Accessibility links

سه‌ردار قادر: كه‌س ناتوانێت دورمان بخاته‌وه‌ و ڤیتۆمان له‌سه‌ر دانێت بۆ به‌شداری كردن له‌حكومه‌ت


Sardar Qadr

لەوتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا سەردار قادر هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان و پارێزگاری پێشووی سلێمانی له‌ پشكی بزوتنه‌وه‌كه‌، دەڵێت" تا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری "حەسم" -یەکلایی کەرەوەی نەداوە بۆ بەشداری کردن یاخود بەشداری نەکردن لەحکومەت، ئه‌گه‌ر كارنامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كارنامه‌ی حكومه‌تدا هه‌بێت بڕیاری گشتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شداری حكومه‌ت بكرێت، به‌ڵام كاتێك كارنامه‌ی حكومه‌ت پێچه‌وانه‌ی كارنامه‌ی گۆڕان و تێروانینی گۆڕان بێت بۆ پرسی چاكسازی وه‌ پاكێجه‌كانی گۆڕان له‌كاتی ئۆپۆزسیۆن بێت ئه‌وكاته‌ بڕیاری به‌شداری نه‌كردن ده‌درێت، دەشڵێت ڕاستە لەڕابردوو ئه‌زمونە خراپه‌كانی وه‌ك ده‌ركردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كانی بزوتنەوەی گۆڕان هەبووە بەڵام له‌كاتێكدا كێشه‌ی موچه‌ و پاشه‌كه‌وت هه‌یه‌ بڵێین ئێمه‌ پێنج ساڵ له‌مه‌و پێش ئه‌و ئه‌زمونه‌مان وه‌رگرتوو ئیتر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تا" ئه‌به‌د لئاندین" (هەتا هەتایە) بڵێت ئیتر من ناچمه‌ حكومه‌ته‌وه‌، هەروەها وتیشی" ، كه‌س خێرمان پێناکات بچینە حکومەتەوە به‌ كورسی خۆمانه‌وه‌ ده‌چینه‌ حكومه‌ت نه‌كه‌س-یش ده‌توانێت دورمان بخاته‌وه‌ و ڤیتۆمان له‌سه‌ر دانێت بۆ به‌شداری كردن له‌حكومه‌ت چونكه‌ به‌شێكین له‌كۆمه‌ڵگای كوردی، ئاماژە بەوەش دەکات کاتی خۆی کە پارێزگار بووم دەستم لەکارکێشایەوە، بەڵام ئێستا قۆناغەکە جیاوازە و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئێستا قۆناغەکە جیاوازترە بودجە هەندێک شەفافترە، بودجە لەبەردەست جەنابی پارێزگارە کارەکان بەڕێوەدەچێت، پڕۆسەی سیاسی چەند ساڵێکی دەوێت، هەروەک چۆن ئۆپۆزسیۆن بوون کاتی ویست، پڕۆسەی سیاسی لەشەو و ڕۆژێکدا چاك ناکرێت، هەمووی "عەسای سیحری" بەدەست بزوتنەوەی گۆڕانەوە بێت یا لایەنێکی ترەوە کەباسی بکەن دەبێت کار بکرێت هەنگاو بەهەنگاو، لەکۆتا بەشی وتووێژەکەدا وەڵامی ئەو پرسیارەش دەداتەوە ئایا سەردار قادر بەنیازی وەرگرتنی پۆستی وەزارەتە؟."

