Accessibility links

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا؛باسی ورده‌كاری چونی بۆ مه‌كۆی گۆڕان و گرژییه‌كانی شه‌وی هه‌ڵبژاردن ده‌كات


جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی حه‌فتای پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا به‌رپرسی هێزه‌كانی ٧٠ی پێشمه‌رگه‌ باس له‌ورده‌كاری هێرشه‌كانی سه‌ر مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات و ده‌ڵێت" بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان په‌لاماری سندوقه‌كانیان دا له‌دوای ته‌واوبونی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئێمه‌ش تا حه‌دی پاڕانه‌وه‌ لێیان پاڕاینه‌وه‌ بوه‌ستن له‌و كاره‌ به‌ڵام ئه‌وان به‌رده‌وام بوون، ده‌شڵێت" به‌خوێنی شه‌هیدان خۆم و دوو پێشمه‌رگه‌ و شۆفێره‌كه‌م بوین كه‌چوینه‌ گرده‌كه‌ لای ئێمه‌وه‌ هیچ ته‌قه‌یه‌ك نه‌كراوه‌ ئه‌گه‌ر له‌وه‌ زیاتر بوبێت ئه‌وا له‌جێگای قادری حاجی عه‌لی بم،ئه‌وه‌شی ده‌ڵێت،یه‌كێتی ساخته‌كاری كردووه‌ ئه‌وا حاڵی دۆڕاوه‌كانه‌،ناچارن وابڵێن،ئێمه‌ش بدۆڕاینایه‌ له‌وان خراپترمان ده‌كرد و ده‌وت."

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و به‌رپرسی هێزه‌كانی ٧٠ی پێشمه‌رگه‌ له‌باره‌ی گرژییه‌كانی مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌دوای كۆتایی هاتنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ڵێت"بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌دوای كۆتایی هاتنی هه‌ڵبژاردنه‌كان كاتێك زانیان ده‌نگه‌كانیان به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌می كردووه‌ حه‌ره‌كه‌یه‌كی غه‌ریبیان ده‌ستپێكرد، له‌شار و شارۆچكه‌كانه‌وه‌، له‌گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌ستیان كرد به‌ڕفاندنی سندوقه‌كان،ئێمه‌ش له‌ماڵی كاك كۆسره‌ت بوین، كاك حاكم قادر تێلی كرد بۆ كاك عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ده‌توانم بڵێم تا ڕاده‌ی لێ پاڕانه‌وه‌ تكای لێكرد ئه‌و كاره‌ بوه‌ستێنن،به‌ڕاستی هه‌موان ده‌زانین كاك عومه‌ر پیاوێكی به‌ ئه‌ده‌ب و به‌ڕێزه‌ ڕه‌نگه‌ ده‌سه‌ڵاتی وه‌ستانی ئه‌و شتانه‌شی نه‌بێت،ئیتر بووه‌ سه‌عات ١٠ من له‌ماڵی كاك كۆسره‌ت هاتمه‌ ده‌ر تێلفۆنێكیان بۆ كردم وتیان گۆڕان له‌به‌رده‌ قاره‌مانیش په‌لاماری سندوقه‌كانیان داوه‌،به‌ڕاستی ئه‌وه‌ زۆر ناخۆش بوو منیش تێلم بۆ كاك عومه‌ری سه‌ید عه‌لی كرد به‌ڵام یه‌كه‌م جه‌ڕه‌س هه‌ڵی نه‌گرت دووه‌م جه‌ڕه‌س كه‌سێك هه‌ڵی گرت وتی ئه‌وه‌ قادری حاجی عه‌لی."

