Accessibility links

مامۆستا مەلا تاهیر بامۆکی: فەتەوای پشتیوانیکردن لە هێرشی سەر عەفرین فەتوایەکی ناڕەوایە


مامۆستا مەلا تاهیر بامۆکی پێش نوێژ و وتارخوێن لە شاری هەڵەبجە

مامۆستا مەلا تاهیر بامۆکی پێش نوێژ و وتارخوێن لە شاری هەڵەبجە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا باسی لەوەکرد، کە ئەوانەی بەناوی سورەتی فەتحەوە هێرشیان بۆ سەر شاری عەفرین دەستپێکردووە ئەوا فەتوایەکی نادروست و ناڕەوایان بۆ دراوە لەلایەن ئەو کۆمەڵە مەلایەی کە پێیان دەوترێت مەلای دەوری دەسەڵات.

پاش هێرشی تورکیا بۆ سە شاری عەفرین لە سوریا موفتی گەورەی تورکیا هەروەها چەند زانایەکی ئاینی ناوی ئەو پرۆسە سەربازیەیان نا بە "فەتح" کە یەکێکی لە سورەتەکانی قورئان. لە هەرێمی کوردستانیش مامۆستایانی ئاینی ڕای جیاوازییان هەبوو. لەناو مامۆستایاندا هەندێک لەوانە لە لێدوانەکانیاندا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تورکیا ئەو هێرشانەیان هاوشێوەی موفتی تورکیا بەڕەوا دەبینی.

لە کاتێکدا ئیسلام بانگەشەی ئەوە دەکات یەک پرۆگرام و خودا و نێردراوی هەیە هۆکاری ئەم ڕا جیاوازەی مامۆستایانی چیە لەسەر هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین؟

مامۆستا تاهیر بامۆکی شارەزای ئاینی ئیسلام بەم جۆرە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە" ئەم زەمانەی کە ئێمەی تێکەوتوین لە هەموو شوێنێک ئەو خەڵکانەی خەریکی سیاسەتن سوود دەبینن لە هەموو شتێک بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆیان، لە هەموو شوێنێک هەروایە لە ئەمەریکا و ئەوروپا پاپا بەکاردەهێنن، لە کوردستان و وڵاتانی تر مەلا و مزگەوت بەکاردەهێنن ئەوانە پێیان دەوترێت فەتوای سیاسی ، پێیان ناوترێت فەتوای دینی دروست."

مامۆستا تاهیر بامۆکی وتیشی"هەرکەسێک ئەگەر فشارێکی سەرەوەی لەسەر بوو بۆ فەتوا دەتوانین بڵێین ئەوا ڕەنگە حەیف و مەیلێکی تێدا بێت چونکە دەبێت موفتی موفتی بێت بەسەر دەسەڵاتدارەوە ئەگەر "ئەمیرلموئمینەکە"ی جاران بێت، وە دەبێت حاکم و دادگا بەسەر سەرۆکی وڵاتدا دەسەڵاتیان هەبێت، بەڵام ڕۆژگاری ئەمڕۆ وایکردووە ئێستا مامۆستاکان بەکاردەهێنرێن جا چ لە میسر بێت یان سعودیە یان تورکیا یان کوردستان ئەگەر بە ئاوازی دڵی کاربەدەستان وتار نەدەی ئەوا یان قاچاغ دەبیت یان دەردەکرێیت یاخود ئەشکەنجە دەدرێیت."

ئەو مامۆستا ئاینیە ئەوەشی وت"من پێشتر وتومە ئەگەر تورکیا لەودیو سنووری خۆیەوە هێرشی کرد و سنووری بەزاند ئەوا وەک هێرشی سەدام وایە بۆ سەر کوەیت جا موفتی فتوای بۆ بدات یاخود نا."

هەروەها وتی"لە کاتێکدا ئێمە ئەنفالکراین لە کوردستان ڕژێمی بەعس سودی دەبینی لە کۆمەڵێک مەلا لە بەغدا و شارەکانی تری عێراق و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش کە فەتوا بدەن ئەو پرۆسەیە شەرعیەتی هەیە ئەوانە کۆمەڵە کەسانێکن هەڵگەڕاوەن لە دین."

