Accessibility links

د. یوسف محه‌مه‌د: له‌باره‌ی په‌سه‌ندنه‌كردنی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌دوێت


د.یوسف محمد سه‌رۆكی ده‌سله‌كاركێشاوه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق

د.یوسف محمد سه‌رۆكی ده‌سله‌كاركێشاوه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق ده‌ڵێت" هه‌رچه‌نده‌ خۆی ئێستا په‌رله‌مانی كوردستان له‌ قه‌یراندایه‌و له‌ماوه‌ی درێژكراوه‌دایه‌ به‌ڵام هیواخوازم به‌زوترین كات سه‌رۆكێكی نوێ بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت،من تائێستاش به‌فه‌رمی سه‌رۆكی په‌رله‌مانم و ده‌توانم ڕۆژانه‌ وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان كاربكه‌م به‌هۆی په‌سه‌ندنه‌كردنی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌م، به‌ڵام وه‌ك مه‌بده‌ئی خۆم هیچ شتێكم به‌ناوی په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌دوای ده‌سلكاركێشانه‌وه‌كه‌م نه‌كردووه‌، ده‌شڵێت" ئه‌گه‌رچی په‌سه‌ندنه‌كردنی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌م له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ كێشه‌ بۆ من دروست ناكات، به‌ڵام له‌كوردستان كێشه‌ی بۆ دروست كردوم كه‌ ئه‌گه‌ر به‌زویی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌م قبوڵ بكرایه‌ ئه‌وا ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ زانكۆ تا ده‌ست به‌كاربونم له‌په‌رله‌مانی عیراق وه‌ك مامۆستای زانكۆ كاره‌كانم ده‌كرد."

دوای نزیكه‌ی حه‌وت مانگ به‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی نامه‌ی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی، به‌ڵام هێشتا په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانی-عیراق ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی (د.یوسف محه‌مه‌د) سه‌رۆكی په‌رله‌مانیان په‌سه‌ند نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌رچی ناوبراو كاندیدی هه‌ڵبژێردراوی په‌رله‌مانی عیراقه‌.

د.یوسف محه‌مه‌د كه‌ تا ئێستاش به‌فه‌رمی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌میانه‌ی گفتوگۆیكدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی" به‌ڕاستی ده‌بوو زوو كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان چاره‌سه‌ربكرایه‌، سه‌رۆكێكی نوێ بۆ په‌رله‌مان دیاری بكرێت تا ئه‌و لاسه‌نگیه‌ی ئێستا له‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكرێت به‌ڕاستی جێی داخه‌ تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی به‌نده‌ قبوڵ بكه‌ن و سه‌رۆكێكی نوێ دیاری بكه‌ن."

د.یوسف محه‌مه‌د ڕاشیگه‌یاند"وه‌ك كێشه‌ی یاسایی هیچ كێشه‌یه‌كی یاسایی بۆ من دروست ناكات چونكه‌ به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق و په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی عیراق ئه‌گه‌ر له‌هه‌مانكاتدا ئه‌ندامی هه‌ڵبژێردراوی دوو ئه‌نجومه‌ن بیت ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا یه‌كیان هه‌ڵنه‌بژێریت ئه‌وا به‌ده‌سله‌كاركێشاوه‌ داده‌نرێیت له‌پۆسته‌كه‌ی پێشوت له‌به‌ر ئه‌وه‌ كێشه‌ی یاسایی بۆ من دروست نابێت چونكه‌ لگه‌ڵ سوێند خواردنم به‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان ئه‌ژمارده‌كرێم به‌ڵام من هیوادارم به‌زویی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرێت و ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئێمه‌ قبوڵ بكرێت."

دوێنێ دوو شه‌ممه‌ بێگه‌رد تاڵه‌بانی سكرتێری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی هۆكاری په‌سه‌ندنه‌كردنی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند" په‌سه‌ندكردنی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان په‌یوه‌سته‌ به‌ ڕێكه‌وتنی پارتی و یه‌كێتیه‌وه‌، چونكه‌ دوای ڕێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌بێت ڕۆژی دواتر سه‌رۆكێكی نوێی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت به‌ڵام هێشتا پارتی و یه‌كێتی ڕێك نه‌كه‌وتوون."

