Accessibility links

بڵێسە جەبار: بەرپرسی خاڵە سنۆریەکان بانگهێشتی پەرلەمان کراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت


بڵێسە جەبار ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نشتیمانی كوردستان و لە هەمان كاتدا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت ئەم هەفتەیە بەرپرسی خاڵە سنووریەکان بانگهێشتی پەرلەمان کراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت لەسەر داهاتی ئەو خاڵە سنووریانە ئەمەش دیسان کێشەیەکە کە هەرێم لەگەڵ بەغدادا هەیەتی ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی ئـەوەی داوە کە پابەند بێت بەو بڕیارانە یان بەو یاسایانەی کە لە عێراقدا هەیە ، تا ئێستا هیچ بەرمیلە نەوتێک ڕادەست نەکراوە ئەوە سێ مانگە گفتوگۆی ئەوە دەکرێت کە چۆن هەوڵ بدرێت ئیجرائات بکرێت بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان ئێمە لە ناو پەرلەمانی عێراقدا ڕۆژانە لەگەڵ نوێنەرەکانی پارێزگاکانی تردا لە مشتومڕداین ئـەوان پێیان وایە کە ئـەمە بەشە بودجەی پارێزگاکانی ئەوانە دەدرێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان گەر هاتوو بەشە بودجەی هەرێم کەمکرایەوە ئـەوکاتیش هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت موچەکە بەو شێوازە ڕادەستی فەرمانبەرانی بکات، مەبەستمان ئەوەیە هاووڵاتیان ئاگادار بکەینەوە بۆ ئـەوەی ئیجرائات بکرێت ئـەو هەموو قەیرانەی کە لە هەرێمدا هەیە دووبارە تووشی نەبینەوە ، ئێمە لێرە چوار ئەندامی سەرکردایەتین لە فڕاکسیۆنی یەکێتی نشتیمانی کوردستان وە حیزبەکەی خومان ئاگادارکردووتەوە بەڵام ئێمە نوێنەری گەلیشین لێرە بۆیە پێداگیری لەسەر ماف و ئیمتیازاتی هەرێمی کوردستان و ئستیحقاقاتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین.

پرسیار : هیچ ویست و خواستێک هەیە لە نێو پەرلەمانی بەغدادا کەوا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کەمبکرێتەوە واتا یاساکە هەمواربکرێتەوە ؟

وەڵام : بێگومان لایەنەکان لە هەوڵی ئـەوەدان وە هەرکات کۆمەڵێک واژوو کۆکرایەوە وە خرایە بەرنامەی کارەوە هەموو یاسایەک دەتوانرێت هەمواربکرێتەوە بەڵام ئێمە هەوڵمان داوە کەوا نەهێڵین بگاتە ئەوە هیوادارم کە حکومەتی هەرێمیش هاوکارمان بێت لەو مەسەلەیەدا.

پرسیار : لە بودجەی 2019 دا هاتووە کە هەرێم دەبێت رۆژانە 250 هه‌زار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات ئـایا هەرێم نیازی پابەندبونی هەیە یاخود نا؟

وەڵام : تا ئێستا هیچ بەرمیلە نەوتێک ڕادەست نەکراوە ئێمە لە ناو پەرلەمانی عێراقدا ڕۆژانە لەگەڵ نائیبەکانی تردا لەگەڵ نوێنەرەکانی پارێزگاکانی تردا لە مشتومڕداین کە دەگوترێت هەرێمی کوردستان بەشە بودجەیەکی زۆریان بردووە وە ئـەوان پێیان وایە کە ئـەمە بەشە بودجەی پارێزگاکانی ئەوانە دەدرێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بویە لە بیرکردنەوەدان و لە هەوڵی ئـەوەدان ئیجرائاتێک بدۆزنەوە بۆ راگرتنی هەناردەکردنی ئەو بڕە پارەیە و من بە پێویستم زانی لە ئێستادا ئـەو بەرچاو ڕوونیە بدەمە هاووڵاتیان و حکومەت و ئەحزاب و لایەنەکانی تر کە لە ناو پەرلەمانی عێراقدا بەو جۆرە گفتوگۆ دەکرێت بۆ ئەوەی ئێمە ئاگاداربین بۆ ئەوەی شەقام ئاگادار بێت کە ئێمە لێرە بە ئەرکی سەرشانی خۆمان هەستاوین و توانیومانە بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی 2019 دا دەستنیشان بکەین بەو بڕگانەی کە تیایەتی و حکومەتی هەرێمیش ئەو کات وەفدی هەبوو و لیژنەی هەبوو و ناردبوی و ڕازی بوو بەو بڕە نەوتەی کە دانراوە ڕادەستی بکات بەڵام ئەوە سێ مانگە هیچی ڕادەست نەکردووە و لێرە گفتوگۆی ئەوە دەکرێت کە چون هەوڵ بدرێت ئیجرائات بکرێت بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان.

