Accessibility links

بیلال سلێمان: مەرجی پارتی لەنەكشانەوەو بێدەنگبوونی په‌رله‌مانتاره‌كانمان، وەك پێشمەرجی بەشداریكردن لەحكومەت قبووڵناكەین


حاجی بیلال سلێمان بەرپرسی ناوەندی حکومەت و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان- فۆتۆ: فه‌یس بوكی ناوبراو

بیلال سلێمان بەرپرسی ناوەندی حکومەت و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دەڵێت" هيشتا بڕیاری بەشداری کردن لەکابینەی حکومەتی هەرێم یاخود بەشداری نەکردنمان نەداوە بۆیە هیچ مەرجێکمان دیارینەکردووە، سەبارەت بەهۆکاری سەردانی نەکردن و کۆنەبونەوەی وەفدەکەی پارتی لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیش دەڵێت" نازانین دەبێت ئەو پرسیارە لەپارتی بکرێت وەڵام لای ئەوانە بەڵام داوایان لە ئێمە نەکردووە کە سەردانمان بکەن تا ڕەتیبکەینەوە، دەشڵێت" دواجار پێم وایە پارتی بەجدی لە کۆمەڵ دێتە پێش بۆ بەشداریکردن لەحکومەت، چونکە ئەگەر کۆمەڵ ببێتە ئۆپۆزسیۆن دەبێتە ئۆپۆزسیۆنێکی جدی وای بۆ ناچم پارتی بیەوێت ئۆپۆزسیۆنی جدی هەبێت لەکوردستان، ڕەنگە پێی خۆش بێت ئۆپۆزسیۆن هەبێت بەڵام بەو شێوە جدییە نا، سەبارەت بەوەی ئەگەر کۆمەڵ بەشداری حکومەت بکات ئایا بەردەوام دەبن لەڕەخنەگرتن لەحکومەت یا بەڵێنی نەکشانەوە لەحکومەت بەپارتی لایه‌نی پێكهێنه‌ری حكومه‌ت دەدات؟ حاجی بیلال ڕەتیکردەوە و وتی" خۆی ئەرکی پەرلەمانتار ڕەخنە گرتنە، بەپێچەوانەوە ئەگەر بەشداربین دەبێت زیاتر ڕەخنە بگرین تا هاوکاری حکومەت بێت لە باشترکردنی کارەکان، وە نەکشانەوەش پەیوەستە بەجێ بەجێ کردنی ڕێکەوتنەکە لەلایەن پارتیەوە، چونکە جاری پێشوو پارتی و کۆمەڵ ڕێکەوتنێکی 13 خاڵیان ئەنجامدا بۆ بەشداری لەحکومەت بەڵام پارتی تەنها 3 خاڵی جێ بەجێ کرد، بۆیە ئەگەر ئەمجارەش ڕێکەوتنەکە جێ بەجێ نەکرا، لایەنی بەرامبەر مافی خۆیەتی هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت، وە کۆمەڵ هیچ کام لەو مەرجانە قبوڵ ناکات وەک مەرجی پێش وەختە، وتیشی: وەک ڕای خۆم هیچ گۆڕانکاریەک لەسیاسەتی پارتی نابینم بەپێچەوانەوە ڕەنگە ئێستا زیاتر بێ منەتر بوبێت، لەبەرامبەر خەڵک و حیزبەکان وە ئەوەی لەڕابردوش کردویەتی هیچ گرەنتیەک نیە کە لەداهاتوو دوبارەی نەکاتەوە، لەوانەیە چەند کەسێک لەسەرکردایەتی هەمان بیروبۆچونی منیان هەبێت، وە خەڵکیش هەیە بەپێچەوانەوە بووە بۆچونی"

