Accessibility links

عەلی حەمە ساڵح:گەورەترین كێشەی گۆڕان نەبوونی روئیایەیه‌كی ڕوونه‌،وه‌ كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان-یش یه‌كێك بوو له‌ هۆكاری كەمبوونی دەنگەكانمان


Ali Hama Salih

لەووتوێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی لیستی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی کوردستان دەڵێت" ئەزمونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتوتر بوو بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم بژاردەی زۆر قورسدایە، چونکە هەرێمی کوردستان سیستم و دۆخەکەی لەسوریا دەچێت نەک لە وڵاتێکی دیموکراسی، دەشڵێت" ئەگەر بۆچونی شەخسی خۆم بێت پێم باشە گۆڕان بەشداری حکومەت نەکات ئەوکات لەناو پەرلەمان هەڵدەستین قسەی خۆمان دەکەین لەسەر ئەو حکومەتەی هەموو گیانی عەیب و عارە، بەڵام بڕیاردان له‌م دۆخه‌دا زۆر قورسه‌ دەبێت گۆڕان بیر لەوە بکاتەوە ئەگەر بووە ئۆپۆزسیۆن دواتر چی؟ وە بۆ چونە ناو حکومەتیش بەهەمان شێوە، هاوکات ئەوەش ناشارێتەوە کە کێشە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کاریگەری لەسەر کەمبونەوەی دەنگەکانی گۆڕان دەشڵێت" لەناو بزوتنەوەی گۆڕان هەیە هەڵسوڕاوە بەشداری حکومەت ناکەین دەڵێت" تێرتان نەخوارد لەقسەی زل، بەشداری حکومەتیش دەکەین "دەڵێت" "تەسلیمی "پارتی و یەکێتی بوون، بۆیە گەورەترین گرفتی گۆڕان ئێستا نەبونی "ڕوئیا"یەكی ڕوون، ئەوەش عەیبە نیە بڵێین کێشەمان هەیە، عەیبە ئەوەیە کێشەمان هەبێت و چارەسەری نەکەین، هەروەها لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەگەر نەوشیروان مستەفا بمایە لەم قۆناغەدا چ بڕیارێکی بۆ گؤران دەدات بەشداری کردن لە حکومەت یا خود بەشدای نەکردن؟ عەلی حەمە ساڵح دەڵێت" کاک نەوشیروان مستەفا لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا تێبینی زۆری لەسەر خەباتی پەرلەمانی هەبوو جیاواز و پێچەوانە لەو ڤیدیۆیەی کەهەیە، بەڵام من پێم وایە ئەگەر کاک نەوشیروان بمایە هەڵبژاردن بەشێوەیەکی تر دەبوو ڕاستە ساختەکاری دەبوو بەڵام کاک نەوشیروان بڕیاری دەدا لانی کەم دۆخەکە بە ئێستا نەدەگەیشت بەڵام نازانم بڕیاری چوون یا نەچونی حکومەتی دەدا بەڵام ئەوە دەزانم لە کۆتاییەکانیدا گەیشتە ئەو بۆچونەی ئایا خەباتی پەرلەمانی دەگاتە ئەنجام یاخود نا؟"هاوکات ڕەخنەش لە نەوەی نوێ دەگرێت و دەڵێت" لەکاتێکدا وتیان ناچینە پەرلەمان کەچی ئێستا دەڵێن با فڕاکسیۆنی ئۆپۆزسیۆن پێکبهێنین، خۆی مامۆستا عەلی باپیر جوانی جواب دانەوە وتی" سەرەتا پێش هەموو شتێک دەبێت متمانە دروست بکەن، چونکە ئێمە تا ئێستاش نازانین چییان دەوێت جارێ با ئەوان متمانەی خۆیان دروست بکەن."

