Accessibility links

سەفین دزەیی: خەڵکانی خۆپەرست خۆیان لە نێو خۆپـیشاندانەکاندا خزاندووە


گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت خەڵکانێکی خۆپەرست خۆیان خزاندووە ناو خۆپـیشاندانەکان و هەوڵی نانەوەی ئاژاوەیان داوە، وە زۆر دەستیش هەن دەیانەوێت ئاسایش و سەقامگیری کوردستان تێکبدەن.

سەفین دزەیی لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا گوتیشی حکومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواوی بە ڕادەربڕینی ئازادانە و دیموکراسیـیانە هەیە، وە ڕادەربڕینی شارستانیـیانە مافی ڕەوای هەر تاکێکە و یاساش ڕێگەی پـێداوە.

دەزیی باسی لەوە کرد کە دەسـتی تێکدەر لە ناوەوە و دەرەوە هەن هەوڵ دەدەن قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان تێکبدەن، بەڵام ئاماژەی نەکرد ئەو دەستانە کێن.

پاشان هۆکاری قەیرانی موچەی گەڕاندەوە بۆ دۆخی هەرێم و گوتی هەرێم لە ساڵی 2014 وە دووچاری ئابڵۆقەی سیاسی و ئابوری بووە و لە لایەن حکومەتی ناوەندیـیەوە بودجەی لێبڕاوە و تووشی شەڕی داعش بووە و ملیۆنێک و 800 هەزار ئاوارە ڕوویان لە هەرێم کردووە. گوتیشی ئیستاش بەشێک لەو ناوچانەی نەوتەکەی هەناردەی دەرەوە دەکران و وەکو داهاتێک بۆ پـێدانی موچە بەکاردەهێنرا ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم نەماون، بۆیە ئەو ڕاستیەکەیە کە دەبێت هەموو خەڵکی کوردستان بیزانێت کە ئێستا داهاتی حکومەتی کوردستان دیارە چەندە و بە گوێرەی ئەو داهاتە هەوڵ دەدرێت مانگانە موچەکان بدرێن.

سەبارەت بە داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم دەڵێت هەنگاوێکی لەو جۆرە هیچ ئەنجامێکی نابێت، بەو پـێـیەی ئەگەربێت و حکومەتیش هەڵبوەشێتەوە هەر سێ حزبە سەرەکیـیەکەی هەرێم دەبێت حکومەت پـێکبهێننەوە، ئەمەش لە کاتێکدا چەند مانگێکی کەم ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی دەڵێن ڕێگە نادرێت لە هەولێر و دهۆک خۆپـیشاندانی ناڕەزایی سازبکرێن، سەفین دزەیی ڕەتیکردەوە ڕێگیری کرابێت و گوتی ئەگەر یەکێک خوازیاری خۆپـیشاندان بێت دەتوانێت داوای مۆڵەت بکات و لە لایەن پارێزگارەوە ڕێگای پـێدەدرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:17:24 0:00

XS
SM
MD
LG