Accessibility links

سه‌فین دزه‌یی: هەموو ئامادەكارییەك بەئامانجی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەردو نەمانی گلەیی لایەنەكان كراوە


سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

له‌میانه‌ی وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌موو پێداویستیه‌ك و بودجه‌ی پێویست بۆ كۆمسیۆن ئاماده‌كراوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ تا پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی پاك و بێگه‌رد به‌ڕێوه‌بچێت و لایه‌نه‌كان گلله‌ییان نه‌مێنێت، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی كراوه‌ له‌هه‌موو چاودێر و ڕۆژنامه‌نوسانی نێوده‌وڵه‌تی و نێوخۆیی كه‌ بیانه‌وێت چاودێری و ڕوماڵی پڕۆسه‌ی ده‌نگدان بكه‌ن، هه‌روه‌ها ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌" هیچ فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندێكی هێزه‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و فه‌رمانبرێكی حكومی له‌سه‌ر ده‌نگدان به‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌ به‌شداربووه‌كان سزابدرێن له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، دزه‌یی داواش ده‌كات" له‌دوای پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن لایه‌نه‌كان به‌ ڕۆحێكی وه‌رزشی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن قبوڵ بكه‌ن چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ پڕۆسه‌ و سیمای دیموكراسی( سه‌فین دزه‌یی وای وت)."

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا سەبارەت بەوەی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان چەندە کاریگەری هەبووە لەدابین کردنی پێداویستیەکانی هەڵبژاردن و ئامادەکارییەکان و تەرخانکردنی بودجە بۆی؟ سه‌فین دزه‌یی وتی وتی" بێگومان ڕاستە قەیرانی دارایی هەبوو بەڵام ئێستا دۆخەکە تاڕادەیەک باشبووە ئەگەرچی قەیرانی دارایی هەربەردەوامە بەڵام توانراوە موچە بکرێتە(30)ڕۆژ جارێک وە تاڕادەیەکی باش پاشەکەوتی موچە لادراوە، بەڵام هەموو ئەوانە کاریگەری نەبوو لەسەر ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن و تەرخانکردنی بودجە بۆ پڕۆسەکە بەپێچەوانەوە لەکاتی خۆیدا داوای چیکرا دابین کرا، تا هیچ لایەک گللەیی نەبێت و پڕۆسەکە بەشێوازێکی ڕوون بەڕێوەبچێت."

وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد"لەسەرەتای بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەستکردن بە ئامادەکارییەکان کۆمسیۆن داوای بڕی(20)ملیۆن دۆلاریان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن کرد، بێگومان بەشێک لەو بڕە پارەیە بۆ کڕینی کەلوپەل بەشێکیشی لەڕۆژی پڕۆسەکەدا خەرج دەکرێت."

دزەیی ئاماژەی بەوەشکرد"هەموو ئامادەکارییەک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کراوە تا پڕۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ڕێک و پێک و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت لایەنی ئاسایش گیراوەتە بەر، هەموو ئەوانەش ئامانج لێی ئەوەیە پڕۆسەکە بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت و لایەنەکان گللەییان نەبێت."

وتیشی" ڕەنگە گللەیی هەبێت بەڵام گرنگە لەکاتی خۆیدا ئەو گللەییە ئاڕاستەی کۆمسیۆن بکرێت، زۆرجاریش ڕەنگە لایەنێک پێشبینی بەرز بۆ خۆی بکات بەڵام کە ئەو پێشبینیەی وادەرناچێت ئیتر دەکەوێتە گللەیی و گازەندە هەتا تۆمەت-یش هەندێکجار، وەک وتم گرنگە ئەو گللەیی و سکاڵایانە لەکاتی خۆیدا لای کۆمسیۆن تۆماربکات."

سەبارەت بەدەنگۆی سزادانی فەرمانبەران و کارمەندانی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ و پێشمەرگە لەسەر دەنگدان بەلایەنێکی سیاسی ، سەفین دزەیی ڕەتیکردەوە و وتی" ئەو دۆخەی لەکوردستان هەیە"واقیعێک"ە هەموومان دەزانین کە هەرکەسە و بیروباوەڕی سیاسی هەیە، بەڵام ئەم بیروڕا سیاسیە بۆ هەر کەس فەرمانبەرە یا ئەندامی هێزی چەکدارە یا پێشمەرگە لەدوای دەوام کاتژمێر(3)ی پاش نیوەڕۆ ئازادە دەچێتە مەڵبەند، مەکۆ،لق و ناوچە... یا هەر دامەزراوەیەکی حیزبی.وه‌ مافی ده‌نگدانی خۆی چۆن به‌كاردێنێت كه‌س سزا نادرێت به‌هیچ جۆرێك له‌سه‌ر ده‌نگدان."

ڕاشیگه‌یاند" ئەوەی جێی دڵخۆشیە لەم پڕۆسەیەدا ئەوەیە کۆمسیۆن دوور لەهەر دەستوەردانێکی حیزبی پڕۆفیشناڵانە کارەکانی خۆی ڕاپەراندووە بۆ ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەش جێگای دەستخۆشی و سوپاسە، مانگێک لەمەوبەر ڕایانگەیاند کە تۆماری دەنگدەرانیان بەڕێژەی (95% )پاککردۆتەوە بێگومان ئێستا بۆتە لە(100%) هیچ ناوی مردوو دوبارە نیە و کەس ناتوانێت زیاتر لەجارێک دەنگبدات.."

سەبارەت بەچاودێری پڕۆسەکەش، وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد" پڕۆسەی هەڵبژاردن جێێ بایەخی وڵاتانە، بۆیە حکومەتی هەرێم و کۆمسیۆنیش پێشوازی کردووە لەهەر چاودێرێکی نێوخۆیی یاخود نێودەوڵەتی کە لەڕێێ دیبلۆماتکارەکانی وڵاتان و نوێنه‌ره‌كانیان یاخود دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بیانەوێت چاودێری و ڕوماڵی پڕۆسەکە بکەن بەشێک لەو چاودێرانە خۆیان داوایان کردووە لەحکومەت و کۆمسیۆن بێن چاودێری پڕۆسەکە بکەن، بەشێکیش لەوانە لەڕێگای فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمەوە داوایان کردووە. بەدڵنیاییەوە پێشوازی لەهەموویان کراوە، باجی تایبەتیان بۆ دروست کراوە لەلایەن کۆمسیۆنەوە چ بۆ چاودێرەکان چ بۆ ڕۆژنامەنوسانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی. ئێمە خۆشحاڵ دەبین چەندە چاودێر زیاتر بێت جێگای پێشوازییە."

سەفین دزەیی لەکۆتایدا هیوای خواست هەموو لایەنەکان ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە ڕۆحێکی وەرزشی قبوڵ بکەن و وتی" بڵێیین کەموکوڕی نابێت شتی وانابێت، چونکە بینیمان لەهەڵبژاردنی ئەمریکا و وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ئەوروپا-ش کەموکوڕی هەیە بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو کەموکوڕییانە بە ئەنقەست نەبێت، وە کۆمسیۆن و حکومەت هەموو کارێکی سەرخستنی پڕۆسەکەیان کردووە بەدڵنیاییەوە، هیوادارین لایەنە سیاسیەکانیش دوای هەڵبژاردنەکان ئەنجامەکان بە"ڕۆحێکی وەرزشی"قبوڵ بکەن، چونکە پڕۆسەی دیموکراسی بەتەنها دەنگدان نیە بەڵکو قبوڵکردنی ئەنجامەکانیش بەشێکی گرنگ و سیمایەکی جوانی دیموکراسیە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:15:32 0:00

XS
SM
MD
LG