گۆڕان دوو دڵە لەبەشداری کردن لە حکومەتی داهاتووی هەرێم؟

عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی لیستی هەڵبژاردنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت"عەلی حەمەساڵح لەسەرەتای وتووێژەکەدا لەبارەی ئەوەی بۆچی گۆڕان تا ئێستا خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە لەبەشداری کردن لەحکومەت یاخود نا؟ وتی" بابەتەکە خۆ یەکلایی کردنەوە نیە، بەڵکو ئێـمە کۆمەڵێک سکاڵامان پێشکەشکردووە چاوەڕێی ئەنجامی ئەو سکاڵایانەیان، دواتر ئێمـە جڤاتی گشتیمان هەیە ئەندامانی جڤات بۆچونی شوێنەکان وەردەگرن وەهەروەها ژوورەکانیش، جگە لەوەی ڕا و بۆچونی خەڵکی ڕۆشنبیری و خەڵكی تەکنۆکرات و دەرەوەی بزوتنەوەکە وەردەگیرێت دواتر بەخوێندنەوەی خۆمان بۆ دۆخەکە کە کام بژاردە بۆ ئێمە باشە بەشداری کردن یاخود بەشداری نەکردن لەحکومەت ئەوکات ئێمەش بڕیاری خۆمان دەدەین."

ڕەتیشیکردەوە گۆڕان دڵی پێوەبێت بەشداری حکومەت بکات و وتی" بابەتەکە دڵ پێوەبوون یاخود دڵ پێوە نەبوون نیە، چونکە ڕاشکاوانەتر بڵێم هەردوو بژاردەکە( بەشداریکردنمان لەحکومەت یاخود بەشداری نەکردن " ئیجابیات و سلبیات"ی خۆی هەیە، یەکەم بژاردە حکومڕانی کردن لەگەڵ پارتی و یەکێتی لەڕابرردوو ئەزمونێکی قورس بووە، دووەم ڕەنگە ئۆپۆزسیۆن بوون ئاسانترین شت بێت لەم وڵاتە قسەکردن و ڕەخنەگرتن بێت بەڵام دوای ئەوە چی؟ وە بابەتێکی تر هەیە کە کۆمەڵێک بابەتی تر هەیە کەهەندێک لەڕۆشنبیرەکان سەرنجیان ناردووە، ئەویش ئەوەیە لەبەر ئەوەی لەم وڵاتە سیستمی دیموکراسی نیە دەبێت بڵێین ئێـمە ناچینە ناو دەسەڵاتەوە نەک ئۆپۆزسیۆن بوون چونکە ئۆپۆزسیۆن بوون لە سیستمی دیموکراسیدا دەبێت، بۆیە دەبێت بوترێت گۆڕان دەچێتە حکومەتەوە یاخود ناچێتە حکومەتەوە، بەڵام دوای ئەوەچی کەنەچوینە حکومەتەوە چی؟!"

عەلی حەمە ساڵح باسی لەوەشکرد" خەڵکێک لەناو گۆڕان و لایەنگری گۆڕان هەن کە دژی ئەوەن تەنانەت بچینە پەرلەمان، بەڵام دەبێت گفتوگۆی ‌هەموو شتەکان بکەین ، ئەگەر بینە ئۆپۆزسیۆن چی دەکەین دوای ئەوە؟ ئەی ئەگەر بچینە حکومەت چی دەکەین؟ هەردووکی یەک دنیا خاڵی ڕەش و گەشی تێدایە بەڵام لە ئەنجامدا هەموو شتەکان دیراسە دەکەین کامەیان بەرژەوەندی گشتی تێدابوو بڕیاری ئەوەدەدەین."

عەلی ساڵح ئاماژەی بەهەڵوێستی شەخسی خۆی کرد وتی" ئەگەر گۆڕان بڵێت مەچنە پەرلەمان یەکەم کەسم پابەند دەبم بەو بڕیارەی گۆڕان، ڕەنگە بۆ من ئاسانترین شت ئۆپۆزسیۆن بوون بێت چونکە لەناو پەرلەمان هەڵدەستم قسەی خۆم دەکەم ڕەخنە دەگرین لەو حکومەتەی کەهەموو گیانی عەیب و عارە، بەڵام دەبێت بیر لەبەرژەوەندی گشتی و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان بکەینەوە ، بۆیە لای خۆم حەزێکی شەخسی هەیە کەنەچینە حکومەتەوە بەڵام دەبێت بیر لەبەرژەوەندی گشتی بکەینەوە بەتایبەت من کەسەرۆک لیست بووم ئەو دەنگەم هێناوە دەبێت بیر لەبەرژەوەندی گۆڕان خوازان و گشتی بکەینەوە ڕۆژانە بۆ ئەو مەبەستە لە پەیوەندیداین "