مامۆستا مەلا تاهیر ئاماژەی بە هەڵوێستی مامۆستایانی ئاینی دا لە کاتی شەڕی ناوخۆی هێزە کوردییەکانی هەرێمی کوردستانی عیراق و وتی"جا هەر ئێمە لە کوردستان کاتێک لە شەڕی ناوخۆ یەکێتی زانایان بوون بە دوو بەشەوە ئەودیو دێگەڵە فتوایەکیان دەدا ئەم دیویش فتوایەک، قاعیدە و ئەنسار و داعش هەموویان مەلای خۆیان هەیە، ئەم مەلایانە هیچیان ئازاد نین ئەگەر ئازاد بن ئەوەی کە خوا دەفەرموێت وەک ئەوە بین، بەڵام بەداخەوە فشارێک لەسەر زانایانە لەسەر هیچ توێژێکی تری کۆمەڵگا نیە."

لە گفتوگۆکەدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا مامۆستا مەلا تاهیر بامۆکی وتی" ئەو فەتوایەی دژی عەفرین دراوە من بە نادروستی دەزانم چونکە ئەوانەی لە عەفرینن لەناو خاکی خۆیاندان چەندین ساڵە شەڕ دەکەن ئیتر ئەو خەڵکە ئێزیدیـیە، جولەکەیە هەر دین و نەتەوەیەکە مادام سنووری نەبەزاندووە هەر کەس هێرش بکاتە سەریان بە ناوی دینەوە ڕەتی دەکەمەوە مادام زەوی و ئاوی خۆیانە، جا ئەو جۆرە فتوایانە(فتوای فەتح) لە میسر، تورکیا، یان کوردستان یاخود هەرشوێنێکی تر درابێت من بڕوام پێی نیە، چونکە ئەوانە پـێیان دەوترێت مەلای دەوری دەسەڵات کە بە ئەمری دەسەڵات کاردەکەن، من یەکێکم لەوانەی لە کوردستان کە بە دڵی دەسەڵات وتار و کار ناکەم بۆیە زۆرترین تەنگپێهەڵچنینم بەرامبەر کراوە."

وتیشی"خۆ هەموو زانای ئاینی تورکیا وانین، بەڵام ئەوەی هات فەتوای دا دژی عەفرین وتی بڕۆن بەناوی فەتح هێرش بکەنە سەر عەفرین لە کاتێکدا ئەوان لەسەر خاک و ئاوی خۆیانن، ئەوا من بە نادروست و ناڕەوای دەزانم هەروەک هێرش بۆ سەر کورد لە ڕابردوودا دەبینم هەروەک چۆن سەدام بەرامبەر کوردی کرد یاخود چوو کوەیتی داگیرکرد من هەروادەبینم، هەر کەس هات لەناو خاکی خۆت هێرشی کردە سەرت سەر و ماڵتی داگیر کرد لە کاتێکدا تۆ زیانت بۆ ئەو نەبوو ئەگەر عومەری کوڕی خەتابیش بێت ئەوا کارەکە ستەمە."

مامۆستا تاهیر بامۆکی درێژەی بە قسەکانیدا و وتی"من (٦٠) ساڵ تەمەنمە تا ئێستا نەمبینیووە کورد بە ناوی دینەوە هێرش بکاتە سەر هیچ دراوسێیەکی لە عەرەب و تورک و فارس بەڵکو بە پێچەوانەوە هەمیشە دراوسێکانمان بە ناوی پیرۆزی دینەوە هێرشیان کردۆتە سەر کورد جا ئەوانە نایبەنەوە، سەدام چی بەدەست هێنا لە پرۆسەی ئەنفال و ڕاگواستن ئەوانیش هەرکەس بەناوی پیرۆزییەکانی دین لە مزگەوت، یان کڵێسا هێرش بکات بۆ سەر خاک و خەڵکی تر هەر بەقەد سەدام دەیباتەوە ."

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:20 0:00

XS
SM
MD
LG