لەسەرەتای وتووێژەکەدا سەردار قادر وتی" هەموو بزوتنەوەیەکی سیاسی مافی خۆیەتی لەقۆناغە جیاوازەکاندا یا بەشداری بکات یاخود ببێتە ئۆپۆزسیۆن، ئەمە بەبەری کەسدا نەبڕاوە تا دنیا دنیایە لەدەسەڵاتدا بێت یاخود ببێتە ئۆپۆپزسیۆن، ئەو هێزە سیاسیە مافی خۆیەتی ئەوە لێک بداتەوە بەشداری کردن لەدەسەڵاتدا لەگەڵ کار و ئەجێندای ئەو دەنگونجێت یان ناگونجێت و پێویستە ئۆپۆزسیۆن بێت لەبەر ئەوە من بژاردەکە کراوە دەبینم لەبزوتنەوەی گۆڕاندا لە جڤاتی نیشتمانیدا بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەوەی تا ئێستا کراوە لیژنەیەکی باڵای دانوستان هەیە دواتر ئەو لیژنەیە دەر ئەنجامەکان دەهێنێتەوە بۆ ناو جڤاتی نیشتمانی و لەوێ بڕیاری لەسەر دەدرێت، من پێم وایە قۆناغەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە له‌ ٢٥\٧ كه‌ ٢٥ كورسیمان هێنا بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بونمان دا، دواتر ل چوار ساڵ دوای ئه‌وه‌ بڕیاری بوون بێسداری كردن له‌ده‌سه‌ڵاتمان دا، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستاش هه‌یه‌ ئامانجی گشتی بزوتنه‌وه‌كه‌ كارنامه‌ی حكومه‌تكه‌یه‌ كه‌ بزاه‌ت ئایا ئه‌م كارنامه‌یه‌ كارده‌كات بۆ چاكسازی، كارده‌كات بۆ خزمه‌تی هاوڵاتی كارده‌كات بۆ حكومه‌تێكی هاوڵاتی بوون پێم وایه‌ چاوه‌ڕێی ده‌رئه‌نجامی گفتوگۆكانن كه‌ به‌رده‌وامه‌."

كه‌واته‌ ڕای شه‌خسی خۆت چیه‌ وه‌ك هه‌ڵسوڕاوێكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، گۆڕان به‌شداری حكومه‌ت بكات یاخود نا؟

سه‌ردار قادر وتی دەڵێت" ئه‌گه‌ر كارنامه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كارنامه‌ی حكومه‌تدا هه‌بێت بڕیاری گشتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شداری حكومه‌ت بكرێت، به‌ڵام كاتێك كارنامه‌ی حكومه‌ت پێچه‌وانه‌ی كارنامه‌ی گۆڕان و تێروانینی گۆڕان بێت بۆ پرسی چاكسازی وه‌ پاكێجه‌كانی گۆڕان له‌كاتی ئۆپۆزسیۆن بێت ئه‌وكاته‌ بڕیاری به‌شداری نه‌كردن ده‌درێت. وه‌ك له‌وه‌ڵامی پێشوتر وتم ڕای من ئه‌وه‌یه‌ كار له‌سه‌ر كارنامه‌ بكرێت، ئایا كارنامه‌ی حكومه‌ت چاكردنی دۆخی ئابوری و گیرفانی موچه‌خۆران و قۆناغێك چونه‌ پێشه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئازادیه‌ گشتیه‌كان جیابكرێته‌وه‌، گۆڕینی تاریكستانی كوردستانه‌ به‌باش كردنی دۆخی كاره‌با هه‌موو ئەوانه‌ ده‌وه‌ستێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی تا كه‌ی كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بڵاوده‌بێته‌وه‌ تا چه‌نده‌ ئه‌مانه‌ی تێدایه‌ چێ ده‌بێتەوە؟ ئه‌وكاته‌ ده‌بێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕیاری "حسم" بدات، بۆیه‌ هه‌موو ڕای هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ستاوه‌ته‌ سه‌ر كارنامه‌ی حكومه‌ت ئایا له‌گه‌ڵ گۆشه‌ نیگا و كارنامه‌ی بزوتنه‌وی گۆڕان ده‌گونجێت یاخود نا؟"

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی له‌جاری پێشوو گۆڕان هه‌مان قسه‌ی كرد باسی گونجاندنی كارنامەكه‌ی له‌گه‌ڵ كارنامه‌ی حكومه‌ت ده‌كرد بۆ پاساوی به‌شداری كردن له‌حكومه‌ت به‌ڵام دواتر ڕه‌خنه‌تان گرت كه‌ ڕێگه‌تان پێنادرێت جێ به‌جێ بكرێت ئایا ئه‌مجاره‌ش به‌و جۆره‌یه‌؟