بیلال سلێمان لەسەرەتای وتووێژەکەدا لەبارەی بڕیاری کۆمەڵی ئیسلامی سەبارەت بەبەشداری کردن لەکابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، وتی" تا ئێستا کۆمەڵی ئیسلامی هیچ بڕیارێکی یەکلایی کردنەوەی نەداوە سەبارەت بەبەشداری کردن یاخود بەشداری نەکردن لەحکومەت، چونکە کۆمەڵێک ڕێکار هەیە بۆ بەشداری کردنی کۆمەڵ ، یەکەمیان دەبێت لایەنی براوە کەپارتی دیموکراتی کوردستانە دەبێت لەگەڵ ئەو لایەنەی دەیەوێت بەشداری بکات لەحکومەت سەردانی بکات داوایان لێبکات و وردەکاری بخاتەڕوو، وە ئەگەر بۆ نمونە بەشداری کۆمەڵیان پێ باشبوو، دواتر کۆمەڵ ڕێکاری خۆی هەیە، ئەویش یەکەمجار سەرکردایەتی قسەی لەسەر پێشنیارەکان دەکات کە بۆی کراوە، دواتر کۆبونەوەیەکی فراوان ساز دەکات بە ئامادەبونی کادیرە باڵاکان لەوێ گفتوگۆی تێروتەسەلی لەسەر دەکات لەسەر بەشداری کردن یاخود بەشداری نەکردن، ئەگەر بڕیاری بەشداری کردنیدا ئەوا هەر لەو کۆبونەوەیە سنورێک بۆ بەشداریەکە دادەنرێت، وە ئەگەر بڕیاری بەشداری نەکردن درا ئەوا بڕیارێکی کۆتاییە و یەکلایی دەکرێتەوە."

ڕۆژی شەممە وەفدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی کرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان.

لەبارەی هۆکاری سەردانی نەکردن و کۆنەبونەوەی لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی؟ حاجی بیلال وتی" وەڵامی ئەو پرسیارە لای ئێمە نیە، چونکە ئێـمە نازانین بەنیازن سەردانی کێ بکەن و بەنیازن کێ بەشداری پێ بکەن لەحکومەت ، وە نازانین بۆ سەردانیان نەکردین و لەگەڵمان کۆنەبونەوە."

وتیشی" ئێـمە ڕەتمان نەکردۆتەوە کە لەگەڵ وەفدەکەی پارتی کۆببینەوە، یا سەردانی ئەوانمان ڕەتنەکردۆتەوە."

بەرپرسی ناوەندی حکومەت و پەرلەمانی کۆمەڵی ئیسلامی ئەوەشی وت" لەلایەن پارتیەوە بەفەرمی پێمان نەوتراوە کەنامانەوێت کۆمەڵ بەشداری حکومەت بکات، بەڵکو ئەوە دەنگۆیەکە لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوکراوەتەوە، ڕەنگە پارتی خۆی ئەم دەنگۆیانە وەک وەرەقەی دانوستان بڵاوبکاتەوە، هەروەک چۆن جاری پێشوو وای بڵاوکردەوە نایەوێت گۆڕان بەشداری حکومەت بکات بەڵام لەدواجاردا یەک لایەن ڕێکەوتنی لەگەڵ گۆڕان کرد، من ناڵێم پارتی پێی گرانە یا نا کۆمەڵ بەشداری حکومەت بکات یاخود نا چونکە ئەوە بۆ ئێـمە زۆر گرنگ نیە، ئەوەی گرنگە دواجار کامە لەبەرژەوەندی میللەتەکەمان بێت کۆمەڵ بڕیاری ئەوەیان دەدا، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم پارتی نەیەوێت کۆمەڵی ئیسلامی بەشداری حکومەت بکات، دواجار پێم وایە پارتی بەجدی لە کۆمەڵ دێتە پێش بۆ بەشداریکردن لەحکومەت، چونکە ئەگەر کۆمەڵ ببێتە ئۆپۆزسیۆن دەبێتە ئۆپۆزسیۆنێکی جدی وای بۆ ناچم پارتی بیەوێت ئۆپۆزسیۆنی جدی هەبێت لەکوردستان، ڕەنگە پێی خۆش بێت ئۆپۆزسیۆن هەبێت بەڵام بەو شێوە جدی نا"

حاجی بیلال باسی لەوەکرد" لەکابینەی ڕابردوو کە کۆمەڵی ئیسلامی بەشداری حکومەتی کرد، ڕێکەوتنێکی(13) خاڵی لەگەڵ پارتی واژۆکرد، کەپێویست بوو پارتی پابەند بێت پێیانەوە، بەڵام پارتی تەنها (3) خاڵی جێ بەجێ کرد، (10) خاڵی جێ بەجێ نەکرد، دواتر کۆمەڵ کشایەوە لەحکومەت ئەوەش بووە هۆی نیگەرانی پارتی، وە لەڕابردووشدا کۆمەڵی ئیسلامی خاوەن بۆچونی خۆی بووە، ڕەنگە هەڵوێستە سیاسیە نەگۆڕەکانی کۆمەڵ بەدڵی پارتی نەبوبێت، بۆیە ئێـمە زۆر چاوەڕێی نزیکی لەپارتی ناکەین بەڵکو بەپێچەوانەوە ئێـمە لەسەر هەڵوێستەکانی خۆمان بەردەوامین چونکە ئەوە لای ئێمە(مەبدەئە)."

