Accessibility links

"تیمەکانی "UN" و نزیکەی 2000 چاودێری نێودەوڵەتی و نێوخۆیی چاودێری پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن"


شۆڕش حەسەن بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پەیوەندی و ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان

لەمیانەی وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا شۆڕش حەسەن بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پەیوەندی و ڕاگەیاندن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" نزیکەی (2000) چاودێری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەگەڵ تیمەکانی "یوئێن" نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێری پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

شۆڕش حەسەن بەدەنگی ئەمریکای وت"لەڕێگای کۆمسیۆنەوە ئاگاداری بۆ لایەنە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان نێردراوە کە کێ دەیەوێت چاودێری پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکات خۆی تۆمار بکات و ئاسانکاری هاتنیان بۆ کراوە."

وتیشی: جگە لە(37) تیمی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عەرەبی و نێودەوڵەتی کەهاتونەتە کوردستان بەمەبەستی ڕوماڵی ڕۆژنامەوانیپڕۆسەکە، ( 30) تیمی نێودەوڵەتی کە(300) ئەندامن بەمەبەستی چاودێری پڕۆسەی هەڵبژاردن هاتونەتە کوردستان، هەروەها (143)تیمی نێوخۆ-یش لەپارێزگا جیاوازەکان کە نزیکەی(1500) ئەندام دەبن چاودێری پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن."

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پەیوەندی و ڕاگەیاندن لە لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت" ماوەی مانگێکە تیمەکانی(یوئێن) هاوکاری کۆمسیۆن دەکەن لەپێدانی ڕێنمایی و وە ئەمرؤش تیمەکانیان لەپارێزگا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێن و چاودێری بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان دەکەن."

شۆرش ‌حەسەن ئەوەشی وت" پاش هەڵبژاردنەکان ئەم تیمە نێودەوڵەتی و نێوخۆییانە ڕاپۆرتی خۆیان دەنوسن لەسەر شێوازی بەڕێەوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان، بۆیە جگە لەوەی بونی چاودێری زیاتر بەسەر پڕۆسەکەوە دڵنیایی زیاتردەداتە هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەکان لەسەر "شەفافیەت"ی پڕۆسەکە، هاوکات بۆ کۆمسیۆنیش گرنگە چونکە ئەمە یەکەم ئەزمونی هەڵبژاردنە کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبات."

ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر (8:00) بەکاتی هەولێری پایتەختی هەرێمەکە، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی (111) ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی هەرێمی کوردستان_ عیراق دەستیپێکرد.

XS
SM
MD
LG