پرسیار : توانراوە موچەی فەرمانبەران لە کێشەی داهاتی ناوخۆش لابدرێت وەک چۆن لە موازەنەدا لە کێشەی نەوت لادرا و دەقەکە بە شێوازێک داڕێژرا کە دەست بۆ پشکی هەرێم لە موچەی فەرمانبەران نابڕێت ، بەڵام گەرەنتی لەو بارەیەوە چییە ؟

وەڵام : خوی کێشەکە ئـەوەیە کە گەرەنتی نیە ئێمە لێرە ڕۆژانە لە هەوڵ و شەڕ و مشتومڕی ئـەوەداین کەوا نەهێلین موچەی فەرمانبەران ببڕدرێت بەڵام گەر هاتوو بودجەکە کەمکرایەوە وە ئـەوکات ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان موچەکە وەک خوی بدات ؟ ئـەوەش پرسیارێکە وە ئـەوە ئیشی هاوڕێ و هەڤاڵانمانە لە پەرلەمانی کوردستان کە چاودێری ئـەوە بکەن بەڵام بێگومان گەر هاتوو بەشە بودجەی هەرێم کەمکرایەوە ئـەوکاتیش هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت موچەکە بەو شێوازە ڕادەستی فەرمانبەرانی بکات .

پرسیار : تێبینی و ڕەخنەکانی ئـێوە لە حکومەتی بەغدا چین؟ بۆچی بەغداد هیچ ئالیەتێکی تر شک نابات لە هەموو کێشەیەکدا تەنها پارەی فەرمانبەرانی بەدەستەوە بێت هەڕەشەی بڕینی بکات ؟

وەڵام : هەڕەشەی بڕینی موچەی فەرمانبەران نەکراوە ئیجرائات دەکرێت ئیجرائات کەمکردنەوەی بودجەیە بەڵام لەبەر ئـەوەی جیاوازی هەیە لە نێوان ئـەو موچەخورانەی کە لە لایەن عیراقەوە موچەیان بۆ دەنێردرێت خۆتان دەزانن لە هەرێم موچەخوری زۆر زۆر زیاتر هەیە وەک ئـەوەی کە لە بەغدا بە ڕەسمی ناونووسکراوە و بەغدا ئـەو پارەیەی که دەنێردرێت بەشی هەموو موچەخورانی هەرێم ناکات وە هەرێم دەبێت لە داهاتی ناوخۆی خۆی ئەوە پڕ بکاتەوە واتا مەبەستەکە لێرە ئـەوەیە که نەقس دەهێنێت کە بودجە کەمکرایەوە و ئەو کات ئەو موچەیەش بەو شێوەیە ناتوانرێت بدرێت بە هاووڵاتیان.

پرسیار : ئایا بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی خەمڵێندراو دەدرێت یاخود بودجەی فعلی ، ئەگەر فعلی بێت هەرێم چەندی پێ دەدرێت ؟