هەروەها ئەوەشی وت" ڕاستە خەڵکێک هەیە توندە ڕەتی دەکاتەوە بەشداری حکومەت تەنانەت پەرلەمانیش بکات گۆڕان، بەڵام لەبەرامبەردا ڕۆژانە خەڵکیش هەیە پەیوەندی دەکات پێی باشە کەبچینە حکومەتەوە و دەڵێن ئەوە دە ساڵە نانبڕاو دەکرێین، لێمان دەدرێت، لانی کەم با وەزیرەکانتان بچنە ئەنجومەنی وەزیران ڕێگری لەتێپەڕاندنی هەندێک شتی پارتی و یەکێتی بگرن و ئەم وڵاتە پەنجا بەپەنجا بۆ پارتی و یەکێتی بەجێ مەهێڵن، پێمان دەشڵێن" ئۆپۆزسیۆن بوون لەم وڵاتە سودی نیە، واتە بەڕاستی بڕیاردان لەو دوو بژاردەیە قورسە، ئەگەر لەوڵاتێکی دیموکراسیدا بوینایە زۆر ئاسان بوو بڕیاردان بەڵام ئێـمە لەوڵاتی دیموکراسیدا نین."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەی چۆن ڕازین بچنە حکومەت و دەسەڵاتێکەوە کە خۆت بە نادیموکراسی و دیکتاتۆر ناویان دەبەی؟

عەلی حەمەساڵح وتی" ئەگەر دەسەڵاتم هەبوایە مەبەستم بەهێزی چەک نا، ئاواتەخواز بووم پارتی و یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا وەک زۆرینە کۆتاییان پێ بهاتایە، بەڵام ئێمە لەوڵاتێکدا دەژین کە لە سوریا و تورکیا دەچێت نەک لە وڵاتێکی ئەسکەندەنافیا، بەڵێ ئەم دوو حیزبە هەتا بڵێی دیکتاتۆرن، گەندەڵن، حکومڕانی خراپیان کردووە، بەڵام ئێمە لەبەردەم بژاردەی قورسداین لەگەڵ ئەوەشدا لەچەند ڕۆژی ئایندەدا گۆڕان کە هەڵ دەدات لەگەڵ گۆڕان بڕیاری یەکلایی کەرەوە بدات."

ئایا لەنێوان گۆڕان و پارتیدا هیچ کۆبونەوەیەکی نهێنی لەسەر حکومەت کراوە؟

سەرۆکی لیستی هەڵبژاردنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە گۆڕان و پارتی هیچ کۆبونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ پارتی هەبوبێت، وتی" ئەگەر بچینە حکومەت بە ئاشکرا کۆدەبینەوە و دەڵێین ئەوە بەرنامەی ئێـمەیە بۆ حکومەت، برادەرێکی خۆمان شتێکی نوسیبوو گوایە لەشەقڵاوە کۆبوینەتەوە منیشی تێدابوم، ئێ ئاخر من پێنج مانگە نەچومەتە شەقڵاوە، بەڵام لەچەند ڕۆژی ئایندە دوای یەکلایی کردنەوەی ئەنجامی سکاڵاکانمان و کۆبونەوەی جڤات، هەوڵدەدەین لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی پێکەوە بڕیاری هاوبەش بۆ چوار ساڵی ئایندە بدەین جا یان بۆ ئۆپۆزسیۆن بوون یا بۆ چونە ناو حکومەت، بەڵام مەترسیش هەیە کە خەڵک تا ئێستاش نانبڕاو کراوە، خەڵک تێلی بۆ کردوم دەڵێت" کاک عەلی من لەبەر ئەوەی دەنگم بە ئێوە داوە نەقڵم دەکەن یا لەهێزەکانی 70 دەرم دەکەن ، یا دەڵێن با لەوە زیاتر نانبڕاوتر نەکرێین بەڵام لەولاشەوە گەنج هەیە بەتوندی ڕەتیدەکاتەوە بچینە ناو حکومەت هەریەکەشیان ڕەوایەتی خۆیان هەیە. "

عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی نەشاردەوە کە "گۆڕان لە ئەزمونی ئۆپۆزسیۆن بوون سەرکەوتوتر بووە وەک لە ئەزمونی بەشداریکردن لەحکومەت، بەڵام لەم "واقیعەدا" بڕیاردان زۆر زۆر قورسە، وەک وتم ئەگەر ڕای شەخسی خۆم بێت بە"عاتیفە" من ئۆپۆزسیۆنم بونم پێ باشە و زۆر زۆر گرنگە بەڵام سەیری دەرئەنجامەکان دەبێت بکەین لە "واقیع"دا چی لێدەکەوێتەوە؟.من بەرپرسیارێتیەکی گەورەم لەسەر شانە کەبەم هەموو ساختەکاریە 92 هەزار دەنگم هێناوە دەبێت بەرژەوەندی هەموو ئەوانە و ئەوانەشی دەنگیان بەلیستەکە داوە لێکبدەمەوە ، بەڵام دەبێت ڕای زۆرینەی جڤات ببێتە بڕیار هەرواش دەبێت"

"کاک نەوشیروان مستەفا لەکۆتاییەکانی تەمەنیدا تێبینی زۆری لەسەر خەباتی پەرلەمانی هەبوو پێچەوانەی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوبووەوە"

لەبەشێکی تری قسەکانیدا عەلی حەمە ساڵح ئاماژەی بەهەڵوێستی نەوشیروان مستەفا کرد لەکۆتایی تەمەنیدا، وتی" کاک نەوشیروان مستەفا لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا تێبینی زۆری لەسەر خەباتی پەرلەمانی هەبوو جیاواز و پێچەوانە لەو ڤیدیۆیەی کەهەیە، بەڵام من پێم وایە ئەگەر کاک نەوشیروان بمایە هەڵبژاردن بەشێوەیەکی تر دەبوو ڕاستە ساختەکاری دەبوو بەڵام کاک نەوشیروان بڕیاری دەدا لانی کەم دۆخەکە بە ئێستا نەدەگەیشت بەڵام نازانم بڕیاری چوون یا نەچونی حکومەتی دەدا بەڵام ئەوە دەزانم لە کۆتاییەکانیدا گەیشتە ئەو بۆچونەی ئایا خەباتی پەرلەمانی دەگاتە ئەنجام یاخود نا؟"

دەربارەی ئەوەی بەبۆچونی تۆ ئەگەر گۆڕان بەشداری حکومەت بکات لەهەڵبژاردنی داهاتوو زیان ناکات؟ عەلی حەمە ساڵح وتی" من بۆچونێکی پێچەوانەم هەیە ئەگەر سەرکردەکانی گۆڕان و گەنجە ئازاکانی "ڕوئیایەک"ی ڕوون دارێژنەوە کەنەبونی ئەو "ڕوئیا"یە گەورەترین گرفتە، وە کێشە ناوخۆییەکانمان چارەسەر بکەین سەرکەوتوو دەبین و دەنگیشمان زیاد دەکات، وە لە ئۆپزۆسیۆن بونیشدا دەبێت ڕوئیای هاوبەشمان هەبێت، واتە کێشەکە ئەوەندەی نەبونی "ڕوئیا" وە کارنەکردنە بەیەک تیمی ئەوەندە گرفت نیە لەبەشداریکردنمان لەحکومەت چونکە خۆ کاک نەوشیروان بمابوو بەشداری حکومەتمان کرد بەڵام هەڵبژاردنی دوای ئەوە دەنگەکانمان بەو جۆرە کەمی نەکرد، چونکە کاک نەوشیروان" ڕوئیای"ی هەبوو بۆ بەشداری لەحکومەت و وەزارەتەکان."

عەلی حەمەساڵح ئەوەشی نەشاردەوە کە هۆکاری کەمبونەوەی دەنگەکانی گۆڕان بەتەنها ساختەکاری نەبووە و وتی" ساختەکاریەکی گەورە کراوە ڕاستە گەورەتر لەجارانی پێشوو، بەڵام نەمانی کاک نەوشیروان کە خەڵکێک هەبووە متمانەی بەکاک نەوشیروان هەبووە دەنگی داوە بەکاک نەوشیروان، وە بەڕاستی هۆکارێکی تر بەڵێ ئێـمە گرفتی ناوخۆیمان هەبووە کە ئەوانە هۆکاری کەمبونەوەی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕانن، خۆی حیکمەت لەوە نیە گرفتەکە بشاریتەوە حیکمەت لەوەیە چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان بکرێت کۆنگرە بکرێت و هەڵبژاردنی ناوخۆیی بکرێت."