سه‌ردار قادر له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا وتی" ئه‌مه‌ گرێبه‌ستێكه‌ له‌نێوان لایه‌ن سیاسیه‌كاندا ده‌كرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، ئێستا قۆناغه‌كان و كێشه‌كان جیاوازن له‌ 2007 و 2013 ناكرێت پێش وه‌خته‌ بڕیار بده‌ین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ قسه‌ ناكه‌ین بڵێین ئه‌و ساڵه وابووه‌ ."

واته‌ ئێوه‌ سودتان له‌ ئه‌زمونی ڕابردوتان وه‌رنه‌گرتووه‌؟

سه‌ردار قادر وتی" ئه‌ی چۆن وه‌رمان نه‌گرتووه‌ كاتێك ڕێگری له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مانەكه‌مان ده‌گرن، ده‌رگای په‌رله‌مان داده‌خه‌ن، وه‌زیره‌كانمان ده‌نێرنه‌وه‌ ئه‌مه‌ ئه‌زمونێكی گه‌وره‌یه‌."

واته‌ سودتان له‌و ئه‌زمونانه‌ وه‌رگرتووه‌؟چۆن؟

سه‌ردار قادر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی به‌م جۆره‌ دایه‌وه‌" ناكرێت دەرگای گفتوگۆ دابخه‌ین، له‌كاتێكدا بڵێین كێشه‌ی موچه‌ و پاشه‌كه‌وت هه‌یه‌ بڵێین ئێمه‌ پێنج ساڵ له‌مه‌و پێش ئه‌و ئه‌زمونه‌مان وه‌رگرتوو ئیتر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تا( ئه‌به‌د ل ئابدین) بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ بڵێت ئیتر من ناچمه‌ حكومه‌ته‌وه‌، هه‌ڵبژاردن كراوه‌ هه‌ر لایه‌نه‌ی ڕێژه‌یه‌ك كورسی هێناوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ گفتوگۆ ده‌كرێت و كارنام داده‌نرێت هیچ لایه‌نێك به‌ته‌نها نه‌یتوانیووه‌ له‌ (%51) كورسیه‌كان بهێنێت, به‌ڵێ هه‌موو ئەزمونه‌كان كه‌ڵكی لێ وه‌رگیراوه‌ به‌شێكی له‌و كارنامه‌ی جێ به‌جێ كراوه‌ به‌شێكیش كه‌جێ به‌جێ نه‌كراوه‌، دروستكردنی سندوقی داهاته‌كانی نه‌وت ."

به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌تان بۆ نه‌كرد له‌و كاته‌ی له‌حكومه‌ت بوون، له‌دروست بونی بزوتنوه‌ی گۆڕانه‌وه‌ تا ئه‌م ساته‌ باس له‌دروست كردنی سندوقی داهاته‌كانی نه‌وت ده‌كه‌ن؟

سه‌ردار قادر وتی" بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆرینه‌ نه‌بوو له‌ناو په‌رله‌مان هه‌موو ئه‌وانه‌ كه‌ له‌خزمه‌ت هاوڵاتیدان پێویستی به‌زۆرینه‌ی په‌رله‌مانیه‌ به‌ڵام گۆڕان(24) كورسی هه‌بووه‌."

واته‌ پێتان وایه‌ ئه‌مجاره‌ به‌ (12) كورسیه‌وه‌ بتوانن؟

سه‌ردار قادر ده‌ڵێت" حكومه‌ته‌كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شدار ده‌بن تێیدا، كه‌س (1+50) ی نیه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامانه‌ی خۆی هه‌وڵی دروست كردنی "كوالیسیۆنێك" ده‌درێت،كه‌س خێرمان پێناكات به‌ كورسی خۆمانه‌وه‌ ده‌چینه‌ حكومه‌ت نه‌كه‌س-یش ده‌توانێت دورمان بخاته‌وه‌ و ڤیتۆمان له‌سه‌ر دانێت بۆ به‌شداری كردن له‌حكومه‌ت چونكه‌ به‌شێكین له‌كۆمه‌ڵگای كوردی."

مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه‌ كه‌س ناتوانێت ڤیتۆ دابنێت و ڕێگری له‌سه‌ر به‌شداری كردنی گۆڕان له‌حكومه‌ت دابنێت؟

سه‌ردار قادر وتی" به‌چ مافێك بۆ كێ ڕه‌وایه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بدات؟ جگه‌ له‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، چونكه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شداری گفتوگۆ و دانوستان ده‌كات گه‌یشته‌ ئه‌نجام خۆی بڕیار ده‌دات به‌شداری حكومه‌ت بكات، نه‌شگه‌یشته‌ ئه‌نجام خۆی بڕیاری به‌شداری نه‌كردن ده‌دات،واته‌ كه‌سێكی تر جگه‌ له‌( هه‌یكه‌لیه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان )به‌ چ مافێك ده‌توانێت بڵێت نابێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شداری حكومه‌ت بكات و مه‌رج و ڤیتۆی هه‌بێت له‌سه‌ر به‌شداری كردنی."

واته‌ گۆڕان داوای گره‌نتی كردووه‌ له‌ پارتی كلایه‌نی به‌رامبه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆت وتت ئه‌زمونە خراپه‌كانی وه‌ك ده‌ركردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كانی دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌ ئه‌مجاره‌ش؟

سه‌ردار قادر له‌وەڵامدا ده‌ڵێت" ئه‌ی واده‌زانرێت ئه‌م هه‌موو دانیشتن و كۆبونه‌وه‌یه‌ی گۆڕان ته‌نها بۆ داواكردنی چه‌ند پۆستێكی حكومیه‌؟! ئه‌ی مه‌گه‌ر جه‌خت كردنه‌وه‌ له‌ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و حكومڕانیه‌كی "‌ڕه‌شید"‌ داواكردنی گه‌ره‌نتی نیه‌؟! من له‌لیژنه‌ی دانوستن نیم به‌ڵام دواكارییه‌كانی بزوتنه‌وی گۆڕان له‌هه‌ناوی داواكاری خه‌ڵكه."‌

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌ندێك پێیان وایه‌ به‌رپرسه‌كانی گۆڕان ئه‌زمونێكی سەركه‌وتوویان نه‌بووه‌

له‌حكومڕانی ؟ سه‌ردار قادر ڕایگه‌یاند" هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ك ده‌بێت گوێی لێبگیرێت، وه‌ پێم وایه‌ گۆڕان پێداچونه‌وه‌ی به‌ به‌شداریكردن و به‌شداری نه‌كردن له‌حكومه‌ت كردووه‌ وه‌ ده‌كرێت ئه‌و پرسیار و ره‌خنانه‌ ئاڕاسته‌ی به‌رپرسه‌ به‌ڕێزه‌كانی گۆڕان خۆیان بكرێت، وه‌ك بزوتنه‌وی گۆڕان بته‌واوی بڕوامان به‌ پره‌نسیب گشتیه‌كان هه‌یه‌، وه‌ له‌ماوه‌ی به‌شداریكردن و حكومڕانی گۆڕان پێم بڵێن گۆڕان چه‌نده‌ له‌ (مه‌بده‌ئه‌ گشتیه‌كان) دووركه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی له‌سه‌ر دروست بووه‌؟ ده‌كرێت لێره‌ و له‌وێ كه‌موكوڕی هه‌بوبێت به‌ڵام ئه‌مه‌ كۆی پڕۆسه‌ی به‌شداری كردنی گۆڕان له‌حكومڕانی عه‌یبدار ناكات به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌خه‌ڵك ده‌یخوێنێته‌وه."

