Accessibility links

"تا ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق یەكلانەبێتەوە پێشوازی لەهیچ شاندێكی پارتی و یەكێتی ناكەین"


مامۆستا جه‌مال حاجی محه‌مه‌د سكرتێری جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌روه‌ها ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌كه‌

مامۆستا جه‌مال حاجی محه‌مه‌د سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌روه‌ها ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ میانه‌ی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌ڵێت" پێشوازی له‌هیچ وه‌فدێكی پارتی و یه‌كێتی ناكه‌ین تا ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن یه‌كلایی نه‌بێته‌وه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ساخته‌كارییان لێكردین ئاماده‌نه‌بوین له‌گه‌ڵیان بچینه‌ به‌غداد ناكرێت هه‌موو جارێك به‌ناوی یه‌كڕیزیه‌وه‌ ده‌ست بخه‌نه‌ بینه‌قاقای خۆت و حیزبه‌كه‌ت، هاوكات باس له‌وه‌ش ده‌كات، یه‌كێتی داوای كۆبونه‌وه‌ و سه‌ردانیان كردووه‌ به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان مه‌رجی ده‌ركردنی به‌یاننامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی له‌سه‌ر هێرشكردنه‌ سه‌ر گرده‌كه‌ بۆ یه‌كێتی داناوه‌ دواتر له‌گه‌ڵیان كۆده‌بینه‌وه‌، هاوكات ده‌شڵێت" له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی كوردستانیش ساخته‌كاریمان لێده‌كرێت به‌س به‌م شێوازه‌ی ئه‌مجاره‌ نابێت."

جه‌مال حاجی محه‌مه‌د له‌ سه‌ره‌تای گفتوگۆكه‌دا باسی له‌هه‌ڵوێستی چوار لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كه‌ كرد و وتی" ئێمه‌ سورین له‌سه‌ر ڕازی نه‌بون به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن چونكه‌ ئێمه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌وه‌ ده‌یسه‌لمێنین كه‌ ساخته‌كاری كراوه‌ ، ئه‌و ده‌نگانه‌ ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی ئێمه‌ نین، بۆیه‌ هه‌تا ئه‌نجامی ڕاستی هه‌ڵبژاردنه‌كانمان بۆ ده‌رنه‌چێت به‌شداری په‌رله‌مانی عیراق ناكه‌ین و هه‌ڵمان په‌ساردووه‌."

وتیشی" تا دادگای فیدراڵی بڕیار ده‌دات ئێمه‌ چاوه‌ڕێین ، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌میشه‌ بۆ هه‌ڵوێستمان له‌سه‌ر هه‌ر پێشهات و ئه‌گه‌رێك پرسه‌كان ده‌به‌ینه‌وه‌ جڤاتی گشتی له‌وێ بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ین، زۆربه‌ی بۆچونه‌كانی ناو گۆڕانیش به‌وشێوه‌یه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌م ساخته‌كارییه‌یان به‌سه‌ر سه‌پاندین به‌شداری له‌په‌رله‌مانی داهاتووی عیراق نه‌كه‌ین."

سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رده‌وامی هه‌ڵوێستی چوار لایه‌نه‌كه‌ كرده‌وه‌ و وتی" تا ئه‌م ساته‌ بڕیارمان به‌وجۆره‌یه‌ تا یه‌كلایی نه‌بونه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌فدمان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی ناچێته‌ به‌غداد وه‌ به‌شداری له‌په‌رله‌مانی عیراق ناكه‌ین به‌ڵام دوای یه‌كلایی بونه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان دوباره‌ تاوتوێی ئه‌و پرسانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌."

له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری پێكهێنانی فراكسیۆنێكی هاوبه‌ش له‌نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌ مامۆستا جه‌مال وتی" باوه‌ڕناكه‌م فراكسیۆنی هاوبه‌ش پێكبهێنرێت به‌ڵام به‌نیازین چوار لایه‌نه‌كه‌ له‌گه‌ڵ دوو لایه‌نی تریش هاوپه‌یمنێتیه‌ك پێكبهێنین تا بۆ له‌مه‌و دوا له‌ هه‌ڵوێسته‌كانماندا له‌ به‌غداد و كوردستان پێكه‌وه‌ بین."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا هیچ گره‌نتیه‌كتان وه‌رگرتووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ڕه‌خنه‌كانتان دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌ یا به‌شداری په‌رله‌مانی كوردستانیش له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوو وه‌ك یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كان ناكه‌ن؟ جه‌مال حاجی محه‌مه‌د وتی" نه‌خێر هیچ گره‌نتیه‌كمان وه‌رنه‌گرتووه‌ به‌ڵام كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان ڕایگه‌یاند، جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌ده‌ست ده‌بێت ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ پێشوتر گله‌یمان له‌وه‌ش هه‌بوو به‌ڵام باشتر بوو به‌و ڕاده‌ زۆره‌ غه‌در و ساخته‌كاریمان لێنه‌كرابوو، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌شداری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ین چونكه‌ ئه‌وێ به‌مه‌یدانی شه‌ڕی خۆمان دژ به‌ ساخته‌كاری و گه‌نده‌ڵی ده‌زانین."

سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وتیشی" به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ پێش ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ نه‌مانده‌زانی ده‌ستی ساخته‌كاری ئه‌م لایه‌نانه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و ئامێره‌ پێشكه‌وتوانه‌ی له‌وڵاتانی پێشكه‌وتوو دروستكرا به‌داخه‌وه‌ به‌خه‌ڵكمان وت به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن ساخته‌كاری ناكرێت به‌ڵام وه‌ك وتم هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو كه‌ نه‌مانزانی و ده‌ركمان به‌وه‌ نه‌كرد، به‌ڵام ئیتر ئه‌و ئه‌زمونه‌شمان كرد."

جه‌مال حاجی محه‌مه‌د سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وتیشی" لێت ناشارمه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ش ساخته‌كاریمان لێده‌كرێت، به‌ڵام به‌و شێوازه‌ نابێت ئێمه‌ به‌نیازی(١٥) كورسی بین به‌ڵام(٥) كورسیمان بدرێتێ، خۆ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نیه‌، هه‌موو جارێك ساخته‌كاریمان لێكراوه‌ بۆ نمونه‌ له‌هه‌ڵبژردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی(١٧) كورسیمان هێنابوو به‌ڵام (١٢) كورسیمان بۆ حساب كرا."

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند" ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین كۆمسیۆن تۆماری ده‌نگده‌ران خاوێن بكاته‌وه‌، وه‌ له‌ڕۆژی هه‌ڵبژاردن چاودێره‌كانمان له‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان زیاتر بێت، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌وڵده‌ده‌ین هاوپه‌یمانێتیه‌ك له‌نێوان ئه‌و لایه‌نه‌ ناڕازیانه‌ پێكبهێنین وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌و ساختكاریانه‌ به‌رده‌وام ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌ و داوامان لێكردون چاودێره‌كانیان زیادبكرێت، خۆ ناكرێت بڵێین ئه‌وان ساخته‌كاری ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش وازیان لێ بهێنین ده‌بێت قوربانی بده‌ین له‌پێناو نه‌وه‌ی داهاتوودا."

به‌بڕوای سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تا ئه‌م قۆناغه‌ش له‌به‌غداده‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت" ئێمه‌ پێمان باشه‌ ئه‌گه‌ر كورد یه‌ك ده‌نگ و یه‌كگرتوو بێت ئه‌وا به‌شداری له‌حكومه‌تی ئاینده‌ی عیراقدا بكه‌ین نه‌ك لایه‌نه‌كان له‌كوردستان به‌رنامه‌یه‌ك جێ به‌جێ بكه‌ن و له‌به‌غدادیش به‌رنامه‌یه‌ك، ناكرێت به‌و عه‌قڵیه‌ته‌ ئیش بكه‌ین ڕۆژێك بڵێین ده‌وڵه‌ت دروست ده‌كه‌ین ڕۆژی دواتر ڕابكه‌ینه‌وه‌ بۆ به‌غداد، نه‌خێر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كێشه‌كانی ئێمه‌ تا ئه‌م ساته‌ش چاره‌سه‌ریان له‌به‌غداده‌."

له‌باره‌ی هۆكاری نه‌چونی لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌فدی پارتی و یه‌كێتی بۆ به‌غداد مامۆستا جه‌مال وتی" ئێمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م وه‌فده‌ ساخته‌یان لێكردوین له‌گه‌ڵیان ناچینه‌ به‌غداد."

ڕاشیگه‌یاند" ئێمه‌ كاتێك داوای یه‌كڕیزی كورد ده‌كه‌ین له‌به‌غداد كه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌كوردستانیش یه‌كڕیز و یه‌ك ده‌نگ بن، له‌ڕابردوو نوێنه‌ره‌كانی ئێمه‌ له‌پێناوی یه‌ك ده‌نگی كورد زۆر كاریان كرد هه‌ر له‌پێناو یه‌ك ده‌نگی كورد بوو ده‌نگیان دا به‌سه‌رۆك كۆمار، به‌ڵام خۆ ناكرێت هه‌موو جارێك به‌ناوی یه‌كڕیزی و یه‌ك ده‌نگیه‌وه‌ ده‌ست بخه‌نه‌ بینه‌قاقای خۆت و حیزبه‌كه‌."

سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌شی وت" پێشوازی له‌هیچ وه‌فدێكی پارتی و یه‌كێتی ناكه‌ین هه‌تا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق یه‌كلایی نه‌بێته‌وه‌."

وتیشی" یه‌كێتی پێشنیاری سه‌ردان و كۆبونه‌وه‌ی كرد به‌ڵام ئێمه‌ ڕه‌تمان كرده‌وه‌ پێمان وتن تا له‌سه‌ر هێرشكردنه‌ سه‌رگرده‌كه‌ ڕه‌خنه‌ له‌خۆیان نه‌گرن و به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌رنه‌كه‌ن له‌گه‌ڵیان كۆنابینه‌وه‌، به‌ڵام نه‌یانكرد وتیان ئه‌وه‌ كاری تاكه‌كه‌سێك بووه‌ له‌خۆه‌وه‌ هاتووه‌ نه‌ك به‌ به‌رنامه‌ی یه‌كێتی ، باشه‌ ڕای شه‌خسی چی؟ ئه‌و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیه‌ خۆ ده‌یانتوانی ئه‌گه‌ر له‌خۆه‌وه‌ وایكردووه‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:56 0:00

XS
SM
MD
LG