دەربارەی ئەوەی ئەو کێشە ناوخۆییانە چەندە کاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی گۆڕان بڕیاری پێنەدرێت لەبەشداری کردن لەحکومەت؟

عەلی حەمە ساڵح وتی" بێگومان ئەم کێشە ناوخۆییانە بەدڵنیایەوە کاریگەری هەبووە لەوەی گؤران بڕیاری پێنەدرێت لەبەشداری کردن لە حکومەت یاخود بەشداری نەکردن ، چونکە هەر هەڵسوڕاوی گۆڕان هەیە بەیانی ببیت ئۆپۆزسیۆن دەڵێت" تێرمان خوارد لەقسەی زل، خۆ ئەگەر بشچینە حکومەت بەگۆڕان دەڵێت" تەسلیمی پارتی و یەکێتی بوون، ناچیتە پەرلەمان دەڵێت، بابە بچۆرە پەرلەمان تۆ ڕێکخراوی () نیت، بەدڵنیاییەوە یەکڕیزی و یەک دەستی سەرکردەکانی گۆڕان کاریگەری زۆری هەیە، وە خەڵکی ئێمەش پشوو کورتە، بەبەڵگە دەڵێم خەڵک نەچونە سەر سندوقی دەنگدان و پاداشتی پارتی و یەکێتیان کرد بەو نەچونە دەنگەکانیان ساختە کرا، واتە چ لۆژیکی تێدایە دوای چوار ساڵی نەهامەتی و لەدەستدانی نیوەی خاک پارتی و یەکێتی کورسیەکان زیاد بکات؟! سلێمانی کە بە "مەنبەع"ی ناڕيزایی دادەنرێت ئەگەر ئومێدێک هەبێت بۆ گۆڕانکاری لەم شارەیە بەڵام قەت لە 1%ی نەهاتۆتە خۆپیشاندان."

ڕاشیگەیاند" ئێ باشە خەڵک نایەتە خۆپیشاندان، وە ناچێتە سەر سندوقی دەنگدان ، دێت یەخەی من بۆ گؤرانکاری دەگرێت! وەک ئەوە وایە کەسێک توانای هەڵگرتنی 20 کیلۆی هەبێت بڵێێ ئەبێت پەنجا کیلۆ هەڵگری ئامادەش نەبێت سوچێکت لەگەڵ هەڵگرێت."

"دەبێت نەوەی نوێ سەرەتا متمانە دروست بکەن ئەوکات داوای پێکهێنانی فڕاکسیۆنی ئۆپۆزسیۆن بکەن"

لەدواین تەوەری گفتوگۆکەدا دەربارەی بانگەشەو داواکاری جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنی گەورەی ئۆپۆزسیۆن لەنێوان لایەنەکان؟ عەلی حەمەساڵح وتی" من پێم وایە ئەمەی نەوەی نوێ دەیکات هەڵەیە لەدوای هەڵە، مامۆستا عەلی باپیر جوانی جواب دانەوە وتی" دەبێت سەرەتا متمانە هەبێت"، دوای ئەوە فراکسیۆن دەبێت لەناو پەرلەمان بێت ئێ ئەوان دەڵێن ئێمە نایەینە ناو پەرلەمان کە من دڵنیام دێن، وە ئێمە تا ئێستا لەنیەتەکانی ئەوان دڵنیانین، وە باشتربوو ئەوان ئەوەندەی دژایەتی بەرەی ناڕازی دەکەن بچونایە دژایەتی پارتی و یەكێتریان بکردایە باشتربوو، وە ئەوەندەی دڵیان بەوە خۆشە کورسیەکانیان لە یەکگرتوو کۆمەڵ زیاترە دەبوو دڵیان بەوە خۆشبوایە کە چەندە کورسی پارتی و یەکێتیان کەم کردۆتەوە، وە نامەیەکیان نوسیووە دوو شتی دژی یەکی تێدایە دەڵێن با بچینە پەرلەمان بۆ فراکسیۆنی هاوبەش، وە دەڵێت بابچینە شەقام !، بەڵی 8 کورسیان هێناوە "واقیعن" بەڵام پەیامەکەم ڕوونە پێش کارکردن دەبێت متمانە دروست بکەن، با ئەوان متمانەی خۆیان دروست بکەن، لەنێوان ئێمە و کۆميلی ئیسلامی یەک کاغەزی نوسراو نیە، بەڵام متمانەمان بەیەکتر هەیە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:20 0:00

XS
SM
MD
LG