Accessibility links

لە ساڵى 2017 دا پێشێلکارى بەرامبەر بە 230 ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان کراوە


لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانيدا ليژنەى داکوکى لە ئازادى رۆژنامەنووسى و مافى ڕۆژنامەنووسان لە سەنديکاى ڕۆژنامەنووسانى هەرێمى کوردستان ڕاپۆرتى سالى 2017 ى پێشێلکاريەکانى بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە تێدا هاتووە کە 230 ڕۆژنامەنووس لە دەزگا جياجياکان پێشێلکاريان بەرامبەر کراوە بەراورد بە ساڵى 2016 ڕێژەکە زياديکردووە چونکە لە ساڵى 2016 پێشێلکارى بەرامبەر 85 ڕۆژنامەنووس کرا.

لەبارەى هۆکارى زيادبوودنى پێشێلکارى بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و چارەسەر بۆ کەمکردنەوەى پێشێلکاريەکان، ئازاد حەمەدەمين نەقيبى سەنديکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان بە دەنگى ئەمەريکا دەڵێت دوو هۆى سەرەکى هەيە يەکەميان ئەوەيە هەر کاتێک ململانێ سياسيەکان زياتر بن بێگومان پێشێلکارى بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان زياتر دەبێت، و هەروەها سوپاى عێراقيش هاتووتە ناوى لە ڕێگاى حەشدى شەعبى کە ئەوانەش بەراستى بوونەتە کاراکتەرێکى ديکەى تازە کە پێشێلکاريان کردووە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان تا حەدى کوشتن کە لەوانە رۆژنامەنووس لە داقوق شەهيدکراوە، پێشێلکاريەکان زيادبووە بەحوکمى ئەوەى گرژى و ئاڵوزيە سياسيەکان زياتر بوون ، بە حوکمى ئەوەى بەداخەوە حکومەتى عێراق ڕێزى لە پرەنسيپەکانى ئازادى بيڕۆڕا نەگرتووە بەپێچەوانەى برگەکانى دەستوورى عێراق مامەڵەى خراپى کردووە.

لەبارەى چارەسەر بۆ کەمکردنەوەى پێشێلکارييەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و هەوڵەکانى سەنديکا لەمبارەيەوە ،

نەقيبى سەنديکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان زياتر دەڵێت ئێمە ئێستاش داوا دەکەين لە نەقابەى عێراق لە هەموو لايەنەکان کە هاريکاريمان بکەن تا بتوانين بە هەموو لايەک گوشار بخە‌ينە سەر حکومەتى عێراق بۆ ڕاگرتنى پێشێلکاريەکان.

ئامارى سەرجەم پێشێلکاريەکانى بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان بۆ ساڵى 2017 بەم شێوەيە بووە

چوار ڕۆژنامەنووس تيرۆکراون ، رۆژنامەنووسێک خوى کوشتووە ، دوو رۆژنامەنووس کوژراون و پێنجى تريش برينداربوونە، پێنج حاڵەتى داخستن هەبووە و سى ڕۆژنامەنووسيش دەستگيرکراون ، هەروەها لە سى و نۆ ڕۆژنامەنووسى تريش دراوە و ڕێگرى لە سەد و يازدە ڕۆژنامەنووس کراوە لە کاتى کارکردنيان ، هەڕەشەش‌ لە هەژدە رۆژنامەنووس کراوە و دوو حاڵەتى سوتان و پێنج تاڵانکردن هەبووە، واتا کۆى گشتى پێشێلکارى بەرامبەر 230 ڕۆژنامەنووس کراوە ئەمە وەک لە ڕاپۆرتەکەى ليژنەى داکوکى لە ئازادى رۆژنامەنووسى و مافى ڕۆژنامەنووسان لە سەنديکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستاندا هاتووە.

XS
SM
MD
LG