Accessibility links

"بەڕەتكردنەوەی دەنگی ئاوارەكان ژمارەی كورسییەكانی پارتی لەموسڵ‌و یەكێتی لەكەركوك كەمدەكات"


خه‌سرۆ گۆران- به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان

خه‌سرۆ گۆران به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت" له‌ دوباره‌ جیاكردنه‌وه‌ و ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ناترسین به‌ڵام له‌ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌یان هه‌زار سندوقی ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌ترسین بێگومان ئه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگ و ژماره‌ی كورسیه‌كانمان ده‌بێت، هه‌روه‌ها وتی"به‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌نگدانی ئاواره‌كان بێگومان ژماره‌ی كورسیه‌كانی پارتی له‌موسڵ وه‌ یه‌كێتی له‌كه‌ركوك كه‌م ده‌كات چونكه‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س بێ به‌ش ده‌كرێن له‌مافی ده‌نگدان، ده‌شڵێت" به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سوتانی كۆگاكانی كۆمسیۆن له‌كوردستان ڕوونادات."

خه‌سرۆ گۆران به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌میانه‌ی وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی"ئه‌و ئاگره‌ی له‌كۆگاكانی كۆمسیۆن به‌ربووه‌ من نازانم هۆكاره‌كه‌ی ئه‌نقه‌سته‌ یا چ هۆكارێكی تر، به‌ڵام هه‌رچی بێت بڕواناكه‌م كاریگه‌ری یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌بڕیار و ئه‌نجامه‌كان هه‌بێت."

وتیشی" به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌كوردستان ئه‌وه‌ ڕوونادات."

سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری دوباره‌ ئه‌ژماركردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ست، خه‌سرۆ گۆران ڕایگه‌یاند" ئێمه‌ وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ كاتێك له‌ دوباره‌ ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان نه‌ترساوین ئێمه‌ هه‌ر له‌ڕۆژی یه‌كه‌م كه‌لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان هاتنه‌ سه‌رخه‌ت له‌سلێمانی ئێمه‌ش له‌پرێس كۆنفرانسێكدا پشتیوانی خۆمان بۆ داواكارییه‌كانیان دوپاتكرده‌وه‌ چونكه‌ ئێمه‌ پشت ڕاستین له‌ ده‌نگده‌ر و ده‌نگ و پاكی كاره‌كانمان ئێمه‌ ده‌زانین له‌وناوچانه‌ی پارتی زۆرینه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌ردمان ئه‌نجامداوه‌ به‌بێ هیچ موزایه‌ده‌كردنێك ئێمه‌ پشت ئه‌ستورین به‌ خۆمان و ده‌نگه‌كانمان."

به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان وتیشی" ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بژمێردرێنه‌وه‌ ئێمه‌ هیچ لاریمان نیه‌ وه‌ هیچ مه‌ترسیمان نیه‌ هه‌ر لایه‌ك له‌كوێ گومانی هه‌بوو با له‌كۆمسیۆن داوا بكات ئێمه‌ به‌ته‌واوی ئازادی ده‌ده‌ین به‌ كۆمسیۆن له‌كوێی ناوچه‌كانی زۆرینه‌ی ژێر ده‌ستی پارتی ویستی ده‌نگه‌كان ئه‌ژماربكاته‌وه‌."

به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌شی وت" من بڕواناكه‌م ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبونه‌وه‌ی ژماره‌ی كورسیه‌كانی پارتی هه‌بێت، به‌ڵام هه‌ندێك بڕیاری سه‌قه‌ت و ناده‌ستوری له‌په‌رله‌مانی عیراق دراوه‌ كه‌دژ به‌بنه‌ماكانی دیموكراسیه‌ له‌هه‌ر وڵاتێكی دیموكراسی، وه‌ك ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی ده‌ره‌وه‌، خه‌ڵكێك به‌سه‌دان كیلۆمه‌تر ڕێگای بڕیووه‌ له‌ ئه‌وروپا یا ئه‌مریكا تابچێت ئه‌و مافه‌ی خۆی به‌كاربهێنێت به‌ڵام به‌بڕیارێكی مه‌زاجی بێن ئه‌و مافه‌ی لێ بستێننه‌وه‌، یاخود ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌نگدانی ئاواره‌كان، به‌ڵێ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌نگانه‌ ڕه‌تبكرێنه‌وه‌ بێگومان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كان ده‌بێت."

خه‌سرۆ گۆران وتیشی" ئێمه‌ له‌جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ناترسین به‌ڵكو له‌وه‌ ده‌ترسین بێ ئه‌ژماركردن و جیاكردنه‌وه‌ ده‌یان هه‌زار سندوقی ده‌نگدان پوچه‌ڵ بكرێنه‌وه‌ ئه‌وه‌ چۆن كاریگه‌ری نابێت؟ بێگومان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگه‌كان ده‌بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ سكاڵامان تۆماركردووه‌ دژی ئه‌و بڕیاره‌ چه‌وت و ناده‌ستوریه‌ی په‌رله‌مانی عیراق."

خه‌سرۆ گۆران درێژه‌ی به‌ قسه‌كانیدا له‌سه‌ر ئه‌و تێبینیانه‌ی سه‌باره‌ت به‌ یاسا هه‌مواركراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عیراق هه‌یانه‌ و ده‌ڵێت" خاڵێكی تر پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت، به‌چ مافێك پێشمه‌رگه‌ كه‌چه‌ندین ساڵه‌ شه‌هیدی داوه‌ پارێزگاری له‌خاكی كوردستان كردووه‌ شه‌ڕی داعشی كردووه‌، به‌ڵام بێن مافی ده‌نگدانی لێ بسێننه‌وه‌ له‌كاتێكدا له‌ پازده‌ پارێزگاكه‌ی تری عیراق ده‌نگی سوپای عیراق حساب ده‌كرێت ئه‌مه‌ جێگای قبوڵ نیه‌، خه‌ڵكێك ماندوو بووه‌ تا كارتی ده‌نگدانی وه‌رگرتووه‌ په‌یدای كردووه‌ به‌ڵام به‌مه‌زاجی ئه‌ندام په‌رله‌مانێك یا بڕیارێكی سیاسی ئه‌و مافه‌ی لێ بسه‌نرێته‌وه‌ ئه‌مه‌ دووباره‌ جێگای قبوڵ نیه‌."

خه‌سرۆ گۆران به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌شی وت" به‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌نگدانی ئاواره‌كان بێگومان ژماره‌ی كورسیه‌كانی پارتی له‌موسڵ وه‌ یه‌كێتی له‌كه‌ركوك كه‌م ده‌كات چونكه‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س بێ به‌ش ده‌كرێت له‌مافی ده‌نگدان."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:25 0:00

XS
SM
MD
LG