Accessibility links

ئیبراھیم عەباس: تۆمەتەکانی نەوەی نوێ ھەمان ئەو تۆمەتانە بوون کە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆیان دروست کردم


لەم گوتووێژەی (دەنگی ئەمریکا) دا (ئیبراھیم عەباس)ی رۆژنامەنووس باس لەو تۆمەتانە دەکات کە حزبە کوردییەکان بۆ ئەندامەکانی خۆیان دروستیدەکەن، کاتێک لەحزبەکەیان یاخی دەبن و دێنە دەرەوە. بە بڕوای ئەو ئەم دیاردەیە مێژوویەکی کۆنی ھەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان کاتێک کە خەڵکی شۆڕشگێڕ لە ھەرێمی کوردستانەوە دەچن بۆ ھاوکاری کۆماری کوردستان، لە ئەوێ خەڵکانێک ناو و ناتۆرەیان لێدەنێن: ئەمانە پیاوی ئینگلیز و رووسیان! وە ھەژاری موکریانی باسی قانعی شاعیر دەکا و دەڵێت: چونکە قانیع سەری بۆ کەس دانەدەواند، دەیان راپۆرتی لەسەر دەنووسرا کە گوایا ئەو پیاوی ئینگلیزە، لە کاتێکدا قانیعی شاعیر تەمەنی حەفتا ساڵ بووە، زۆریش ھەژار بووە و ئەوە ناکرێ کەسێک جاسووس بێ و نانی نەبێت بیخوات.

وە ئەم دیاردەیە لە دووبەرەکی ١٩٨٤ یش دووبارە بینرا، کاتێک کە دووبەرەکی کەوتە ناو شۆڕش، شۆڕشگێڕەکان ھەستان بە شکاندنی کەسایەتی یەکتری، دواتر لە شەڕی ناوخۆش درێژەی ھەبوو.

لە وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمریکادا: ئەگەر حزبە دەسەڵاتدارەکان بە رەخنە دەسەڵاتییان بکەوێتە ژێر مەترسییەوە، ئەی حزبەکانی دیکە بۆچی ھێندە توند بەرپەچی رەخنەگران دەدەنەوە؟

ئیبراھیم عەباس گوتی: ئەگەر حزبی دایک پارتی دیموکراتی کوردستان بێ، ھەموو حزبەکانی دوای ئەو بۆ ماوەیەکی بچووک دەتوانن جیاوازی خۆیان پێشان بدەن، دوایی دەگەڕێنەوە سەر حزبی دایک، چونکە ھەمیشە لەوە دەترسن خەڵک لێیان جیابێتەوە، بۆیە کاتێک ئەندامەکانیان لێیان جیادەبنەوە یان کە دەنگی ئازاد گەورەتر دەبێ لە حزب، کەسایەتی ئازاد لێیدەدرێ و کەرامەتی دەشکێندرێ. چونکە حزبی کوردی تەنیا یەک بابەت دەبینێ، ئەویش پارێزگاریکردنە لە سەرکردەکانی خۆی. لای ئەوان بابەتەکانی نیشتیمان و بەرژەوەندی گشتی و دەوڵەت، قسەی بازاڕین. بۆ ئەوەیش کە خۆیان لە سەرووی ھەموو کەسێکەوە بن، دەبێ خەڵکی دیکە بێکەرامەت و جاسووس بێ.

پرسیار: بەم قسەیەی تۆ بێت، حزبی کوردی دەرگای چوونە دەرەوەی نییە؟

وەڵام: بەراشکاوی کەس واناڵێ، بەڵام لە بنەڕەتدا وایە، من خۆم کاتێک لە مەکتەبی(نێچیرڤان بارزانی) بووم و دەستلەکارکێشانەوەی خۆمم پێشکەش کرد، پێیانگوتم: بە ھیچ شێوەیەک دەستلەکارێشانەوە نییە، ئەو کاتەیش کە لە مەکتەبی سیاسی بووم، ھەر قەبووڵ نەکرا.

پرسیارێکی دیکە: ئەم دیاردەیە کاریگەری ھەیە، بەسەر ساردبوونەوە و کپکردنەوەی دەنگە ئازادەکان؟

وەڵام: بێگومان کاریگەری ھەیە و ئەمەیش وایکردووە، حزبەکان درێژە بە مانەوە و بە پیرۆز راگرتنی سەرکردەکانیان بدەن. خۆ ئەگەر وا نەبوایە، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان.. دەیان خەڵکی جوان و تێگەیشتوومان ھەن کە لە ھەموو سەرکردەکان گەورەترن و قەڵەمەکانیان باشترە.

وە لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگا داخراوەکاندا، کەسایەتی کۆمەڵایەتی ھەیە و ئەم کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە، لە سەرووی ھەموو شتەکانی دیکەیە.

بۆیە کاتێک کەسێکی ناسراو بێت و لە کەرامەت و کەسایەتی بدرێت پاشەکشێ دەکات،ھەرچەندە لە میدیای ساختە ھەموو شتێکیان ناشرین کردووە، کێشەکە ئەوەیە تۆمەتەکە ھەر کاریگەری خراپ لەسەر خۆت دروست ناکات، بەڵکو تەواوی خێزانەکەت بەر ئەو ھەڵمەتی ناشرینکردنە دەکەون.چارەیش ئەوەیە دەنگە ئازادەکان لە ھیچ شتێک نەترسن و گوێ بەم بابەتانە نەدەن، وە ئەرکە لەسەر ھەموو ئازادیخوازەکان کاتێک تۆمەت بۆ دەنگێکی ئازاد دروستدەکرێ، بەرگری لێبکەن.

بە قسەی ( ئیبراھیم عەباس) ئەو دوای ئەوەی کە لە نەوەی نوێش ھاتە دەرەوە ھەر تۆمەتی بۆ ھەڵبەسترا، دەنگی ئەمریکا پرسی: جیاوازی ئەو تۆمەتانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆیان دروستکردی، لەگەڵ تۆمەتەکانی نەوەی نوێ چی بوون؟

ئەو گوتی: ھیچ جیاوازییان نەبوو، پارتی منی بە سیخوڕی یەکێتی و گۆڕان دەزانی و نەوەی نوێش منی بە سیخوڕی پارتی دەزانی وە ھەردووکیشیان کاریان لەسەر شکاندنی کەسایەتی خۆم و خانەوادەکەم کرد.

بۆیە ھیچ جیاوازییەکیان نەبوو و ھەمان ئەقڵییەت بوون، تەنیا جیاوازییەکە سەردەم و کات بوو.

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:32 0:00

XS
SM
MD
LG