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا وتیشی؛من وه‌ك خۆم قادری حاجی عه‌لی به‌دوو ڕوو تێكده‌ر ده‌زانم ئێمه‌ مێژووه‌یه‌كمان هه‌یه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ له‌وته‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ژی،ئیتر كه‌وتینه‌ قسه‌كردن تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ته‌حه‌دام بكات منیش پێم وت،له‌كوێی وتی؛له‌گرده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ئازای وه‌ره‌،منیش چووم ،هه‌ر كه‌ گه‌یشتینه‌ گرده‌كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هیچ بكه‌ین وه‌ك باران گوله‌ باری به‌سه‌رماندا،ئۆتۆمبێله‌كه‌ی خۆم پێنج گوله‌ی پێوه‌یه‌ سێ گوله‌ی به‌وشوێنه‌وه‌یه‌ كه‌ منی لێ دانیشتبووم،پێشمه‌رگه‌ش له‌و ناوه‌ نزیك بوون هاتن."

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌وه‌شی وت؛به‌ڕاستی من نه‌ده‌وه‌ستام له‌وێدا كه‌ ئه‌وه‌م بینی،به‌ڵام كاك دلێری سه‌ید مه‌جید تێلفۆنی كرد تكای لێكردم بابه‌ته‌كه‌ كۆتایی پێبێت،وه‌ ئه‌وه‌نده‌ بزانرێت من نه‌بۆشه‌ڕ چووم نه‌ بۆ ته‌قه‌كردن چوم له‌وێوه‌ ڕۆیشتم به‌ڵام كه‌ كاك قادری حاجی عه‌لی ته‌حه‌دای كردم من چومه‌ گرده‌كه‌ ئه‌وه‌ ڕوداوه‌كه‌ وه‌ك خۆی بێ زیاد و ڕه‌نگه‌ كه‌می هه‌بێت."

به‌رپرسی هێزه‌كانی حه‌فتا جه‌ختی كرده‌وه‌؛ئه‌گه‌ر ته‌حه‌دایان نه‌كردمایه‌ نه‌ده‌چوم،به‌ڵام كه‌هاته‌ سه‌ر ته‌حه‌دا كردن من له‌كه‌س ته‌حه‌دا قبوڵ ناكه‌م، وه‌ ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ش نه‌هاتایه‌ ئه‌وا من ده‌چومه‌ ناو گرده‌كه‌ به‌ڵام بۆ قسه‌كردن ده‌چوم ڕه‌نگه‌ ئه‌وان خۆیان بۆ ته‌قه‌كردن حازركردبێت به‌ڵام من بۆ شه‌ڕ نه‌ده‌چوم بۆ قسه‌كردن ده‌چوم.ڕه‌نگه‌ تا ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌ندێ لایه‌ن سازشمان كردبێت به‌ڵام له‌مڕۆ به‌دواوه‌ له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكدا سازش ناكه‌ین.

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ده‌نگۆی ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری و هاككردنی ئامێره‌ ده‌نگیه‌كانی ڕه‌تكرده‌وه‌ و وتی؛له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری ئه‌و قسانه‌ درۆن،یه‌كێتی پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری كرد كه‌به‌دڵی جه‌ماوه‌ربوون، وه‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی كۆبونه‌وه‌ له‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان مه‌گه‌ر بۆ ڕۆژی مه‌راسیمی ناشتنی مام جه‌لال كۆبوبێتنه‌وه‌،سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كادیره‌ زوتره‌كانی یه‌كێتی گه‌ڕانه‌وه‌ وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكی گۆڕان هاتنه‌وه‌ ناو یه‌كێتی وه‌ له‌حیزبه‌كانی تریش خه‌ڵك هاتنه‌ ناو یه‌كێتی.حیزب نیه‌ نه‌هاتبێته‌ ناو یه‌كێتی خۆ ئه‌گه‌ر نه‌شهاتبێتنه‌ ناو یه‌كێتی ئه‌وا له‌ترسی موحاسه‌به‌ی حیزبه‌كه‌ی نه‌هاتۆته‌ ناو یه‌كێتی به‌ڵام ده‌نگی به‌ یه‌كێتی داوه‌."

له‌كاتی ڕوداوه‌كه‌دا د.ڕه‌وف عوسمان سه‌رۆكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌لێدوانێكیدا بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا داوای هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ی كردبوو،هه‌روه‌ها وتبوشی؛تا ئێستا سه‌ره‌ڕای ئه‌و پشێوییه‌ گه‌وره‌یه‌ هیچ هێزێكی ئه‌منی نه‌هاتوه‌ گرده‌كه‌ بپارێزێت."

