Accessibility links

مه‌حمود سه‌نگاوی:كێشه‌كانی یه‌كێتی هه‌موی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌,هیچ كێشه‌یه‌كی فكریمان نه‌بووه‌


مه‌حمود سه‌نگاوی
مه‌حمود سه‌نگاوی

مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەخنەی توند لە مەلا بەختیار کارگێڕی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی دەگرێت، وە تێڕوانینێکی تەواو پـێچەوانەی لەگەڵدا هەیە سەبارەت بە بەرهەم ساڵح جێگری پـێشووی سکرتێری گشتی حزبەکەیان.

پـێشـتـر مەلا بەختیار له‌میانه‌ی به‌شی یه‌كه‌می چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا رایگەیاندبوو، كە لەدواین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ئەنجوەمەنی سەركردایەتیش بڕیاریاندا، بەرهەم ساڵح یەكێتی نییەو هەموو ئەو كەسانەی لەناو یەكێتین لەهەر پلە و پایەیەكدا بن، بەڵام لەلیستەكەی بەرهەم ساڵح بن دەردەكرێن‌و هەموو ماڵ و موڵكی یەكێتیان لێدەسەنرێتەوەو موچەیان لە یەكێتی دەبڕێت.

مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لێدوانەکەی مەلا بەختیاری بە هۆکاری کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی زانی و لە وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمریکا لەسەر دۆخی ناوخۆی ئەو حیزبە وتی" دۆخی ناو یەکێتی باش نیە، ئەویش بەهۆی هەندێک برادەری خۆمانەوە کە ڕۆژانە لێدوانی خراپ خراپ دەدەن، دەیانەوێت لایەنە سیاسیەکان بکەنە دوژمنمان دەیانەوێت کێشەمان بۆ دروست بکەن، دەیانەوێت لایەنە سیاسیەکانمان لێبکەن بە دوژمن، هەرچەندە ئێمە گەڕاوینەتەوە بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بەڵام بەهۆی ئەو برادەرانەوە هێشتا ناتەباین، ئەوە یەکێک لەوانە لێدوانەکەی مەلا بەختیار بۆ دەنگی ئەمریکا لەسەر دکتۆر بەرهەم. بەرهەم تازە ڕۆیشتووە خوا حافیزی بێت، ئێمە نامانەوێت بەرهەم دوژمنمان بێت دەمانەوێت لە دوارۆژدا ببێتە دۆستمان، بەڵام ئەو برادەرە (مەلا بەختیار) بەو قسانەی لەسەر دکتۆر بەرهەم وا دەکات ئەویش لە دواڕۆژدا ببێتە دوژمنمان هەروەک حیزبەکانی تر."

مەلا بەختیار وتیشی"قسە هەیە کە کۆمەڵێک بەرپرسی یەکێتی لە ناو یەکێتیدا کار و بانگەشە بۆ لیستەکەی بەرهەم دەکەن، وە جموجۆڵی گوماناویش هەیە کە لە ناو یەکێتیدا خەڵکانێک هەن کە کار بۆ بەرهەم دەکەن، بۆیە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهاتووە لەسەر ئەو کەسانە دوای دڵنیابوونەوە ئەگەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی بن ئەوا ئەندامێتیان تا کۆنگرە هەڵدەپەسێردرێت بۆ ئەوەی کۆنگرە بڕیاریان لەسەر بدات، بەڵام ئەگەر خوار مەکتەبی سیاسی بن ئەوا دەردەکرێن لە ناو یەکێتی."

مەحمود سەنگاوی وتی"یەکێک لەو کەسانەی باس دەکرێت و ناوی دەهێنرێت منم، بەڵام ئەو کەسەی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر من پێکدێنێت سەری باوکیشی لە تاشە بەردی دا لەبەر ئەوەی من یەکێتیم، وە هیچ کەس هێزێک ناتوانێت من لە یەکێتی دەربکات وە هیچ بانگەشەم بۆ لیست و لایەنی تر نەکردووە، ئەگەر بانگەشە بۆ لیستی تر بکەم لە یەک کەس ناترسم جگە لەخوا لەخوار ئەوە حساب بۆ هیچ کەس ناکەم بێ منەتم هەموو تەمەنم لە پێشمەرگایەتی سەرف کردووە، ئێستاش کە قسە لەگەڵ ئێوە دەکەم هەر پێشمەرگەم."

سەنگاوی وتیشی" دیارە دکتۆر بەرهەم دەسلەکارکێشانەوەی خۆی نوسیوە و داوێتی بە مەکتەب سیاسی بەڵام ئەگەر ئەوانی تر بیانەوێت لیژنە لەسەر ئێمە دروست بکەن ئەوا ئێمە خۆمان لەوان زۆر بە یەکێتی تر دەزانین، من نایشارمەوە بەرهەم ساڵحم خۆش دەوێت و سەردانی دەکەم بەڵام من یەکێتیم و بڕوام بە ڕێبازی یەکێتی هەیە، وە بڕوام بەوە هەیە لەناو یەکێتی لەسەر ڕێبازی جەنابی مام جەلال خەبات بکەم وە دژی هیچ لایەنێکی سیاسی نەبم بەڵکو بەپێچەوانەوە دۆستی هەموو لایەنەکانم لە باتی ئەو هێرشەی بۆ سەر لایەنی دیکە بیکەم بانگەشە بۆ لیست و کاندیدەکانی خۆم دەکەم."

هەروەها مەلا بەختیار ئەوەشی وتبوو"ئەو کەسانەی بڕیاری دەرکردنیان لە یەکێتی دەدرێت لەسەر لایەندارییان بۆ لیستەکەی دکتۆر بەرهەم یا ئەوانەی چونەتە ناو لیستەکەیەوە هەموو ماڵ و موڵکی یەکێتیان لێدەسەنرێتەوە و موچەیان لە یەکێتی دەبڕێت."