رۆژی دووشەممەی ڕابردوو لەمیانەی وتوێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ عارف تەیفور بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێت" پارتی مەرجی هەیە بۆ بەشداری پێکردنی لایەنەکان لە حکومەت، مەرجی ئەوەی لایەنەکان حکومەت بەجێ نەهێڵن، هەر چوار ساڵەکە بەخۆشی و ناخۆشیەوە لەگەڵمان بن، وە هەروەها یەکێک لەخاڵەکانی مەرجەکانی پارتی بۆ لایەنەکان ئەوەیە ئەمجارە لایەنەکان لە حکومەت نەبن و ببنە ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوە، تەنانەت ئەگەر ڕەخنەیان هەبوو یا پەرلەمانتارەکانیان ڕەخنەیان هەبوو دەتوانن لەڕێگای نوێنەرەکانیان لەحکومەت بیگەیەنن بەحکومەت، نەک پەرلەمان بکەنە مینبەری ئۆپۆزسیۆنبون و هەوڵی ڕوخانی ئەو حکومەتە بدەن کە ئێـمە پێکی دەهێنین، عارف تەیفور جەختی کردەوە" دەبێت بەجدی ئەو بەڵێنە لەلایەنەکان وەربگیرێت وە پابەند" مولتەزیم"یش بن پێوەی، ئەگەر لایەنێکیش ئامادەنەبوو ئەو بەڵێنە بدات ئەوا ئامادەنین بەشداری حکومەتیان پێبکەین ئەو وەختە چ ئیشمان پێیان هەیە."

بەڵام حاجی بیلال ئەندامەکەی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی و بەرپرسی ناوەندی حکومەت و پەرلەمانی کۆمەڵی ئیسلامی ڕەتیدەکاتەوە کە کۆمەڵی ئیسلامی ئەو دوو مەرجە جێ بەجێ بکات و دەڵێت" خۆی ئەرکی په‌رلەمانتار ڕەخنە گرتن و دەست خستنە سەر کەموکوڕییەکانە، ئەوە ئەرکی پەرلەمانتارە ئەگەر ئەو ئەرکەی لێ بسەنرێتەوە پێم ناڵێن کاری تری پەرلەمانتار چیە؟ من پێم وانیە کۆمەڵ پابەندی مەرجێکی وابێت چونکە ئەوە بۆ "بێ ئەهمیەت کردن"ی پەرلەمانە، بەپێچەوانەوە کۆمەڵ ڕای وایە کە ئەگەر بەشداری حکومەتیش بکەین، ئەوا پەرلەمانتارەکان دەبێت زیاتر چاودێربن و ڕەخنە بگرن لەوەزیرەکانی خۆمانەوە لەپێشدا تا کاری حکومەتەکە بەرەو باشتر بڕوات."

هەروەها جەختیشیکردەوە " وەک کۆمەڵی ئیسلامی لە حکومەت بین یا لە ئۆپۆزسیۆن دەبێت بەجدی ڕەخنە بگرین لەحکومەت، وە دڵسۆزبین بۆ وڵاتەکەمان." ڕاشیگەیاند" هەروەک ڕابردوو ڕەخنە دەگرین بەرامبەر ناهەقی و ستەم."

دەربارەی مەرجی نەکشانەوە-ش لەحکومەت؟ حاجی بیلال وتی" ئەم جۆرە مەرجانە قبوڵ نیە، چونکە بەپێی ڕێکەوتنێک کە لەنێوان هەردولادا دەکرێت بەشداری حکومەت دەکەین ئەگەر لایەنی یەکەم پابەند نەبوو دەبێت لایەنەکەی تر لەهەرکاتێکدا بوو هەڵوێستی هەبێت، هەروەک چۆن لەڕابردوو هەڵوێستمان هەبوو کاتێک پارتی ڕێکەوتنەکەی جێ بەجێ نەکرد کشاینەوە، وەک چۆن ئێـمە مافی خۆمانە مەرجمان هەبێت پارتیش مافی خۆیەتی مەرجی هەبێت بەڵام بەوجۆرە نا پەرلەمانتار بێدەنگ بکرێت."

