پاش یه‌ك ڕۆژ به‌سه‌ر تێپه‌ڕبوونی درێژكردنه‌وه‌ی په‌خشی كه‌ناڵی NRT له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان فرمانی ده‌سپێكردنه‌وه‌ی په‌خشی كه‌ناڵه‌كه ده‌ركرا و فرمانی درێژكردنه‌وه‌ی ڕاگرتنی په‌خشی كه‌ناڵه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
هه‌فته‌ی ڕابردوو وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری ڕاگرتنی په‌خشی كه‌ناڵی NRT ی‌دا،به‌پێی نوسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریش هۆكاری ڕاگرتنی په‌خشی كه‌ناڵه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌بوو له‌سه‌روبه‌ندی خۆپیشاندانه‌كانی پارێزگای سلێمانیدا NRT له‌ده‌ره‌وه‌ی ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێم كاری كردووه،به‌پێی فرمانه‌كه‌ش سزای ڕاگرتنی په‌خشی كه‌ناڵه‌كه‌ش بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته ده‌بێت.
به‌پێی فرمانه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ده‌بوو دوێنێ سێ شه‌ممه ئه‌و كه‌ناڵه ده‌ستیبكردایه‌وه به‌په‌خشی ئاسایی خۆی به‌ڵام فه‌رهه‌نگ گۆمه‌شینی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لێدوانێكیدا بۆ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند"له‌سه‌ر سكاڵای داموده‌زگا ئه‌منیه‌كانی سلێمانی كه‌ناڵی NRT ئامێرێكی به‌كارهێناوه به‌بێ مۆڵه‌ت كه‌په‌خشی چه‌ند كه‌ناڵێكی تری له‌سه‌ركردووه له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بڕیاریدا ڕاگرتنی په‌خشی كه‌ناڵه‌كه بۆ یه‌ك هه‌فته‌ی تر درێژبكاته‌وه."
به‌ڵام به‌پێی فرمانێك كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ریكردووه فرمانه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ڕاگرتنی په‌خشی كه‌ناڵیNRT هه‌ڵوه‌شانده‌وه و له‌مڕۆوه ئه‌و كه‌ناڵه ده‌توانێ ده‌ست بكاته‌وه به‌په‌خش.
هه‌روه‌ها محه‌مه‌د ئیسماعیل ئه‌ندامی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ به‌ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند"كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نوێ به‌كه‌فاله‌ت ئازادكرا."
په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ڕێباز مه‌جید له سلێمانی ئه‌م گرته ڤیدیۆیه‌ی خواره‌وه‌ی دوای ئازادکردنی شاسوار ناردووه.