Accessibility links

د. شایەن عەسکەری: ئەو کاتەی ئازادبووم دەنگم کاریگەرتر بوو، بە بەراورد بە ئێستا کە ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕانم لە پەرلەمانی کوردستان


من ھاتمە سەر شەقام بۆ ئەوەی داوای موچەی بێ پاشەکەوت بکەم . شانبەشانی مامۆستایان چوومە سەر شەقام، بەڵام لەناو خۆپێشاندانەکە گولـلەی پلاستیکییان بەرووی خۆپێشاندەران تەقاند و ھەوڵی شکاندنی مۆبایلەکەی منیش درا. ئەمانە قسەی (د. شایەن عەسکەری) ین ئەو پزیشکەی لە خۆپێشاندانەکەی پار ساڵی ھەولێر وەک دەنگێکی ناڕازیی بەشداربوو.

ئەو دەشڵێ: من بە جلوبەرگی پزیشکی چوومە ناو خۆپێشاندانەکە، تا ئەوە پێشان بدەم کە پزیشکانیش وەک مامۆستایان، داواکارییان ھەیە ئێستایش لەگەڵ ئەوەی بووم بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئەو کات دەنگم بەھێز و کاریگەرتر بوو.

دوای خۆپێشاندانە دوو لەو ھێرشکارانەی ھێرشیان کردبووە سەر د. شایەن عەسکەری، لە دادگا بە تۆمەتی ناوزڕاندنیان سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار کرد (دەنگی ئەمریکا) پرسیاری لەبارەی دوا بڕیاری دادگا کرد و ئەو وەھا وەڵامی دایەوە:

دادگا لەسەر کەیسی یەکێکیان بڕیاریداوە ھەشت ملیۆن دیناری عێراقی سزام بدات. لەگەڵ ئەوەی چەندان پارێزەری خۆبەخشم ھەن و ھەر ئەوانیش ناڕەزاییان دەربڕیوە لەبەرامبەر ئەم بڕە پارەیە، بەڵام ھێشتا دیار نییە بارودۆخەکە بە چی دەگات، ئەو دوو سکاڵاکارەش کە ھێرشیان کردبووە سەرم، لەوە ناچێ وەک کەسێکی ئاسایی سکاڵای یاساییان تۆمار کردبێ، بەڵکو دەسەڵات پشتیوانیانە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە لەناویدا دەرکەوت، ئەوەندەی نەبرد وێنەی د.شایەن عەسکەری وەک کاندیدێکی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی کوردستان، بە شەقامەکانی ھەولێر بڵاوبوونەوە. دەنگی ئەمریکا پرسی:

خۆکاندیدکردنت پێشنیاری کێ بوو؟ وە جگە لە گۆڕان ھیچ لایەنێکی دیکە داوای خۆکاندیدکردنی لێکردی؟

لە وەڵامدا گوتی: خۆکاندیدکردنم پێشنیاری بزووتنەوەی گۆڕان بوو و جگە لە ئەوانیش نەوەی نوێ و ھاوپەیمانی داوای خۆکاندیدکردنیان لێکردم، ئەمە جگە لەو تەماحانەی بەر لە خۆکاندیکردنم دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە خستبوویانە بەردەمم تا بێدەنگم بکەن یان لەگەڵ ئەواندا کاربکەم.

پرسیار: تۆ جگە لەوەی ئەندامی پەرلەمانی کوردستانی، پیشەی سەرەکیت پزیشکییە و بەشەکەت تایبەتە بە نەخۆشی شێرپەنجە، بەھۆی کاری پەرلەمانەوە نەخۆشخانە و نەخۆشەکانت فەرامۆش نەکردوون؟

وەڵام: راستە بەشەکەی من زۆر ھەستیارە و ژمارەی ئەو پزیشکانەیش کە لەم بوارە کاردەکەن، کەمن. لەبەر ئەوە نەخۆشان پێویستییان بەمنە. بۆیە من ھەفتانە، چوار سەعات وەک خۆبەخشێک نەخۆشەکانم لە نەخۆشخانەی نانەکەلی تایبەت بە شێرپەنجە دەبینم.

وە ھەروەھا د. شایەن عەسکەری لە وەڵامی پرسیاری (دەنگی ئەمریکا) کە ئایا ئەو کاتەی ئازاد بوو دەنگی کاریگەرتر بوو یان کە ئێستا ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕانە لە پەرلەمانی کوردستان؟ گوتی: بەڵێ ئەو کاتانەی دەنگێکی ئازاد بووم، دەنگم کاریگەرتر بوو وەک ئەوەی ئێستا ئەندامی پەرلەمانی کوردستانم لە فڕاکسیۆنی گۆڕان. ئەمەیش لەبەر ئەوەی دەنگی ئازاد بەھێزترە و وە حزبەکان بە تایبەت دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە لە ماوەی رابردوو کاری ھەڵەیان زۆر کردووە و دیوێکی خراپی حزبایەتییان پێشانی خەڵک داوە، لە کاتێکدا حزب بۆ ئەوە دادەمەزرێ کۆمەڵگا و وڵات بەرەو پێشەوە ببات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:28 0:00

XS
SM
MD
LG