به‌ڵام شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌و قسانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت"پێم وایه‌ درۆ ده‌كه‌ن ڕاست ناكه‌ن،چونكه‌ ڕوداوه‌كه‌ هه‌مووی نیو سه‌عاتی خایاند،له‌سه‌ر داوای كاك دلێری سه‌ید مه‌جید گه‌ڕاینه‌وه‌."

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا له‌قسه‌كانیدا جه‌ختیكرده‌وه‌"كه‌ به‌ته‌نها خۆی و دوو پێشمه‌رگه‌ و شۆفێره‌كه‌ی چونه‌ته‌ گرده‌كه‌،وتیشی؛ئه‌گه‌ر زیاترم له‌گه‌ڵ بوبێت له‌جێی قادری حاجی عه‌لی بم.ئێمه‌ ئه‌گه‌ر به‌نیازی په‌لاماردان بوینایه‌ ئه‌وا له‌هه‌موو شاروشارۆچكه‌كان كه‌سندوقه‌كانیان فڕاند په‌لامارمان ده‌دان.هیچ بڕیارێكی له‌وجۆره‌ نه‌بووه‌."

شێخ جه‌عفه‌ر ڕه‌تیكردوه‌ به‌ گوله‌ی ئه‌وان وێنه‌ی كاك نه‌وشیروان پێكرابێت و وتی"كاك نه‌وشیروان لای ئێمه‌ پیرۆزتر و به‌ڕێزتره‌، وه‌ك له‌قادری حاجی عه‌لی ئه‌و له‌ناو یه‌كێتیشدا دژی كاك نه‌وشیروان بوه‌ له‌ناو گۆڕانیشدا ماوه‌ ماوه‌ خۆی ده‌تۆران به‌ڵام كاك نه‌وشیروان به‌درێژایی ته‌مه‌نمان ڕاستگۆ بوین له‌گه‌ڵ كاك نه‌وشیروان مسته‌فا."

شێخ جه‌عفه‌ر وتیشی؛ئه‌و ده‌نگانه‌ی یه‌كێتی ئه‌مجاره‌ هێناوێتی هێشتا كه‌مه‌ لای ئێمه‌ و خۆمان به‌ مه‌غدور ده‌زانین كه‌كه‌سانێك مونافه‌سه‌مان ده‌كه‌ن كه‌دڵۆپێك عره‌قی نه‌ڕشتووه‌ نه‌ك دڵۆپه‌ خوێنێك."

سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری زیادبونی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی؟شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا وتی"چوار ساڵه‌ ئێمه‌ دژی داعش ده‌جه‌نگێین شه‌هید و كه‌م ئه‌نداممان هه‌یه‌،هه‌ر له‌كه‌ركوك ت خانه‌قین و هه‌موو ناوچه‌كان.وه‌ ئه‌وه‌ی وتیان ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانمان ئه‌وا كۆمه‌ڵێك قسه‌بوون له‌كاتی خۆیدا وه‌ڵام درانه‌وه‌."

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی خۆ به‌ته‌نها گۆڕان نیه‌ ده‌ڵێ یه‌كێتی ساخته‌كاری كردووه‌ هاوپه‌یمانی و لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كانیش هه‌مان قسه‌یان هه‌یه‌،شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا وتی"ئه‌وه‌ حاڵی دۆڕاوه‌،دۆڕاندویانه‌ ئه‌و قسان ده‌كه‌ن،ئێمه‌ش بدۆڕاینایه‌ له‌وه‌ خراپترمان ده‌وت،له‌هه‌موو دنیا دۆڕاوه‌كان ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ن،خۆ له‌ ئه‌مریكا حیزبی دۆڕاو وای به‌سه‌رۆكی ئه‌مریكا وتی،وتی؛ڕوسیا سیستمی ده‌نگدانی بۆ هاككردووه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:14:46 0:00

XS
SM
MD
LG