Accessibility links

"وه‌ك هاوپه‌یمانی بایكۆتكردنی به‌غداد نابێته‌ هۆی كه‌ فشار له‌سه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی هه‌رێم دروست بكرێت"


-به‌كر سدیق ڕاوێژكاری سیاسی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌-وێنه‌ -سایتی خه‌ندان

به‌كر سدیق ڕاوێژكاری سیاسی دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری ده‌ڵێت" به‌بۆچونی ئێمه‌ وه‌ك هاوپه‌یمانی بایكۆتكردنی به‌غداد نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی فشار له‌سه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی هه‌رێم دروست بكرێت تا ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروستی ده‌نگدان بهێڵنه‌وه‌، بۆیه‌ ڕێگا چاره‌ی دروستكردنی فشار له‌سه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌بێت له‌ڕێگای به‌غداده‌وه‌ بێت. ده‌شڵێت" ئێمه‌ وه‌ك هاوپه‌یمانی پێمان وایه‌ ده‌بێت له‌به‌غداده‌وه‌ ده‌رچه‌یه‌ك بدۆزینه‌وه‌ شه‌ڕی گۆڕینی نیزام و ڕێگریكردن له‌م ساخته‌كاریانه‌ی كوردستان بكه‌ین."

به‌كر سدیق له‌سه‌ره‌تای گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌ دواین هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عیراق كرد له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و وتی" تائێستا گفتوگۆی لایه‌نه‌كان به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر به‌شداریكردنی پڕۆسه‌ی سیاسی و حكومه‌تی عیراقی له‌به‌غداد چی بێت؟ به‌ڵام تا ئێستا وه‌ك ده‌زانرێت ئه‌و هه‌وڵانه‌ هه‌یه‌ بۆ ئاشكراكردنی ئه‌و ساخته‌كاریانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێم ئه‌نجامی داون دوێنێ سكاڵاكان پێشكه‌ش كراون زۆر به‌ڵگه‌ش ئاشكرا بوون كه‌تاكو ئێستا یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه‌ و ئه‌وه‌ دادگا یه‌كلاییان ده‌كاته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ جارێ هه‌ڵوێستی سیاسی ئه‌و چوار لایه‌نه‌(هه‌ڵوێستی سیاسی)مان بۆ به‌شداریكردن له‌به‌غداد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ ئه‌نجامی تانه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌كوێ ده‌گات؟"

به‌كر سدیق ڕه‌تیكرده‌و ئه‌و چوار لایه‌نه‌ سه‌ردانی به‌غدادیان كردبێت له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق، وتی" وه‌كو چوارلایه‌نه‌كه‌ سه‌ردانی به‌غدادمان نه‌كردووه‌، به‌ڵام هه‌رلایه‌نه‌ و به‌جیا په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لاینه‌ عیراقیه‌كان ئه‌ویش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ین ئه‌نجامی ئه‌و تانانه‌ به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟ نه‌ك له‌سه‌ر به‌شذاری ئه‌و چوار لایه‌نه‌ له‌پڕۆسه‌ی سیاسی عیراق، ته‌حه‌دییه‌كان زۆرن به‌ڵام گوشاریش هه‌یه‌ كه‌ چوارلایه‌نه‌كه‌ پێكه‌وه‌ له‌كوردستان و عیراق بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و ته‌حه‌دیاتانه‌ كاری پێكه‌وه‌یی بكه‌ن."

وتیشی" ورده‌كاری ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ نازانم به‌ڵام هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌و ساخته‌كاریانه‌وه‌ هه‌یه‌ ،چونكه‌ ئه‌و ساختكاریانه‌ به‌ته‌نها ئه‌و چوارلایه‌نه‌ی نه‌گرتۆته‌وه‌ به‌ڵكو چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی عیراقیشی گرتۆته‌وه‌."

ڕاوێژكاری سیاسی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری له‌هه‌رێمی كوردستانی عیراق دۆخی كۆمسیۆنی به‌دۆخێكی ئیحراج ناوبرد " دۆخی كۆمسیۆن توشی ئیحراجیه‌كی سیاسی بوو بۆته‌ ناكۆكی یاسایی له‌عیراقدا كه‌ ئێمه‌ نازانین هاوكێشه‌كان به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆن به‌ڵام خه‌ریكه‌ به‌ڵگه‌كان ئاشكرا ده‌بن گوشارێكی جه‌ماوه‌ری هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و شه‌ش حیزبه‌ و چوارحیزبه‌كه‌ پێكه‌وه‌ ڕوبه‌ڕووی ته‌حادیاته‌كان ببنه‌وه‌ وه‌ هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه‌ پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین به‌ڵام دواتر بڕیاری لێده‌ده‌ین."

