Accessibility links

جگە لە یەکێتی سەرجەم لایەنه‌كان ئەنجامی هەڵبژاردن لە سلێمانی ڕەتدەکەنەوە


وێنه‌ی چه‌ند چاودێرێكی هه‌ڵبژاردنی عیراق-بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان له‌سلێمانی-فۆتۆ-ڕێباز مه‌جید

لایەنەکانی سنووری پاریزگای سلێمانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تۆمەتبار دەکەن بە دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی دەنگدان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ڕەتیدەکەنه‌وە واژۆ لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکەن.

هەریەکە لە بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی، نەوەی نوێ، پارتی، کۆمەڵ، یەکگرتوو، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تۆمەتبار دەکەن بە دەستکاریکردنی دەنگەکانی سنووری پاریزگای سلێمانی لە رێگەی "هاک"کردنی سیستمە ئەلیکترۆنیەکەی دەنگدانەوە کە یەکەم جارە لە عێراقدا بەکار دەهێنرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان "گومانی زۆر هەیە کە سیستەمی ئەلیکترۆنی دەنگدان هاککرابێت".

گۆڕان داوادەکات هەژمارکردنی دەنگەکان بەدەست ئەنجامبدرێت.

بەپێی ڕاگەیێندراوەکەی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان، لە بنکەی بەختیاری لە سلێمانی، دوای جیاکردنەوە و هەژمارکردنی دەنگەکان بەدەست، ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی گۆڕان پێچەوانە بووەتەوە.

هەروەها هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "هاوڵاتیانی خۆشەویست ئاگادار ئەكەین كە یارییەكی ترسناك بەدەنگەكانی ئێوەوە كراوە و ژمارەی سەیرو سەمەرەی گوماناوی خراونەتە ڕوو، ئێمە بە وردی چاودێری دۆخی هەڵبژاردنەكانمان كردووەو بەهەموو پێوەرەكان ئەو ژمارانەی دەخرێنە ڕوو دروست نین و یاری بەژمارەكان كراوە."

هەروەها جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕایگەیەندراوێکدا دەڵێت، "ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن و پسولەکان، دورن لە ڕاستییەوە".

هاوکات ئەدهەم بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ڕایگەیاند "یەقینمان هەیە دەنگەكانی سلێمانی و هەڵەبجە بە شێوازێكی مونەزەم لەلایەن لایەنێكی دیاریكراوەوە دەستكاری كراوە".

هەروەها هەریەکە لە کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی سنووری پاریزگای سلێمانی ڕەتدەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن کە دەستکاری دەنگەکان کراوە.

لەبەرامبەردا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەڵێت کە ئەوان سەرکەوتنیان بە دەست هێناوە و لە هەندێک شوێن لایەنگرانیان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

ئەمە یەکەم جارە کە بە سیستمی ئەلیکترۆنی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت.

XS
SM
MD
LG