Accessibility links

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت گۆڕانکاری گەورە لە سیستەمی پاشەکەوتی مووچە دەکات


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت بۆ یەکەم جار لە پاش 3 ساڵ لە بڕینی بودجەی هەرێم لە لایەن حکومەتی ناوەندی عێراق و قەیرانی دارایی، ئێستا حکومەتی هەرێم هەنگاوێکی زۆر باشی بڕیوە بەرەو کۆتایی‌هێنان بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچە.

نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە هەولێر گوتیشی دوای ئەو چاکسازیـیانەی کە لە ئێستادا پـرۆژەکەی لە پەرلەمانی کوردستانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگاتە ئەو قۆناغەی بە تەواوی سیستەمی پاشکەوتکردنی مووچە نەهێڵێت.

پاشان لە وەڵامی پـرسیارێک سەبارەت بە بەشداری لایەنە سیاسیـیەکانی ئۆپـۆزسیۆن لە خۆپـیشاندانەکاندا، نێچیرڤان بارزانی گوتی " داواکاری ئەوانەی دێنە سەر شەقام، داواکاریـیەکی ڕەوایە و مافی خۆیانە، بەڵام ئەوەی ئێمە بینیمان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، مەسەلەکە داواکاری شەقام یان مامۆستا یاخود کارمەندانی تەندروستی نەبوو، هێندەی ئەوەی هێز و حزبە سیاسیـیەکانی کوردستان دەیانویست بۆ مەرامی سیاسی ئیستیغلالی ئەو خۆپـیشاندانانە بکەن بۆخۆیان. ئێمە وەکو حکومەتی دژی ئەوەین و قبوڵیشی ناکەین. بەڵام ئەوەی تریان کە خەڵک داوای هەیە، خەڵک حەقی خۆیەتی، مەسەلەی خۆپـیشاندان بە یاسا ڕێکخراوە، زۆر تەبیعیـیە خۆپـیشاندان بکەن، زۆر تەبیعیە داوای مافی خۆیان بکەن وە بە تاکیدیش حکومەتی هەرێم تێگەیشتنێکی تەواوی بۆ ئەم مەسەلەیە هەیە، هەتا ئەو لەحزەیەی نەگاتە تێکدان و دروستکردنی ئاژاوە لە ناو کوردستان ئێمە تێگەیشتنمان هەیە. بەڵام کە دەگاتە ئەوەی هەندێک حزب بیانەوێت ئەو بابەتە ئیستیغلال بکەن بە تاکید حکومەت قبوڵی ناکات و زۆریش بە توندی وەڵامی ئەو لایەنانە دەداتەوە ئەوانەی کە دەیانەوێت ئاژاوە بنێن لە کوردستان."

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکە، ڕێباز حەملان وەزیری دارایی باسی لە وردەکاری سیستەمی نوێی پاشەکەوت کرد و گوتی ئەوانەی مووچەیان لە 400 هەزار دینار کەمترە مووچەکانیان پاشەکەوت ناکرێت. هەروەها خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەوانیش سیستەمی پاشەکەوت نایانگرێتەوە.

گوتیشی فەرمانبەرانی دیکە بە ڕێژەی 10% هەتا 30% مووچەکانیان پاشەکەوت دەکرێت. بەڵام مووچەی پلە تایبەتەکان و وەزیرەکان و پەرلەمانتاران وەکو خۆیان دەمێننەوە.

پاشان ئەحمەد زێباری پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا پـرسیاری لە وەزیری دارایی کرد،" ماوەی چەند ساڵە پاشەکەوت لە مووچەی مامۆستا و فەرمانبەران دەکرێت، ئەو پاشەکەوتە چۆن پـێـیان دەدرێتەوە؟ ئایا قەرەبوو دەکرێنەوە یاخود پـێـیان دەدرێتەوە؟ چونکە بەشێک لە مامۆستایان دەڵێن ئەو پاشەکەوتە پـێـیان نادرێتەوە. بۆیە بە چ شێوازێک پـێـیان دەدرێتەوە؟"

حەملان لە وەڵامدا گوتی" جەنابی سەرۆک وەزیران لە چەندین دانیشتن و یاخود کۆبوونەوە و کۆنفرانسدا باسی ئەوەی کردووە کە مووچەی هیچ کەسێک لە مووچەخۆران نافەوتێت. دووەمینیشی مووچەی هەموو فەرمانبەرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاسا ڕێکخراوە، بۆیە ئەو بەشەی کە پاشەکەوت کراوە، ئەوە ئیستیحاقاقی خۆیەتی، بەڵام ئێستاش جەنابیان ئاماژەیان پـێ دا، هەر کاتێک داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرزبووانێ بەشێکی بۆ ئەو بابەتە دائەنرێت."

XS
SM
MD
LG