Accessibility links

حاجی کاروان: یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان باجی ریفراندۆمی دا


لە ماوەی پێشوودا، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆی راگەیاند. ئەم بڕیارە لە دوای ئەوەوە ھات کە لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ھەرێمی کوردستاندا، ژمارەی کورسییەکانی بوو بە نیوە و لە (١٠) کورسییەوە بۆ( ٥) کورسی کەمی کرد.

لە بارەی بڕیاری بە ئۆپۆزیسیۆنبوونی حزبەکەی، (حاجی کاروان) ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان گوتی:

کە یەکگرتوو لە حکومەتدا بوو خزمەتی باشی کرد و جێ دەستیشمان دیار بوو. بەڵام دواتر بۆمان دەرکەوت بەشداربوونی ئێمە بەشداربوون نییە لە دەسەڵات، کە لە جومگەی دەسەڵاتیش نەبوویت تەنیا عەیبدارییت بۆ دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی بڕیارە قورسەکانی وەك پارە و سیاسەت لە لای حزبە دەسەڵاتدارەکان دەبن. بۆیە دوای را و پێشنیار، سەدا ھەشتای ئەندامانی یەکگرتوو لەگەڵ ئەوە دابوون یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ببێتە ئۆپۆزیسیۆن.

ھەر لەم گوتووێژەدا (دەنگی ئەمریکا) لە (حاجی کاروان)ی پرسی: ئێوە لە دوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ھەرێمی کوردستان بڕیارتاندا ببن بە ئۆپۆزیسیۆن، ژمارەی کورسییەکانتان بە دڵ نەبوو؟

وەڵامی ئەو وەھا بوو:

نەخێر.. لەبەر ئەوە نەبوو، خۆ ئەگەر وەکو جاران دە کورسیمان ھەبوا،لەوانەیە ھەر ئەو بڕیارەمان بدایە

گرفتەکە ئەو کاتە دروستبوو: ئێمە وەزارەتی کارەبامان لەلابوو، بڕیار وابوو بودجەی باشی بۆ تەرخان بکرێ، کە نەکرا.. ئێمە وەك یەکگرتوو عەیبدار بووین. وە ئەو کاتەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیشمان لە ژێر دەستدا بوو.

ئەو کارەی لەو وەزارەتە وەزیرەکەی ئێمە کردی، کەم وەزیر لە وەزارەتەکەی خۆی کردی. ئەو چەندان گەندەڵی ئاشکرا کرد، بەڵام یەکگرتووی ئیسلامی لە جیاتی ئەوەی بۆ بەشداربوونی لە حکومەت دەستخۆشی لێبکرایە، بە پێچەوانەوە شکێندرایەوە.

پرسیار: پێشنیارتان بۆ ھیچ حزبێکی دیکە کردووە تا ببێ بە ئۆپۆزیسیۆن؟

وەڵام: پێشنیارمان نەکردووە، ھەمووان ئازادن. پێشووتریش کە بەرەیەکی ئیسلامیمان لەگەڵ کۆمەڵ و بزووتنەوە پێکھێنا و دواتر جیابووینەوە، لەبەر خاڵە ناکۆکەکانمان نەبوو.. بەڵکو ھەوڵی زۆرماندا ئەم بەرەیە بەردەوام بێ بۆ ئەوەی لایەنگرانی ئایینی ئیسلام بەیەك چاو سەیری ھەمووان بکەن. بەڵام لە پاش ھەوڵێکی زۆر بەداخەوە نەگەیشتینە ئامانج چونکە بە دەمەوە نەھاتن ھەبوو و ئەو لیژنەیەیش کە لە ناو لایەنە سیاسییەکام نێوەندگیری دەکرد، بەیاننامەیان دەرکرد و ھەوڵی خۆیاندا بەڵام پرۆسەی یەکگرتنەکە زۆر لەوە گەورەتر بوو کە لە ھەندێك بابەتی سیاسی نەگەن بە یەك.

( دەنگی ئەمریکا) ئەوە بەبیری ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دێنێتەوە کە لە کاتی ریفراندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان گوتبووی: لەجیاتی‌ ریفراندۆمێك دووان لەناوچە جێناكۆكەكان دەكەین، وە دەپرسێ: بەشێك لەپاشەكشەكەی‌ یەکگرتوو ھی ئەوە نەبوو‌ كە باجی‌ ریفراندۆم‌ و پشتكردنە بەرەی‌ ئۆپۆزسیۆنی دا؟

لە وەڵامی ئەمەدا ( حاجی کاروان) گوتی:

گومانی تێدا نییە، یەکگرتوو نەك ھەر باجی ریفراندۆمی دا بەڵکو باجی نێوەنگیری نێوان پارتی و یەکێتی دا، وە جگە لەوانە باجی ئەوەیشماندا کە پەرلەمانمان کارا کردەوە. ئێمە گوتمان: ریفراندۆم رێگەیەکە بۆ سەربەخۆیبوون، بەڵام ئەم ھەلە لە لایەن چەند کەسێکەوە قۆزرایەوە بە ناوی ئەوەی کە یەکگرتوو پشتیوانی لایەنێکی دیاریکراو دەکات دژایەتی کراین و وا تەفسیری بۆ کرا کە یەکگرتوو بەم بڕیارەی پشتی لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن کردووە، بەڵام ئەمە بابەتێکی چەواشەکاری بوو.

پرسیارێکی دیکە: نێوانتان لەگەڵ نەوەی نوێ چۆنە؟

وەڵام: لە کاری پەرلەمانی بەیەکەوە کاردەکەین، بەڵام تا ئێستا ھیچ رێککەوتێنێك لە نێوانماندا نییە. ئێمە لە ھەڵوێستەکانمان خاوەن باوەڕی خۆمانین و بە قسەی ئەم و ئەو ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆمان ناکەین، وە ھیچ کاتێك لە ھەڵوێستەکانی خۆمان پەشیمان نابینەوە.

پرسیاری کۆتایی: یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئایینی دەوێ یان دەسەڵات؟

نا.. ئەگەر دەنگیشمان بوێ بۆ خزمەتکردنی ئایینە. ئایین لای ئێمە واتە خزمەتکردنی وڵات، چونکە ئەمە فەرمانی خوای گەورەیە.. ئەگەر رۆڵمان ھەبێ لەوەی ھاوڵاتیانی کوردستان برسی نەبن، لای ئێمە ئەوە ئایینە، بازرگان ھەیە بازرگانی بە ئایین دەکا و ھی واش ھەیە بازرگانی بۆ ئایین دەکا، ئێمە لە ئەوانەین کە بازرگانی بۆ ئایین دەکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:23 0:00

XS
SM
MD
LG