Accessibility links

مه‌ولود باوه‌موراد:پێم باشه‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ناو حكومه‌تدا بمێنێته‌وه‌


مه‌ولود باوه‌موراد-وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

مه‌ولود باوه‌ موراد ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و وه‌زیری گه‌یاندن و گواستنه‌وه‌ له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌ڵێت،له‌ناو سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان دوو بۆچون هه‌یه‌ له‌سه‌ر بڕیاری كشانه‌وه‌ یا مانه‌وه‌ له‌حكومه‌ت،به‌ڵام ئه‌و ده‌رفه‌ته‌شی كه‌درا به‌حكومه‌ت بۆ چاكسازی خۆ محه‌له‌بی دروست كردن نیه‌ حكومه‌ت بتوانێت به‌و ماوه‌ كه‌مه‌ جێ به‌جێی بكات چونكه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت پێی بكرایه‌ خۆی جێ به‌جێی ده‌كرد نه‌ك به‌پڕۆژه‌ی كه‌س.

وابڕیاره‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان دوابڕیاری خۆی له‌سه‌ر مانه‌وه‌ یاخود كشانه‌وه‌ له‌ كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌دات.

مه‌ولود باوه‌موراد ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و وه‌زیری گه‌یاندن و گواستنه‌وه‌ له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی بڕیاری سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیلامی كوردستان بۆ مانه‌وه‌ یاخود كشانه‌وه‌ له‌كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم وتی"له‌ناو سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو دوو بۆچوون هه‌یه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌ندێك پێییان وایه‌ كشانه‌وه‌ بۆته‌ فیلمێكی ئێكسپایه‌ر پێشتر گۆڕان و كۆمه‌ڵ كشانه‌وه‌ هیچ له‌بابه‌ته‌كه‌ نه‌گۆڕا و ئێستا شوێن كه‌وتنی ئه‌و حیزبانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بكشێیینه‌وه‌."

مه‌ولود باوه‌موراد ئاماژه‌ی به‌بۆچونی دووه‌م دا و وتی"به‌ڵام هه‌ندێكی تر ده‌ڵێن مانه‌وه‌مان له‌و حكومه‌ته‌ شكستخواردووه‌ مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تێكی گه‌نده‌ڵ زیانی زۆر له‌پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كگرتوو ده‌دات به‌تایبه‌ت له‌ده‌ڤه‌ری سه‌وز."

مه‌ولود باوه‌موراد كه‌ له‌پشكی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و ڕێكخه‌ری په‌رله‌مان و حكومه‌تیشه‌ له‌هه‌مانكاتدا باسی له‌بۆچوونی خۆی كرد بۆ مانه‌وه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌حكومه‌ت و وتی"بۆچونی من وایه‌ كه‌ بمێنینه‌وه‌ له‌ناو حكومه‌ت چونكه‌ ئێستا ئاسۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداد ده‌ركه‌وتووه‌،وا ده‌بینرێت دۆخه‌كان به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات،ئه‌و پڕۆژه‌ چاكسازییه‌ی ئێستا نێردراوه‌ت په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر جێ به‌جێ بكرێت ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ باوكی چاكسازییه‌كان.هه‌روه‌ها هه‌ر خودی ئه‌م حكومه‌ته‌ خۆی ماوه‌یه‌كی كه‌می ماوه‌."

سه‌باره‌ت به‌مه‌ترسی كاریگه‌ری مانه‌وه‌ی یه‌كگرتوو له‌ناو حكومه‌ت له‌سه‌ر بنكه‌ی جه‌ماوه‌رییان مه‌ولود باوه‌ موراد وتی"ئێمه‌ له‌بادینان له‌ده‌ڤه‌ری زه‌رد(١٠٥)هه‌زار ده‌نگده‌رمان هه‌یه‌،دوای ئه‌وه‌ یه‌كگرتوو جیاوازه‌ له‌گۆڕان و كۆمه‌ڵ و ته‌نانه‌ت هه‌موو حیزب و كوتله‌كه‌ی دكتۆر به‌رهه‌میش.وه‌ دوای ئه‌وه‌ كشانه‌وه‌ له‌حكومه‌ت پێویستی به‌ده‌نگی ٢\٣ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیه‌."

مانگی ڕابردوو یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایگه‌یاند،پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازییان داوه‌ته‌ حكومه‌تی هه‌رێم بۆ جێ به‌جێ كردنیشی مۆڵه‌تی تا(١٥-١-٢٠١٨)یان داوه‌ته‌ حكومه‌ت بۆ جێ به‌جێ كردنی ئه‌گه‌رنا له‌حكومه‌ت ده‌كشێنه‌وه‌.

ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ مه‌ولود باوه‌موراد كه‌ئێستا ئه‌ندامی ئه‌و شانده‌یه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت كۆده‌بێته‌وه‌ پرسی ئایا حكومه‌ت پڕۆژه‌كه‌ی یه‌كگرتووی جێ به‌جێ كردووه‌ وا له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی حیزبه‌كه‌یه‌تی له‌ناو حكومه‌ت؟مه‌ولود باوه‌ موراد وتی"خۆ پڕۆژه‌كه‌ محه‌له‌بی نیه‌،خۆت خانمی ده‌زانی محه‌له‌بی دروستكردنیش بێت كاتی زیاتری ده‌وێت،دوای ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی پێ جێ به‌جێ بكرایه‌ خۆی جێ به‌جێی ده‌كرد له‌ 100%."

هه‌روه‌ها ده‌نگی ئه‌مریكا پرسیاری ئه‌وه‌شی له‌مه‌ولود باوه‌موراد كرد ئه‌گه‌ر پێیان وایه‌ جێ به‌جێ كردنی پڕۆژه‌كه‌یان ئاسان نیه‌ ئه‌ی بۆ حیزبه‌كه‌ی دای به‌حكومه‌ت و مۆڵه‌تی جێ به‌جێ كردنی پێدا؟به‌ڵام مه‌ولود باوه‌ موراد وتی"ئێشتا ده‌چمه‌ كۆبونه‌وه‌ له‌وه‌ زیاتر ناتوانم قسه‌ بكه‌م."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:44 0:00

XS
SM
MD
LG