Accessibility links

پێشمەرگە و هاوپەیمانان هێرشیانکردە سەر داعش


هێزەکانى هاوپەیمانان چەند ناوچەیەکى نێوان قەزاى کفرى سەربە ئیدارەى گەرمیان و قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدینیان بۆمبارانکرد، کە چەکدارانى داعش لەو ناوچانەدا بوونیان هەبووە.

محەمەد فایەق بەرپرسى پێشوى راگەیاندنى قایمقامیەتى خورماتو، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەگەڵ بۆمب بارانکردنى ناوچەکەدا لەلایەن فرۆکەکانەوە، پێشمەرگە بەهەمانگى لەگەڵ هێزێکى هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکردووە."

وتیشى"چەند چەکدارێکى داعش لەناوچەکەدا و بەبریندارى بینراون کە هەوڵى هەڵاتنیان داوە، بەڵام ژمارەى کوژراوەکانیان دیارنیە."

ئەو ناوچەیەى ئەمڕۆ هاوپەیمانان بۆردومانیانکرد، نزیکە لە گوندى پەڵکانەوە، ئەو گوندەى لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرەوە هێزێک چەکدارى داعشى تێدابووە و بە هێزە ئاڵاسپیەکە دەناسران.

فەرماندەیەکى پێشمەرگە کە داوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"فرۆکەکانى هاوپەیمانان سێ جار مۆڵگەکانى داعشیان بۆمبارانکردووە."

وتیشى"دواتر پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنى دەستپێکردووە و کێوماڵى ناوچەکە دەکات."

لاى خۆشیەوە عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبى، ئاماژەى بەوەکرد چەکدارانى داعش لەسنورى پەڵکانە و قوڕى چاى لەنێوان کفرى و خورماتو بوونیان هەیە، بەڵام لەناوچەکەدا جێگیرنین، وتى"چەکدارەکان چەکدارى گەڕۆکن و بەناوچەکەدا دەسورێنەوە."

لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردووەوە، ناوچەى پەڵکانەى نێوان قەزاکانى کفرى و خورماتو وەکو ناوچەیەکى قەدەغەکراو لەنێوان پێشمەرگەو هێزە عێراقیەکاندا ماوەتەوە، داعش سودى لە بۆشایى ئەمنى لەو ناوچانە وەرگرتووە و هێزى بردووەتە ناوچەکە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:22 0:00

XS
SM
MD
LG