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "ساخته‌كاری" نه‌كرایه‌ چه‌ند كورسیان ده‌هێنا؟ به‌كر سدیق وتی" ئێمه‌ پێمان وایه‌ ده‌نگێكی زۆرمان دزراوه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌ سلێمانیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌نگانه‌ی نه‌دزیایه‌ خۆی له‌(٢-٣) كورسی نه‌ده‌هێنا بۆیه‌ ئێستا ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌هێناوێتی ده‌نگی دزراوی لایه‌نه‌كانی تره‌ ، وه‌كو هاوپه‌یمانی پێمان وایه‌ به‌س له‌سنوری پارێزگای سلێمانی پێنج كرسیمان دزراوه‌ ، وه‌ له‌سه‌رانسه‌ری كوردستانیش به‌پێی كه‌رنه‌ڤاڵه‌ جماوه‌رییه‌كانمان و ڕاپرسیه‌كانی كه‌ یار و نه‌یار كردویانه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگمان نه‌دزرایه‌ (١٠-١٢)كورسیمان ده‌هێنا، هه‌رچنده‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ڕاستی ئه‌و ساخته‌كاریه‌ش له‌چه‌ند ڕۆژی ئاینده‌دا ده‌ربكه‌وێت ."

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی تاچه‌ند گه‌شبینن به‌وه‌ی سكاڵا و تانه‌كانیان ئه‌نجامی هه‌بێت ؟ به‌كرد سدیق وتی" ئه‌نجامی تانه‌كانمان به‌نده‌ به‌و گره‌نتیه‌ یاسایی و چاودێریانه‌ی له‌عیراق هه‌ن به‌ڵام وه‌ك ده‌زانرێت ده‌ستوه‌ردانی ده‌وڵه‌تان له‌كاروباری سیاسی عیراق هه‌یه‌ بۆیه‌ فشاره‌كان زۆر زۆرن له‌سه‌ر په‌رله‌مانی عیراق ئه‌گه‌ر ئه‌و فشارانه‌ نه‌بنه‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌ ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌ كاربكه‌ن ئه‌وا ئه‌نجامی زۆرباشیان ده‌بێت ئه‌و سكاڵایانه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌زانرێت پڕۆسه‌ی دادپه‌روه‌ری و دیموكراسی له‌عیراق ده‌ڵه‌مه‌یه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی یاسا سه‌روه‌ر بێت."

وتیشی" ئه‌گه‌ر سكاڵا و تانه‌كانمان ئه‌نجامی نه‌بوو ئه‌وكاته‌ ئه‌و شه‌ش لایه‌نه‌ پێكه‌وه‌ كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی یه‌ك هه‌ڵوێست بین به‌ڵام هه‌موو ڕێگایه‌كی مه‌ده‌نی و یاسایی ده‌گرینه‌ به‌ر."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی تاچه‌ند لایه‌نه‌كان له‌وه‌ نزیكن كه‌ بایكۆتی پرۆسه‌ی سیاسی و ده‌سه‌ڵات بكه‌ن له‌عیراق؟ به‌كر سدیق ڕاوێژكاری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری بۆچونی حیزبه‌كه‌ی سخته‌ڕو و وتی" به‌بۆچونی ئێمه‌ وه‌ك هاوپه‌یمانی بایكۆتكردنی به‌غداد نابێته‌ هۆی كه‌ فشار له‌سه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی هه‌رێم دروست بكرێت تا ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروستی ده‌نگدان بهێڵنه‌وه‌، بۆیه‌ ڕێگا چاره‌ی دروستكردنی فشار له‌سه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌بێت له‌ڕێگای به‌غذاده‌وه‌ بێت ئێمه‌ وه‌ك هاوپه‌یمانی پێمان وایه‌ ده‌بێت له‌به‌غداداده‌وه‌ ده‌رچه‌یه‌ك بدۆزینه‌وه‌ شه‌ڕی گۆڕینی نیزام و ڕێگریكردن له‌م ساخته‌كاریانه‌ی كوردستان بكه‌ین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:45 0:00

XS
SM
MD
LG