێتی قازانج ناکات هەموومان قازانج دەکەین یەکێتی داوای پێنج-شەش وەزارەت دەکات من دەڵێم دەکرێت پێنج وەزارەت و وەزارەتێکی هەرێمیشیان بدرێتێ، من وتومە ئێمە حسابی کورسی لەگەڵ یەکێتی ناکەین بەڵام نابێت یەکێتی-ش چاوەڕێی پەنجا بەپەنجای جاران بێت."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا یەکێتی چاوی لە پەنجا-بەپەنجای جارانە؟

میرانی بەم جۆرە وەڵامی دایەوە و وتی" بە بۆچونی من بەوشێوەیە پەنجا بە پەنجا-ش نا، بەڵام پێیان خۆشە وە مافی خۆشیانە وەک یەکێتی" موڕاعات" بکرێن نەک وەکو 21 کورسی."

سەبارەت بەوەی ئەگەر نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی، بێ ئەوان حکومەت پێکدەهێنن؟

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی" بەبێ یەکێتی باش نیە حکومەت پێکبهێنین ، بەڵام بەبێ یەکێتیش دەکرێت، وەک جاری پێشوو."

"لەمەراسیمی دەستبەکاربونی سەرۆکی هەرێم و پێكهێنانی حكومه‌ت کاک بەرهەم ئامادە دەبێت"

دەربارەی ئەوەی هه‌ندێك ده‌ڵێن ئەگەر سەرۆکایەتی هەرێم بەبێ یەکێتی کارابکرێتەوە چۆن پارتی مامەڵە لەگەڵ (د.بەرهەم) سەرۆک کۆماری عیراق ناکات، یەکێتیش بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا ناکات؟

میرانی بەم جۆرە وەڵامی دایەوە و وتی" کێ دەڵێت ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ نەکردووە؟ کاک هۆشیار چۆتە لای بەرهەم، کاک مەسروری-ش تێلفۆنی بۆ کردووە لەمەراسیمی دەستبەکاربونی سەرۆکی هەرێم کاک بەرهەم ئامادە دەبێت، کاک بەرهەم "هارب-هەڵهاتوو" نیە لە ئێمە، تەواو بەرهەم بۆتە سەرۆک کۆماری عیراق ئێمە عیراقین و دەبێت قبوڵی بکەین، دوو برا لەماڵێکدا "عاجز"ییان دەبێت ئاساییە، کاک بەرهەم لەمەراسیمی دەستبەکاربونی سەرۆکی هەرێم دەستبەکاردەبێت و ئێمەش پێشوازی لێدەکەین."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا سەرۆک کۆماری عیراق بەفەرمی بانگهێشت دەکەن؟

فازیل میرانی وتی" ئەی چۆن بانگی ناکەین، کاک بەرهەم دوو جار مافی هەیە لەو مەراسیمە بەشدار بێت جارێک وەک هاوڵاتی ئەم هەرێمە جارێک وەک سەرۆک کۆمار، لە بۆنەیەکی نیشتمانی وا گەورە بەدڵنیایی سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆک وەزیران و بەرپرسان و سەرکردە سیاسیەکان و نوێنەری وڵاتانیش بانگهێشت دەکەین."

"وه‌ك حیزب مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ده‌كه‌ین نەک وەک مەزاجی هەندێک شەخس و کەس"

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی پێتان وایە لەناو یەکێتیدا ئاڕاستەیەک هەبێت بۆ ئەوەی نەیەوێ یەکێتی لەگەڵ پارتی ڕێك بکەوێ؟

میرانی وتی" ئێمە و یەکێتی لە 1991 وە ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەین، لەسەخترین حاڵەتدا شەڕمان کردووە لەباشترینیش پێکەوە حکوممان کردووە كاولمان کردووە و ئاوەدانیشمان کردۆتەوە پێکەوە شەڕی داعشمان کردووە، یەکێتیش وەک ئێـمە حەزی لە ئاوەدانی ئەم وڵاتەیە بۆیە وەک حیزب مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکەین نەک وەک مەزاجی هەندێک شەخس و کەس."

دەربارەی ئەوەی ئەوەی ئەگەر یەکێتی بەشداری حکومەتی نەکرد پێتان ئاساییە دوو ئیدارەیی ڕابگەیەنێت؟

فازڵ میرانی وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ پرسیاری ڕۆژنامه‌نوسه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا( ژیار محه‌مه‌د ) به‌م جۆره‌ بوو " من وەڵامەکەم لە پرسیارەکەی سەرەتای "تۆ وە" دروست ده‌كه‌م، باشە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ڕەهەندی نیشتمانی زیاترە یا دوو ئیدارەیی و بەش بەش کردنی ئەم وڵاتە؟ ئەگەر یەکێتی خۆیان بە بەرژەوەندی خۆیان دەزانن با بیکەن هەرچەندە ئێمە نامانەوێت ئەو ئەگەرە دانێین، بەڵام خەڵکیش قبوڵی ناکات بەدڵنیایی."

please wait

No media source currently available

0:00 0:11:03 0:00

XS
SM
MD
LG