دەربارەی مەرجەکانی کۆمەڵی ئیسلامی؟ حاجی بیلال وتی" ئێـمە لەبەر ئەوەی تا ئێستا هیچ بڕیارێکی بەشداری کردن یاخود بەشداری نەکردنی حکومەتمان نەداوە بۆیە جارێ هیچ مەرجێکمان دیاری نەکردووە."

بەرپرسی ناوەندی حکومەت و کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بەوەکرد، سێ ساڵ لەمەوبەر لەکۆنگرە بڕیارێک دراوە کە ئێستا هیچ کەس دەسەڵاتی ئەوەنیە بڵێت، بەشداری حکومەت دەکەین یا خود نا، بە مامۆستا عەلی باپیریشەوە، ئەم دەسەڵاتە گەڕێنراوەتەوە بۆ سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی و کادیرە باڵاکانی.واتە ئەمە پەیوەندی نیە کۆمەڵ هەڵوێستی شلکردبێت یا توند بوە پێشتر ئەوە بڕیاری سێ ساڵ لەمەوبەرە."

حاجی بیلال بەدوری دەزانێت، گۆڕانکاری لەسیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕویدابێت لە حکومەتدا وتی" وەک ڕای خۆم هیچ گۆڕانکاریەک لەسیاسەتی پارتی نابینم بەپێچەوانەوە ڕەنگە ئێستا زیاتر بێ منەتر بوبێت، لەبەرامبەر خەڵک و حیزبەکان وە ئەوەی لەڕابردوش کردویەتی هیچ گرەنتیەک نیە کە لەداهاتوو دوبارەی نەکاتەوە، لەوانەیە چەند کەسێک لەسەرکردایەتی هەمان بیروبۆچونی منیان هەبێت، وە خەڵکیش هەیە بەپێچەوانەوە بووە بۆچونی، لەناو کۆمەڵدا بۆچونی ئازاد هەیە و شتەکان بەگفتوگۆی کراوە دەبێت لە ناو سەرکردایەتی."

سەبارەت بەوەی ئایا گۆڕان ڕاوێژی پێکردون بۆ کۆبونەوە لەگەڵ پارتی؟ حاجی بیلال وتی" ڕاوێژمان لەنێواندا هەیە." دەربارەی ئەوەی ئایا گۆڕان ئاگاداریان کردون لەناوەرۆکی کۆبونەوەکەیان لەگەڵ پارت؟ حاجی بیلال وتی" داوای لێبوردن دەکەم ."

ئەندامەکەی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی ڕەتیکردەوە ئەگەر گۆڕان بەشداری حکومەت بکات، کۆمەڵ بەشداری نەکات ببێتە هۆی لێکدورکەوتنەوەی ئەو دوو لایەنە و وتی" ئێـمە لەڕابردوو لەسەر بنەمای هەڵوێستی سیاسی جۆرێک لەهاوپەیمانی زارەکی لەنێوانماندا هەبوو بەهۆی هەڵوێستە هاوبەشە سیاسیەکانمان بێگومان تا ئەو هەڵوێستانە وابێت وەک خۆی دەمێنێت، بەڵام ئەگەر هەڵوێستمان جیابوو بێگومان دورکەوتنەوە ڕودەدات بەڵام هیوادارین لەداهاتوو لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەڵوێستمان یەک بێت نەک تەنها بزوتنەوەی گۆڕان."

لەوەڵامی دواین پرسیار ئایا ئەگەر بەشداری حکومەتتان نەکرد لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ دەبنە یەک لیستی هاوبەش کە ئەوان ئۆپۆزسیۆن بونی خۆیان ڕاگەیاندووە؟ حاجی بیلال وتی" لە ئێستادا هیچ بڕیارێکی لەو شێوە لە ئارادا نیە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:00 0:00

XS
SM
MD
LG