Accessibility links

دادوه‌ر سه‌روه‌ر:ئه‌گه‌ر ڕۆڵی دادوه‌ر و داواكاری گشتی نه‌بوایه‌ پێشێلكاری و گرتنی هه‌ڕه‌مه‌كی زیاتر ڕویده‌دا


دادوه‌ر سه‌روه‌ر عه‌لی دادوه‌ر له‌دادگای سلێمانی

دادوه‌ر سه‌روه‌ر عه‌لی دادوه‌ر له‌دادگای سلێمانی له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وه‌ڵام و ڕونكردنه‌وه‌ی یاسایی له‌باره‌ی پێشێلكارییه‌كان له‌به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران باس ده‌كات و ده‌شڵێت"كاری داواكاری گشتی و واجبێتی كه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و گرته‌ و وێنانه‌ بكات كه‌پێشێلكاری له‌به‌رامبه‌ر هاوڵاتیان و مافی مرۆڤ تێیدایه‌ و سكاڵا له‌دادگا بجوڵێنێت چونكه‌ داواكاری گشتی پارێزه‌ری مافی گشتیه‌."

له‌سه‌روبه‌ندی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان و مانگرتنه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی كوردستانی- عیراق ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر و داواكاری گشتی له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا پشگیری خۆیان بۆ داوای خۆپیشانده‌ران ده‌ربڕی و هاوكات ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر و داواكاری گشتی چونه‌ ناو خۆپیشانده‌ران و مانگرتوانی شاری سلێمانی له‌به‌رده‌م دادگا.

ده‌قی یاداشته‌كه‌ی دادوه‌ران و داواكارانی گشتی سلێمانی
ده‌قی یاداشته‌كه‌ی دادوه‌ران و داواكارانی گشتی سلێمانی

دادوه‌ر سه‌روه‌ر عه‌لی له‌میانه‌ی وتووێژێكی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی" ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌ڵوێستی دادوه‌ران و داواكاری گشتی نیه‌ له‌سه‌ر مافه‌كانی هاوڵاتیان و مافی مرۆڤ ،ئێمه‌ هه‌موو كات هه‌ڵوێستمان هه‌بووه‌ چ له‌ڕوداوه‌كانی حه‌ڤده‌ی شوبات یاخود بابه‌تی نه‌دانی موچه‌ به‌ڵام وه‌ك ده‌زانرێت بارودۆخی كوردستان به‌جۆرێكه‌ ده‌بێت ئێمه‌ی دادوه‌ر و دادگا هه‌وڵ بده‌ین بێ لایه‌نی له‌ده‌ست نه‌ده‌ین."

دادوه‌ر سه‌روه‌ر عه‌لی باسی له‌كاریگه‌ری دادگا له‌ڕێگرتن له‌پێشێلكارییه‌كان و ده‌ستگیركردنی خۆپیشانده‌ران بێ بڕیاری دادگا كرد و وتی"هه‌موو كاتێك دادگا كاریگه‌ری خۆی هه‌بووه‌،له‌ دادگا كاری زۆر كراوه‌ و ڕێ و شوێنی توندیش به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر كه‌ پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران یا هه‌ركه‌س پێشێلكاری كردبێت گرتۆته‌ به‌ر به‌ڵام دادگا كاره‌كانی خۆی ناداته‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان."

وتیشی"ئه‌گه‌ر دادگا و داواكاری گشتی نه‌بونایه‌ ڕه‌نگه‌ پێشێكلكاری زۆرتر ڕویده‌دا به‌ڵام ئه‌وه‌ ئێمه‌ بوین سنورمان بۆ ئه‌و پێشێلكاریانه‌ داناوه‌،ئه‌گه‌رنا ئه‌گه‌ر دادگا و داواكاری گشتی نه‌بونایه‌ بابه‌ته‌كانی ده‌ستگیركردنی هه‌ڕه‌مه‌كی خه‌ڵك و پێشێلكاری به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران زیاتر ده‌بوو،من ئاگام لێیه‌ له‌شاری سلێمانی وه‌ك دادوه‌ر و داواكاری گشتی كاریگه‌ریمان زۆربووه‌،چونكه‌ پشگیری دادوه‌ران و داواكاری گشتی و پارێزه‌ران بۆ خه‌ڵك و داواكارییه‌كانیان بێگومان كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌."

ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر و داواكاری گشتی له‌ناو خۆپیشانده‌ران و مانگرتوانی شاری سلێمانی-له‌به‌رده‌م دادگا
ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر و داواكاری گشتی له‌ناو خۆپیشانده‌ران و مانگرتوانی شاری سلێمانی-له‌به‌رده‌م دادگا

به‌ربڵاوترین گرته‌ ڤیدیۆیی دواین خۆپیشاندان و مانگرتنی مامۆستایانی هه‌رێمی كوردستانی_عیراق شه‌ق تێهه‌ڵدانی مامۆستایه‌ك بوو له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ جلی مه‌ده‌نی له‌به‌ربوو به‌ڵام له‌به‌رده‌م ئۆتۆمبێل و چه‌ند ئه‌ندامی ده‌زگای ئه‌منی.

له‌باره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی یاسایی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌و مامۆستایه‌،دادوه‌ر سه‌روه‌ر عه‌لی وتی"بۆ ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌ی لێدان و یاهه‌ر گرته‌یه‌كی تری پێشێلكاری كه‌ بڵاوبۆته‌وه‌ به‌ دوو ڕێگا ده‌توانرێت سكاڵا له‌دادگا به‌رزبكرێته‌وه‌ دژیان،یه‌كه‌م یا ئه‌وه‌تا كه‌سه‌كه‌ خۆی سكاڵاكه‌ به‌رزده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێشێلكاریه‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر كراوه‌ یاخود داواكاری گشتی سكاڵا ده‌جوڵێنێت چونكه‌ ئه‌وه‌ پێشێلكاریه‌ به‌رامبه‌ر مافی گشتی و واجبی داواكاری گشتیه‌."

دادوه‌ر سه‌روه‌ر ئه‌وه‌شی وت"ئه‌وه‌ی له‌گرته‌ ڤیدیۆی مامۆستاكه‌ی هه‌ولێر ده‌بینرێت ئه‌وه‌ دیاره‌ له‌لایه‌ن ده‌زگای ئه‌منیه‌وه‌ كراو به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ڤیدیۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خۆشی سكاڵا تۆمار نه‌كات پێویسته‌ له‌سه‌ر داواكاری گشتی سكاڵا تۆمار بكات چونكه‌ ئه‌وه‌ تاوان پێكده‌هێنێت و پێشێلكاریه‌ به‌رامبه‌ر مافی گشتی و مافی مرۆڤ."

هه‌روه‌ها ئه‌و دادوه‌ره‌ وتیشی" له‌دادگا هه‌موو ئه‌و گرته‌ و وێنانه‌ به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێن به‌ڵام دواتر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌ڵگه‌ی تاواناكان و وته‌ی شاهێد."

سه‌باره‌ت به‌سزای ئه‌و تاوانه‌؟دادوه‌ر سه‌روه‌ر وتی" بێگومان وه‌ك وتم ئه‌وه‌ تاوان دروست ده‌كات و واجبی داواكاری گشتیه‌ سكاڵا تۆماربكات،له‌تاوانێكی له‌وجۆره‌دا ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی تاوانه‌كه‌ ده‌كات كه‌سی ئاسایی بێت واته‌ سه‌ر به‌ده‌زگای ئه‌منی نه‌بێت،وه‌ كه‌مئه‌ندامی دروست نه‌كات له‌سه‌ر كه‌سی تاوانلێكراو، ئه‌وا به‌پێی مادده‌(٤١٣)له‌یاسای سزادانی عیراقی،سزاكه‌ی سێ مانگ بۆ پێنج ساڵه‌،به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ر به‌ده‌زگای ئه‌منی بێت كه‌سی تاوانبار ئه‌وه‌ یاسا و ماده‌كه‌ سزاكه‌ ده‌گۆڕێت و دواتر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر(سلطه‌ی تقدیر)ی قازی له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا،به‌ڵام من ناتوانم ئێستا بڕیاری پێش وه‌خته‌ بده‌م."

ده‌رباره‌ی ده‌ستگیركردنی خۆپیشانده‌ران له‌سه‌ر و به‌ندی خۆپیشاندانه‌كان یاخود دوای خۆپیشاندانه‌كان؟دادوه‌ر سه‌روه‌ر وتی"به‌داخه‌وه‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ هه‌بووه‌ به‌ڵام كاری دادگایه‌ ڕێگری و ڕێ و شوێنی یاسایی دژی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ بگرێته‌ به‌ر چ ئه‌وانه‌ی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران ده‌كرێت یاخود ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی هه‌ندێك جار به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌لایان خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر ده‌زگا ئه‌منیه‌كان،چونكه‌ دواجار هی هه‌ردولا پێشێلكارین،به‌داخه‌وه‌ له‌ساڵانی پێشوو ئه‌و حاڵه‌تانه‌ش هه‌بووه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:14 0:00

XS
SM
MD
LG