لای خۆشیه‌وه‌ د. یوسف محه‌مه‌د ڕه‌تی كرده‌وه‌ گۆڕان كاندیدی هه‌بێت بۆ ئه‌و پۆسته‌ و وتی" بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕیاریداوه‌ بكشێته‌وه‌ له‌ حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، ئێمه‌ش ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆمان پێشكه‌شكردووه‌ و هیچ بڕیارێكی نوێ له‌و باره‌یه‌وه‌ نیه‌ ئه‌وه‌شی په‌یوه‌ندی به‌ڕێكه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی یا هه‌ر لایه‌نێكی دیكه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌وه‌ نیه‌ ، به‌ڵام به‌ڕاستی ئه‌وه‌ خه‌له‌له‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا هه‌یه‌، كه‌ ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئێمه‌ قبوڵ نه‌كراوه‌ و سه‌رۆكێكی نوێ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان دیاری نه‌كراوه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌رخۆی په‌رله‌مان له‌قه‌یراندایه‌ چونكه‌ ئێستا له‌ماوه‌ی درێژكراوه‌ی خۆیدایه‌ ئه‌وه‌ش له‌ڕووی شه‌رعیه‌تی دیموكراسیه‌وه‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ خۆی له‌ژێر پرسیاردایه‌، هیوادارم به‌زویش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجام بدرێت و په‌رله‌مانێكی نوێ له‌ كوردستان ده‌ست به‌كاربێت."

د.یوسف محه‌مه‌د ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌ كه‌باس له‌وه‌ ده‌كرێت په‌سه‌ندنكردنی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی وه‌ك جۆرێك له‌سزا بێت بۆ خۆی و بزوتنه‌وه‌كه‌ی " په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه‌ نیه‌ كێشه‌كه‌ هه‌رچیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌من تێی گه‌یشتبێتم ئه‌وه‌یه‌ نه‌توانراوه‌ كێشه‌ی دیاریكردنی سه‌رۆكێكی نوێ چاره‌سه‌ر بكه‌ن ، من وای نابینم بۆ سزادانی من یا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بێت سزای چی؟ تا ئێستا ده‌سلكاركێشانه‌وه‌ی منیان قبوڵ نه‌كردووه‌ و من سه‌رۆكی په‌رله‌مانم به‌فه‌رمی ، ئه‌وه‌نده‌ی به‌كێشه‌یه‌كی ناو په‌رله‌مانی كوردستانی ده‌بینم ئه‌وه‌نده‌ به‌ كێشه‌ی شه‌خسی نابینم."

د.یوسف محه‌مه‌د به‌پێكه‌نینه‌وه‌ ئه‌وه‌شی وت" (تا ئێستاش من به‌ فه‌رمی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانم، مافی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ وه‌ك سه‌رۆكی په‌رله‌مان كاری ڕۆژانه‌ بكه‌م) به‌ڵام وه‌ك مه‌بده‌ئی خۆم له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌م پێشكه‌ش كردووه‌ هیچ كارێك و هیچ وته‌یه‌كم به‌ناوی سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ نه‌بوه‌ و نه‌كردووه‌، له‌هیچ شوێنێكیش نوێنه‌رایه‌تی په‌رله‌مانیشم نه‌كردووه‌ ده‌وامیشم نه‌كردووه‌."

د.یوسف محه‌مه‌د له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌و كێشه‌یه‌ كرد كه‌ به‌هۆی په‌سه‌ندنه‌كردنی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی بۆی دروست بووه‌ و وتی"كێشه‌یه‌ك كه‌ ئێستا هه‌مبێت ئه‌وه‌یه‌ ناتوانم له‌هه‌رێمی كوردستان من كارێكی تر بكه‌م ، من نایشارمه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌م زوو په‌سه‌ندبكرایه‌ ئه‌وه‌ هه‌وڵمده‌دا بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ زانكۆ تا په‌سه‌ندكردنی ناوی په‌رله‌مانتارانی عیراق، وه‌ك مامۆستایه‌كی زانكۆ ده‌ستم ده‌كرده‌وه‌ به‌كاره‌كانی خۆم ئه‌وه‌ له‌و ڕوه‌وه‌ كێشه‌م بۆ دروست بووه‌ به‌ڕاستی، واته‌ ئێستا ناتوانم هیچ كارێكی تر بكه‌م له‌هه‌رێمی كوردستان ."

ڕۆژی ٢٦-١٢-٢٠١٧، دكتۆر یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق له‌ پشكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌به‌رده‌م ڕۆژنامه‌نوساندا له‌شاری سلێمانی نامه‌ی ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی خوێنده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند" ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی پێشكه‌شی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:46 0:00

XS
SM
MD
LG