بەڵام مەحمود سەنگاوی وتی"کاتی خۆی کە بزوتنەوەی گۆڕان دروست بوو جەنابی مام جەلال لە ژیاندا بوو، ڕێگەی نەدا ماڵ و موڵکی یەکێتیان لێوەرگرینەوە ئێمە کەلەوانمان وەرنەگرتووە ئێستا بۆ لەوانی تری وەرگرینەوە، ئەو کەسەش کەوای وت درۆ دەکات، دکتۆر بەرهەم لە سلێمانی لە خانویەک بوو تەسلیمی یەکێتی کردەوە لە هەولێریش ئەگەر لە خانووی یەکێتی بێت دکتۆر بەرهەم و ئەو کەسانە بایی ئەوە خەباتیان لەناو یەکێتیدا کردووە کە ئەوەندەیان پێ بدرێت."

هەروەها مەلا بەختیار لە بەشێکی گفتوگۆکەدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ئۆباڵی شکستی ئابوری حکومەتی هەرێمی خستبوە ئەستۆی دکتۆر بەرهەم و وتی"بناغەی شکستی حکومەت دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەم، ئەو کاتەی ئەو سەرۆکی حکومەت بوو قەرزێکی زۆری هێنایە سەر ئەم حکومەتە، لە سەردەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی بەرهەم سەرمایەدار هەبووە نەک 100% بەڵکو 800% قازانجی کردووە، مەگەر ئەوە تەنها بازرگانانی مادەی هۆشبەر و قاچاغچی فرۆشتنی هێرۆین قازانج بەو ڕێژەیە بکات."

مەحمود سەنگاوی لە لێدوانەکەیدا ڕەتیکردەوە حکومەتی هەرێم لە سەردەمی دکتۆر بەرهەمدا تووشی شکست بووبێت و وتی"ئەو برادەرەی ئێمە تا تەپڵەسەری درۆی کرد، چونکە لە سەردەمی بەرهەم ساڵحدا خزمەتێکی زۆر بە کوردستان کراوە، بەدەست من نیە بڕۆ خەڵک بدوێنە بزانە چی دەڵێن لەسەر حکومەتەکەی دکتۆر بەرهەم من حەزم دەکرد ئەم کابینانەی تریش خزمەتی خەڵکیان بکردایە تا ببوایە شانازی بۆ ئێمە، بەڵام ئەو سەردەمەی دکتۆر بەرهەم لە حکومەت خزمەتی خەڵکی کردووە یەکێتی بووە و دەبێتە شانازی بۆ یەکێتی."

دەربارەی ئەوەی دروستبونی لیستەکەی دکتۆر بەرهەم تا چەند کاریگەری لەسەر دەنگەکانی یەکێتی دەبێت؟ مەحمود سەنگاوی وتی"بێگومان کاریگەری دەبێت، چونکە ئەو خەڵکانەی لایەنگری دکتۆر بەرهەمن، لە ئاسمانەوە نەهاتوونەتە خوارەوە بەڵکو زۆربەی لایەنگرەکانی لە سنوری دەسەڵاتی یەکێتیدان."

مەحمود سەنگاوی جەختی کردەوە"دکتۆر بەرهەم قەت کێشە نەبووە لەناو یەکێتیدا بەڵکو ئەو برادەرانەی ئێمە کێشە بوون کە ئێستاش دەیانەوێت یەکێتی بچوک بکەنەوە"وتیشی"کێشەکانی یەکێتی هەمووی لەسەر دەسەڵاتە هیچ کێشەیەکی فکریمان نیە."

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئەگەری ئەوە هەیە لە دوای هەڵبژاردنەکان یەکێتی دانوستان لەگەڵ حیزبەکەی دکتۆر بەرهەم بکات و ببنە هاوپەیمان؟ مەحمود سەنگاوی وتی"بەڵێ ئەگەری زۆری هەیە لەبەر ئەوەی خۆ دکتۆر بەرهەم دوژمنی ئێمە نیە، حیزبێکی نەیارە و کاری خۆی دەکات، ئێمە حەزدەکەین لەدوای هەڵبژاردن پێکەوە کاربکەین لەبەر ئەوەی هەم لە یەک سنورین وە هەم بەرهەم ساڵح و بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەموویان خوێندکاری یەک قوتابخانەن."

لەبارەی ساتی بەستنی کۆنگرەی یەکێتیەوە، مەحمود سەنگاوی وتی"لەبەر کێشە و ململانێی ناوخۆ ناهێڵن کۆنگرە ببەستین، هەرچەندە لە پێشوتردا هەوڵێک هەبوو بۆ بەستنی کۆنگرە بەڵام چەند کەسێک ڕێگربوون، ئێستا لە کاتێکدا دەیانەوێت کۆنگرە بکەین کە یەکێتی لەبەردەم دوو هەڵبژاردنە، بۆیە لەم کاتدا هەر دەسکاریەکی ناوخۆی یەکێتی ڕەنگە بە زیانی یەکێتی بێت لە هەڵبژاردنەکان بۆیە ئێمە پێویستە لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی(٩)ی کوردستان کۆنگرە ببەستین."

سەبارەت بە چارەنوسی پۆستی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنگرەدا؟ مەحمود سه‌نگاوی وتی"هەرچەندە جەنابی مام جەلال لەناو کورد و عێراقدا نمونەی نەبووە و ناتوانرێت جێگای پڕبکرێتەوە بەڵام بڕوام وایە ئەبێت یەکێتی سیستمی سکرتێری هەبێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:27 0:00

XS
SM
MD
LG