Accessibility links

قوباد تاڵەبانی: بڕیارەکانی کۆمسیۆن نانەوەی"فەوزا" و شێواندنی ئارامی هەڵبژاردن و گەلەکۆمەکێیەکی ترە لەیەکێتی


 قوباد تاڵەبانی سەرۆکی لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان -فۆتۆ/ فەیس بووکی قوباد تاڵەبانی
قوباد تاڵەبانی سەرۆکی لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان -فۆتۆ/ فەیس بووکی قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی سەرۆکی لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەخنە لە شەش بڕیارەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆ و ڕاپرسی لەهەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت"سەرەڕای ترس ونیگەرانییەکانمان‌ لەوەی ئامانجی ئەم بڕیارە نایاسایی‌و درەنگ وەختە سەرلێشێواندنی دەنگدەر ‌و نانەوەی فەوزایە‌، بەڵام لەبڕوای تەواومان بە گرنگی پرۆسەکە، داواکارین لەدەنگدەرانی خۆشەویست کە ئەم بڕیارانە نەبنە مایەی ساردبونەوەیان لەپرۆسەی دەنگدان، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەوڵبدەن بەڵگەنامەی پێویست لەگەڵ خۆیاندا بەرن‌و ئەم بڕیارانە هێندەی تر سوریان بکات بەپەرۆشەوە بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بڕۆن، چونکە پێمان وایە ئەمە بۆ جارێکی تر گەلەکۆمەیەکی ترە لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵام ئیرادەی یەکێتیی ناشکێندرێت."

تاڵەبانی لەپەیامێکدا کە ئەمڕۆ لە ئەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بڵاویکردەوە دەربارەی بڕیارەکانی شەوی ڕابردووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆ و ڕاپرسی لەهەرێمی کوردستان دەڵێت"گومان لەوەدا نییە کە بەندە‌ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاڵپشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد ‌و دوور لەساختەکارین کە لەکاتی خۆیدا‌و بەپێی رێنماییەکان ئەنجامبدرێت، بەڵام مافی ئەوەش بەخۆمان دەدەین کە گومان‌و نیگەرانییەکانمان سەبارەت بە بڕیارەکانی دوێنێ شەوی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن بخەینە روو کە بونەتە جێگەی گومان‌‌و پرسیار لەلای ئێمە، بەتایبەت کە سەرلەبەریان نایاسایین‌و گومان دەکەین مەبەستیان لەپشتەوە بووبێت لەپێناو شێواندنی ئارامیی پرۆسەی هەڵبژاردن."

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی نوسیووە" ئەم بڕیارانە بەلای ئێمەوە، بڕیاری سەرپێی‌و دژ بەیاسا‌و بنەما نێودەوڵەتی‌و دەستوریییەکانن. ئەمە جگە لەوەی لەبنەڕەتەوە دژ بە یاسا‌و پەیڕەوەکانی خودی کۆمسیۆنن."

لەبڕیاری یەکەمی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆ و ڕاپرسی لەهەرێمی کوردستان_عیراق هاتبوو: " پێویسته‌ ده‌نگده‌ر ناسنامه‌ و ڕه‌گه‌زنامه‌ی عیراقی پێكه‌وه‌ له‌كاتی ده‌نگداندا پێبێت سه‌باره‌ت به‌ كارتی نیشتمانی و پاسپۆرت ئه‌وا یه‌كێك له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ به‌سه‌، به‌ڵام ده‌بێت ناسنامه‌ و ڕه‌گه‌زنامه‌"ته‌سكه‌ره‌ و جنسیه‌ی" پێكه‌وه‌ پێبێت له‌كاتی ده‌نگدان، وه‌ نوێنه‌ری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و چاودێره‌كان مافی وردبینیان هه‌یه‌ له‌ناسنامه‌ و ڕگه‌زنامه‌كه‌ هه‌روه‌ها مافیان هه‌یه‌ كه‌ وێنه‌ی له‌ڕێگای مۆبایله‌وه‌ بگرن."

سەرۆکی لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئەم بڕیارە ڕایگەیاندووە" سەپاندنی هەڵگرتنی دوو بەڵگەنامەی خۆناساندن بۆ دەنگدان‌و مافی پوچەڵکردنەوەی بنکەی دەنگدان بەبێ سکاڵا‌و تانە لەلایەن کۆمسیۆنەوە، هەروەها پێدانی مافی وێنەگرتنی بەڵگەنامەی دەنگدەران لەلایەن بریکاری قەوارەکانەوە‌و پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن بەڕێژەی دوو لەسەر سێ لەبری زۆرینە، بەشێکی بڕیارەکان بوون."

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی وتووە" دەرکردنی ئەم بڕیارانە تەنها ١٠ کاتژمێر بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، مافی تانەدانیشی بۆ قەوارە سیاسییەکان نەهێشتۆتەوە‌. سەرەڕای ترس ونیگەرانییەکانمان‌ لەوەی ئامانجی ئەم بڕیارە نایاسایی‌و درەنگ وەختە سەرلێشێواندنی دەنگدەر ‌و نانەوەی فەوزایە‌، بەڵام لەبڕوای تەواومان بە گرنگی پرۆسەکە، داواکارین لەدەنگدەرانی خۆشەویست کە ئەم بڕیارانە نەبنە مایەی ساردبونەوەیان لەپرۆسەی دەنگدان، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەوڵبدەن بەڵگەنامەی پێویست لەگەڵ خۆیاندا بەرن‌و ئەم بڕیارانە هێندەی تر سوریان بکات بەپەرۆشەوە بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بڕۆن، چونکە پێمان وایە ئەمە بۆ جارێکی تر گەلەکۆمەیەکی ترە لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵام ئیرادەی یەکێتیی ناشکێندرێت.. سەفین لەبن دێ یەکێتی لەبن نایەت(قوباد تاڵەبانی وای نوسیووە)."

شەوی ڕابردوو کاتژمێر (9:30) بەکاتی بەغداد، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆ و ڕاپرسی له‌هه‌رێمی كوردستانی عیراق له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌شاری هه‌ولێر ئه‌نجامیدا شه‌ش بڕیاری نوێی بۆ به‌ڕێوه‌چونی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد، كه‌ به‌وته‌ی وته‌بێژی فه‌رمی كۆمسیۆن مه‌به‌ست له‌و بڕیارانه‌ "زیادكردنی متمانه‌ی هاوڵاتیانه‌ به‌ كۆمسیۆن و پڕۆسی ده‌نگده‌ران وه‌ڕێگری كردنه‌ له‌ساخته‌كاری."

XS
SM
MD
LG