Accessibility links

کارۆخ ئیبراھیم تێڕوانینی خۆی بۆ هونەری سەر شانۆ لە هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو


لە رۆژی جیھانی شانۆداکارۆخ ئیبراھیمی شانۆکار و مامۆستای پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی ھەولێر، رەخنە لە نەبوونی فێرگەی تایبەت بە ھونەری شانۆ دەگرێت و دەڵێت ئێمە ئەو کاتە دەتوانین فێرگەیەکی گونجاو بۆ شانۆ دروستبکەین، کە ھەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەرمانن بە ئەکادیمییان بکەین، نزیکەی دە پەیمانگای تایبەت بە ھونەر لە ھەرێمی کوردستاندا ھەن، تاوەکو ئێستا کاریان لەسەر ھەبوونی کادیری باش کە تایبەت بێت بە شانۆ نەکردووە و وایان لە خەڵک نەکردووە خواستی لەسەر شانۆ بێت. گومانیش لەوەدا نییە قوتابی ئێمە لە خۆشەویستییەوە ناچێتە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان بۆ ئەوەی لەوێوە فێری ھونەر بێت، بەڵکو بەشێکی زۆریان دەیانەوێت خۆیان لە قۆناغی ئامادەیی رزگار بکەن.

پرسیار: شارچییەتی تا چەندە رۆڵی خراپی ھەبووە لەوەی ناوبانگی شانۆکارەکانی سلێمانی ھەر لە سلێمانی بمێننەوە و ئەوەی ھەولێر ھەر لە ھەولێر و شارەکانی دیکەیش بە ھەمان شێوە؟

وەڵام: شانۆکاری ئێمە نەیتوانیووە جیاواز بێت لەو کۆمەڵگایەی کە ھەیە، شانۆکارانی کورد بەشدارن لەو ھەموو دابەشبوونانەی کە بە پێی رووداوەکان بە دوای یەکتریدادێن. لە کوردستاندا ئێمەی شانۆکار نەمانتوانیووە ببین بە سییەکی باش، تا کۆمەڵگا بەھۆی ئێمەوە ھەناسە بدات. وەک چۆن لە سەردەمی شەڕی براکوژی، کۆمەڵگای کوردی دابەش بوو بۆ سەر زۆنی سەوز و زەرد، خۆ شانۆکاران و ھونەرمەندانیش بەشێک بوون لەو دابەشبوونانە و بوونە خاوەنی کۆمەڵەی ھونەرمەندان و یەکێتی ھونەرمەندانی کوردستان، بۆیە لەبەر ئەوەی شانۆکاری ئێمە لە ژێر کۆمەڵێک ئایدیای حزبییە، کەواتە شانۆش لەت دەبێت!

دەنگی ئەمریکا لە کارۆخ ئیبراھیم دەپرسێت:

کەسانێک کراون بە رێبەری شانۆی کوردی، کە لە ھەموو بۆنە و فێستیڤاڵەکان ھەر ئەوانن قسە دەکەن، کێ ئەو کەسانەی دروستکردووە؟

کارۆخ ئیبراھیم گوتی: ئەو کەسانەی ئەو دێوەزمانەیان دروستکردووە، دیسان شانۆکارەکانن چونکە شانۆکاری ئێمە ئەوەندە ترسی لە دەربڕینی ھەڵوێست و گوتنی راستییەکان ھەیە و ئەوەندە بیر لە بەرژەوەندی کاتی دەکاتەوە، بیر لەوە ناکاتەوە کە شانۆیەکی راستەقینە دروستبکات، بۆیە تا ئێستایش شانۆ لە کوردستاندا لە ژێر رەحمی کۆمەڵێک چەتە و مافیا بەڕێوە دەچێت.

ئەو چەتە و مافیایانەی خۆیان وەک فریادڕەسی شانۆ پێشاندەدەن، لە کاتێکدا نەخۆشی شێرپەنجەن بۆ شانۆی کوردی!

کارۆخ ئیبراھیم لە بارەی رۆڵی ژنە شانۆکارەکانەوە دەڵێت بوون بە ژنە شانۆکارێکی بەتوانا، بە خۆنمایشکردن نییە بەڵکو دەبێت باس لەو کێشانە بکات کە ژنی کورد لە کۆمەڵگای کوردییدا ھەیەتی. بۆیە ناکرێت ھەر ژنێک لەسەر شانۆ بەشێکی جەستەی خۆی پێشان دا ئیدی ئێمە ئەوەندە لاواز بین و بڵێین ئەوە ژنە شانۆکارێکی داھێنەرە، ئاخر ئەو سەردەمە رۆیشتووە، وە شانۆ ئەوەندەی پەیامە، خۆ نمایشکردن نییە.

پرسیاری کۆتایی: کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی ھەولێر، لەوەتەی ھەیە کێشەی بینا و وانەبێژی ھەیە، ئەم کێشەیە ئەوندە قورسە کە چارەسەر نەکرێ؟

وەڵام: پرسی ھونەر بە گشتی، تاوەکو نەبێتە پلان و نەخرێتە ناو بەرنامەی حکومەت، ھەروا وەک پاشکۆ دەمێنێتەوە. ئەمە پەیوەندی بە ئەوەوە نییە بۆ لە کوردستاندا شانۆ لاوازە؟ بەڵکو لە پشت ئەمەدا کەسی گەورەتر ھەن کە دەیانەوێت خەونی شانۆ بە لاوازی پێشانبدەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:25 0:00

XS
SM
MD
LG