سه‌ردار قادر كه‌ پێشتر خۆی پارێزگاری سلێمانی بوو له‌سه‌ر پشكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستی له‌پۆسته‌كه‌ی كێشایه‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وەشکرد" له‌كاتی خۆیدا كه‌ پارێزگاری سلێمانی بووم و دەستم لەکار کێشایەوە چونکە هیچ داهاتێکی ناوخۆ و داهاتەکانی ئەم شارە لەژێر دەستی مندا نەبوو تا بتوانم کاری پێبکەم و پێداویستی هاوڵاتیانی پێ جێ بەجێ بکەین لەبەر ئەوە دەستم لەکارکێشایەوە ئێستا قۆناغەکە جیاوازترە بودجە هەندێک شەفافترە، بودجە لەبەردەست جەنابی پارێزگارە کارەکان بەڕێوەدەچێت، بزوتنەوەکە بڕیاری داوە تا پڕۆسەیەکی تری هەڵبژاردن بەڵام بابەتی بەشداری کردن یاخود نا تا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان "حەسم-ی" نەکردووە ئەوە دەکەوێتەوە سەر کارنامەکە، هەرچەندە کارنامەی لایەنە سیاسیەکان "کۆڵێک" جوانە بەڵام "عیبرەت لەجێ بەجێ کردنێتی، ئێمە لەگەڵ ئەوەین بەزوترین کات "مەبادیئی" هاوبەش دروست بێت گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت بچێتە پێشەوە کارنامەیەکی هاوبەش دروست ببێت تا هاوڵاتیان ئەوەندە لەچاوەڕوانیدا نەبن گیرفانی کارمەندان و موچەخۆران و مامۆستایان بەتاڵە."

ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان لەبارەی داواکاری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستەکان وتی" وردەکاری داواکردنی پۆستەکان نازانم بەڵام ئەوەندەی من بزانم لەڕێگای لیژنەی دانوستانکارەوە کێشەکان لەسەر پۆست نیە هێندەی لەسەر بەرنامە گشتی و کارنامەکەیە."

دەربارەی ئەو وتارەی نوسیبووی لە سایتی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان" سایتی سبەی" بەناوی ئەگەر من کاندیدی وەزیر بم، ئایا واتای تۆ کاندیدی وەزیری یا بەناڕاستەوخۆ داوای پۆستت کردووە و جۆرێک لەبانگەشە بوو بۆخۆت؟

سەردار قادر وتی" نەخێر من لەسەرەتای نوسینەکەدا نوسیوومە، من ئەگەر ببم واتا ئەمە داواکاری پۆست نیە، وە بەهیچ جۆرێک ئەمە داواکردنی پۆست نیە چونکە نە من شەرم دەکەم داوا لەبزوتنەوەکەم بکەم بەڕاستەوخۆ ئەگەر پۆستم بوێت وە نە ئەوەندە کەسێکی "غەریب-یش" نیم بۆ بزوتنەوەکەم، هەرکاتێک بمەوێت دەچم لەگەڵ خانەی ڕاپەڕاندن و ئەو لیژنە باڵایە دەڵێم دەمەوێت ببم بەشتێک، تەنها بۆچونێکی تاکەکەسی بوو، هیوادارم لەڕێگای ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌وه‌ ڕاست بکرێتەوە چونکە زۆر لا لەسەر ئەوە قسەیان کردووە، من وتومە هەرکەس ببێتە وەزیر دەىێت ئەوانە بکات."

سەردار قادر وتیشی" چاككردنی پڕۆسەی سیاسی چەند ساڵێکی دەوێت، هەروەک چۆن ئۆپۆزسیۆن بوون کاتی ویست، پڕۆسەی سیاسی لەشەو و ڕۆژێکدا ناکرێت، هەمووی "عەسای سیحری" بەدەست بزوتنەوەی گۆڕانەوە بێت یا لایەنێکی ترەوە کەباسی بکەن دەبێت کار بکرێت هەنگاو بەهەنگاو ."

please wait

No media source currently available

0:00 0:18:17 0:00

XS
SM
MD
LG