Accessibility links

کامەران سوبحان باس لە ڕاپەڕینی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات


دەگوترێت دوای هەر شۆڕش و ڕاپەڕینێک، قۆناغێکی نوێ و جیاواز دێتە پێشەوە، ئایا ئەو قۆناغە کە دەبوو جیاواز بێت، لە راپەڕینی ھەرێمی کوردستاندا جیاواز بوو؟ یان جۆرێک بوو لە کۆپیکردنەوە و مامەڵەکردن، بە فۆرمێکی تەقلیدی، لە سیاسەت و کۆمەڵگا بەگشتی؟

(دەنگی ئەمریکا) بۆچوونی (کامەران سوبحان)ی نووسەری بۆ ئەم بابەتە وەرگرت و ئەو لە وەڵامدا گوتی:

راپەڕین سەرەتای خەونی گۆڕانکاری بوو، لە ھزر و بیرکردنەوەی تاکی کورد لە قۆناغێکی دیاریکراو یان لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا. بەڵام کێشەی راپەڕین ئەوە بوو کە شۆڕشێکی چەکداری بوو، کە من بۆ خۆم باوەڕم بە دیدی قڵپوونەوە و سەراوژێرکردن نییە. من باوەڕم بە پەروەردەی تاک و گۆڕانکاری یەک لە دوای یەک ھەیە. بەڵام بارودۆخی جوگرافی و سیاسی ناوچەکەی ئێمە جیاوازە، ئێمە لە ناوچەیەک دەژین، چوار دەورمان ئاگرەو سیستەمی دیکتاتۆری دەیبا بەڕێوە، بۆیە ناتوانین بەم دیدە رادیکاڵانە چەمکی ئازادی لە راپەڕیندا بخوێنینەوە.

پرسیار: داوی ڕاپەڕین ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کەوتنە ژێر پرسیار، ژن کوشتن بەردەوام بوو، ڕۆژنامەنووس و شاعیر کوژران، ئەی راپەڕین بۆ دەنگهەڵبڕینی ئازادانە نەبوو ؟

وەڵام: ئێمە خەونی ئەوەمان ھەبوو دیکتاتۆر بگۆڕین، بەڵام دیکتاتۆرێکی عەرەبیمان بە دیکتاتۆرێکی کوردی گۆڕی. خەونی ئەوەمان ھەبوو وڵاتێکی دادپەروەر بنیات بنێین، بەڵام نەمانتوانی حکومەتێکی دادپەروەر دروستبکەین. خۆ ئەگەر خوێندنەوە بۆ ٣٠ ساڵی رابردوو بکەین، دەتوانم بڵێم: ھەموو خەونەکانمان شکستییان ھێنا. بەڵام من ھێشتا رەشبین نیم و دیدێکی رەخنەگرانەم ھەیە ، نەک دیدێکی تاریک.

ھەر لە چوارچێوەی ئەم گوتوێژەدا، (دەنگی ئەمریکا) پرسی: وەک ئەوەی لە شۆڕش و راپەڕینی وڵات و نەتەوەکانی جیهان بینراوە، دروستبوونەوە و گۆڕانی گەورە هاتۆتە ئاراوە، بۆچی کورد دوای ڕاپەڕین کەوتە گیانی یەکتر و کۆمەڵگایان بە ئاقارێکی ترسناکدا برد؟

( کامەران سوبحان)نووسەر وەھا وەڵامی دایەوە:

مێژووی ململانێی سیاسی لاپەڕەیەکی رەشە، پەیوەندی بە ئەقڵییەتی کەسایەتییەکانی ئێمەوە ھەیە. ئەوان لە دەشت و شاخەکان شۆڕشیان کردووە و کەمینەیەکی خوێندەواریان تێدا بووە.وە نەوەی سیاسییەکانیش یەک جیاوازیان لەگەڵ باوانیان ھەیە، ئەوان بەشی زۆریان دەرچووی زانکۆیەکانی ئەوروپان وە جوانتر لە جومگەکانی سیاسەت تێگەیشتوون و ئەمەیشیان بەکارھێناوە کە کۆی سیستەمی کۆمەڵگا بۆ بەرژەوەندی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن. خۆ ئەگەر باب و باپیرانیان سیستەمی کۆمەڵگایان بە کڵانشینکۆف کۆنترۆڵ کردبێ، ئەوان بە تەکنەلۆژیا و دارایی کۆنترۆڵی دەکەن، بە میدیای گەورە و تۆڕی گەورەی ئینتەرنێت و ژمارەیەکی زۆر پەیج شەڕی خۆیان دەکەن.

( کامەران سوبحان) لە بارەی بەردەوامی سیستەمی چینایەتی لە دوای راپەڕینی ھەرێمی کوردستانیش گوتی:

ھەندێکجار خەونی گۆڕانکارییش، ستەمکاری بەرھەم دەھێنێ. زۆربەی ملیادنێرەکان یان سیاسیین یان سیاسییەکانیان لە پشتە، ئەوانە کۆی داھاتی ئەم خاکەیان داگیرکرد و بوارەکانی دیکە فەرامۆش کران، کەچی ئا ئێستایش نایانەوێ ددان بەو دۆڕانەی خۆیان دابنێن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:55 0:00

XS
SM
MD
LG