وەڵام : ئێمە مەبەستمان ئەوەیە کەوا ئەحزاب لەم مشتومڕەی کەلە ناو پەرلەماندا هەیە ئاگاداریان بکەینەوە وە هاوڵاتیان ئاگادار بکەینەوە بۆ ئـەوەی ئیجرائات بکرێت ئـەو هەموو قەیرانەی کە لە هەرێمدا هەیە دووبارە تووشی ئـەو هەموو قەیرانە نەبینەوە ئێستا هاوڵاتیانی هەرێم موچەخۆران دڵیان خۆشە بەوەی کەوا مانگانە موچەکەیان لە کات و ساتی خۆیدا دێت وە بەبێ پاشەکەوت موچەیان دەدرێتێ ئێمە دەمانەوێ ئـەم گەرەنتیە بەردەوام بێت و دەمانەوێ هەرێم دووبارە ببوژێتەوە وە ئـەو بەڵێنانەی کە هەرێمیش بە بەغدای داوە پێوەی پابەند بێت بۆ ئـەوەی دووبارە توشی ئـەو کێشانەی پێشووتر و ئـەو قەیرانانەی پێشووتر نەبینەوە مەبەستەکەمان تەنها ئـەوە بووە و ئەوەمان خستووەتەڕوو.

لـە ئێستادا موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بەگشتی لە هەرێمی کوردستاندا بەبێ پاشەکەوت دەدرێت ئـایا بەبوچونی بەڕێزت کە لە بەغدای ئـەمە بەردەوامی دەبێت یاخود نا ؟

وەڵام : تاوەکۆ ئـێستا ئێمە هەوڵمان داوە کە بەو شێوەیە بمێنێتەوە و بەو شێوەیە بەردەوام بێت بەڵام ئیجرائاتی داهاتوو لە ناو پەرلەمان لە لایەن پەرلەمانتارانی ترەوە چی دەبێت نازانم وە حکومەتی ئێرەش بەهەمان شێوە ئیجرائاتی تر چی دەبێت ئـەوەش ئاگادارنیم بەڵام بێگومان ئیجرائات دەکەن .

پرسیار : ئـەندامێکی ئـەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە فڕاکسیۆنە کوردیەکانە دەڵێت دەمەوێت رایگشتی خەڵکی کوردستان لەو راستیە ئاگادار بکەمەوە کە ئەگەر هەرێم بەزویی هەنگاو نەنێت بە ئاڕاستەیەک کە مامەڵەیەکی شەفاف لەگەڵ داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆدا بکات دەبێت بزانێت کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو کێشانە یەخەمان دەگرنەوە و ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوامی نابێت ، بەبوچونی ئێوە دەبێت حکومەتی هەرێم چی بکات بەدیاریکراوی ؟

وەڵام : حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی ئـەوەی داوە کە پابەند بێت بەو بریارانە یان بەو قەوانینەی کەلە عێراقدا هەیە وە بێگومان ئـەوە بەدەر لە هەناردەکردنی نەوت خاڵە سنۆریەکانیش دەگرێتەوە و ئەوە ئەم هەفتەیە بەرپرسی خاڵە سنۆریەکان بانگهێشتی پەرلەمان کراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت لەسەر داهاتی ئەو خاڵە سنۆریانە وە بەشێکی ئـەو خاڵە سنۆریانە داهاتەکانی دەبێت ڕادەستی حکومەتی فیدرالی بکاتەوە کە ئەمەش دیسان کێشەیەکە کە هەرێم لەگەڵ بەغدادا هەیەتی ئەم کێشانە دەبێت بە زوترین کات چارەسەر بکرێن ئـەگەر نا ئیجرائات بەدوای خویدا دەهێنێت .

پرسیار : جەنابت لە حیزبێکی گەورەی هەرێمی کوردستانی واتا ئـەو حیزبانەی کە حوکمڕانن ، پارتی و یەکێتی لە ئێستادا حوکمڕانن لە هەرێمی کوردستان، بەرپرسە باڵاکانی حیزبەکەی خۆت لەوە ئاگادارکردووتەوە کە مەترسی ئـەوە دەبێت لە داهاتوودا ئـەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت ؟

وەڵام : بێگومان ئێمە لێرە چوار ئەندامی سەرکردایەتین لە فڕاکسیۆنی یەکێتی نشتیمانی کوردستان وە حیزبەکەی خومان ئاگادارکردووتەوە بەڵام ئێمە نوێنەری گەلیشین لێرە وە بویە پێداگیری لەسەر ماف و ئیمتیازاتی هەرێمی کوردستان و ئستیحقاقاتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین .

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:32 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG