Accessibility links

فازڵ میرانی:له‌ ئستادا دوو مه‌ترسی گه‌وره‌ و جدی له‌سه‌ر كوردستان هه‌ن


فازڵ میرانی
فازڵ میرانی

فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت"له‌ ئستادا دوو مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هەن ،ئه‌و مه‌ترسییانەش بۆ سه‌ر هه‌موو كورده‌ بەبێ جیاوازی حیزبی سیاسی و پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی، وە مه‌ترسیه‌كانیش بریتین لە لێكترازانی لایه‌نه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان،دووهەمیشیان بێده‌نگی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیه‌ له‌بەرامبەر ئه‌و هێرشانه‌ی سوپای عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی ده‌یكه‌نه‌ سه‌ر هەرێمی كوردستان و ده‌شڵێت"هیوادارین ئه‌و بێ وه‌فاییه‌ی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یانبوو له‌دوای ته‌واوبونی شه‌ڕی داعش هه‌مان بێ وه‌فایی نه‌نوێنن به‌رامبه‌ر برایانی په‌یه‌ده‌."

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌میانەی وتووێژێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وه‌ڵامی چه‌ندین پرسیاری له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌ جیاوازه‌كان ده‌داته‌وه‌، لەوانە واده‌ی ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق.

فازڵ میرانی ذەڵێت "هه‌ردوولامان پێمان باشە دەستور چارەسەری کێشەکان بکات بەڵام نەک ئەو دەستورەی کە هەرکەسمان شیکردنەوەی خۆی بۆی بۆ بکات،به‌ڵكو ده‌ێت شیكردنه‌وه‌ی یاساناسان بێت و به‌پێی یاسا بێت، ئێمە دەرگای دانوستاندنمان کردۆتەوە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین عێراق بەهۆشی خۆی بێتەوە"

میرانی وتی"ئێستا عێراق خۆی بەسەرکەوتوو دەزانێت لەو ڕووداوانەی کە هەبوون ،بۆ ئه‌وه‌ی ئەمن و ئاسایش لە عیراق بەرقەرار بێت پێویستە چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد بدۆزرێتەوە چونکە لە(1961)وە تا ئێستا ئەم عیراقە ئیستقراریەتی بەخۆیەوە نەبینیوە و ناشیبینێت ئەگەر چارەسەری کێشەی کورد نەکات بەدانوستاندن و ئاشتیانه‌."

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕه‌تی كرده‌وه‌ كه‌ له‌پێش ڕیفراندۆم لایه‌نی كوردی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ به‌غداد ڕه‌تكردبێته‌وه‌ و وتی"له‌ پێش ڕیفراندۆم ئێمە گفتوگۆمان ڕەتنەکردۆتەوە سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی هەرێم چوینە بەغداد بەڵام ئەوان مەرجیان ئەوە بوو کە ڕیفراندۆم ئەنجام نەدەین ،ئێمە بە حکومەتمان وت بیر لەچارەسەرکردنی ئەو کێشانە بکەنەوە کە وای لەکورد کردووە بڕیاری ڕیفراندۆم بدات،پاشەکشەکردنی حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق بەتایبەت ئەم حكومەتە لە هاوسەنگی هێز و بودجە و دەستە سەربەخۆکان و یاسای نەوت و غاز بووه‌ فشار بۆسه‌رمان وه‌ بڕینی بودجەی هەرێم لەساڵی 2014وە ،ئەوان وایان لە سەرکردایەتی سیاسی کورد کرد کە بیر لە ڕیفراندۆم بکەنەوە و ئەوەش دەرئەنجامەکەی کە دەیبینین.

فازڵ میرانی ئه‌وه‌شی باسكرد له‌پێشووتردا حکومەتی عێراقی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دەیوت دەبێت ڕیفراندۆم هەڵبوەشێننەوە،ئەگەر مەرجەکە ئەوە بێت ئەوە ناکرێت چونکە ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی دیموکراسی بوو، لۆژیک ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەمە ناکرێت چونکە ڕیفراندۆم سێ ملیۆن دەنگدەری کورد بەشداری تێدا کردوە و لۆژیکیش دەڵێت دەبێت ئەم سێ ملیۆن کەسە بهێنیت دەنگەکانیان بەتەواوی هەڵبوەشێننەوە، دوای ئەو مەرجە ئێمە هەوڵ دەدەین و ئامادەین بۆ نواندنی نەرمی،نواندنی نەرمیەکەش ئەوەیە کەگفتوگۆکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستور بێت،ئەگەرچی بەغدادیش وادەڵێت بەڵام تا ئێستا ئامادە نین بۆ دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکان، دەشڵێت "چاوەڕێی دۆستەکانمان دەکەین کە ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا فشار لەهەردولا بەتایبەت حکومەتی عیراقی دەکەن بۆ دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکان چونکە هیچ شتێک نابێتە چێگرەوەی گفتوگۆ."

فازڵ میرانی ڕه‌تیشیكرده‌وه‌ حكومه‌تی عێراقی ده‌ستی به‌سه‌ر خاڵه‌ سنورییه‌كانی ئیبراهیم خه‌لیل و فیشخاپوردا گرتبێت و وتی"تا ئەم ساتەی من قسە دەکەم حكومەتی هەرێم خاڵە سنورییەکانی(ئیبراهیم خەلیل و فیشخاپور)بەڕێوە دەبات، وتیشی"بۆ زانیاریتان بەپێی دەستوری عێراقی خاڵە سنورییەکان لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی عێراق بەهاوبەشی بەڕێوەدەبرێت و دەستوری عێراقی نەیوتوە ئەو خاڵە سنورییانە بەتەنها عێراق یان هەرێم بەڕێوەیان دەبات هەردوولا بەهاوبەشی بەڕێوەی دەبەن،وە ئێمە کەدەڵێین با بەپێی دەستوری عێراقی کێشەکان چارەسەر بکرێن، کەواتە ىێگومان ڕازین بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عیراقی خاڵه‌ سنورییه‌كان بەڕێوە ببەین

له‌به‌شێكی تری وتووێژه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان،فازڵ میرانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد له‌ ئێستادا، مەترسی ڕژد هەن لەسەر کوردستان؛ یەکەم،لێکترازانی هێزە ناوخۆییەکانی کوردستانە،دووەمیش بێدەنگی ئێستای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو کارانەی عێراق دەیکات بەرامبەر هەرێمی کوردستان.

میرانی دەڵێت "ناکرێت ئەم بێدەنگیە لەبەرامبەر هەرێمێک کە تا دوێنێ دانیان پێدادەنا و دەهاتن فەرشمان بۆ ڕادەخستن و ستایشی ڕۆڵی کوردییان دەکرد لە ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆریستانی داعش بەڵام ئێستا تۆپ و چەک و ئەو تانکانەی ئەمریکا داونی بە سوپای عێراقی، دژمان بەکاریدەهێنن تەنانەت بەدەست چەکدارانی حەشدی شەعبیشەوەیە و دژمان بەکاریدەهێنن.بەڕاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ وەفا بوون بەرامبەر بە پێشمەرگە و کوردستان کە ڕۆژگارێک بە ئێمەیان دەوت پێشمەرگە بە نوێنەرایەتی جیهان شەڕی داعش دەکات هیوادارم بەوجۆرەش بێ وەفا نەبن بەرامبەر برایانی پەیەدە له‌دوای ته‌واو بوونی شەڕی داعش"

سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵی لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردییه‌كان بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و دوو مه‌ترسیه‌ جدی و گه‌وره‌یه‌ی باسی ده‌كه‌ن،فازڵ میرانی دەڵێت "لەگەڵ ئەوەداین کە ئەمڕۆ لەدوێنێ زیاتر پێویستمان بەیەکڕیزییە، ئێمە دەرگامان کراوەیە بۆ هەموو لایەنێک بێ جیاوازی،چونکە پێمان وایە تاکە چەکێک بۆ ڕووبەڕوووبوونەوەی ئەو مەترسیانەی ڕوویان لەهەموو کوردستان کردوە نەک بەتەنها لایەنێک، یەکڕیزییە، وەک پارتی پڕۆژەمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسیە ئەوەیە بەردەوام لەگەڵ برایانی یەکێتی لە گفتوگۆداین وە پێشمەرگە قارەمانەکان بە مۆراڵێکی بەرزەوە بەرگری لە شوێنە ستراتیژییەکان دەکەن ، وە لەلایەکی تریش پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و عێراق بەردەوامن، ئێمە هەوڵ دەده‌ین هێمنی و ئاسایش بپارێزین بەڵام ئەگەر هەڕەشە بەردەوام بێت چاوسورکردنەوە هەبێت ئەوا میللەتی کورد لەچاوسورکردنەوە نەترساوە و ناترسێت

سه‌باره‌ت به‌وه‌ڵامی لایه‌نه‌كان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان،فازڵ میرانی وتی"بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی ئەو دوولایەنە خۆیان بەشێوەیەک لە شێوەکان بە بێ ڕاگەیاندن خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن،بەڵام بەرامبەر بە عێراق و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان هەموو لایەنەکان دیدی هاوبەشمان هەیە"

سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆی بونی پیلانكی هه‌رێمی بۆ دروستكردنی شه‌ڕی ناوخۆ له‌كوردستان،فازڵ میرانی دەڵێت "به‌رده‌وام دوژمنانی كوردستان ئه‌و هه‌وڵه‌یان داوه‌ كه‌ناكۆكی و دوبه‌ره‌كی له‌نێوان كورده‌كان خۆیان دروست بكه‌ن به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ جێگه‌ی خۆشحاڵیه‌ كه‌ ئێمه‌ و یه‌كێتی به‌رده‌وام كۆبونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین و دژی شه‌ڕی ناوخۆین و ته‌حریمی ده‌كه‌ین"

ده‌رباره‌ی ڕوداوه‌كانی(١٦)ئۆكتۆبه‌ر و ڕوداوه‌كانی دواتر،سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت "ئەوەی لە 16ی ئۆکتۆبەر و دوای ئەوە ڕوویدا من لەگەڵ تۆمەتدا نیم بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە ئەنجامی سەعد ئابادێکی ترە بەڵام بە کاراکتەر و دۆخی جیاواز ئەوەی تریش بەبۆچونی من هۆكاری تریش هه‌یه‌ كه‌په‌یوه‌ندی به‌خۆمانه‌وه‌ هه‌یه‌ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ئەنجامی نا ئیدارەدانی باشی کێشە و گرفتەکان بووە لەگەڵ حکومەتی عیراق."

فازڵ میرانی ڕه‌تیكردوه‌ لەژێر فشاری وڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا مه‌سعود بارزانی ده‌ستی له‌كاركێشابێته‌وه‌ و دەڵێت "سەرەتا جەنابی سەرۆک سەرۆکی دەوڵەتێک نەبوە بەڵکو بەپێی یاساکان جەنابیان سەرۆکی هەرێم بوو، پێش ئەو ماوەیە ماوەکەی تەواو بوو ئێمە داوامان کرد لەبەر پێویستی شه‌ڕی داعش لەپۆستەکەیدا بمێنێتەوە، وە پێش مردنی جەنابی مام جەلالیش،جەنابی سەرۆک بەلایەنەکانی وت کە ماوەکەی تەواو بووە،وە ئەگەر پەرلەمان ماوەی خۆی درێژ نەکردایەوە ئەوا جەنابی سەرۆک نامەی نەدەنوسی بەڵام کە پەرلەمان درێژکرایەوە جەنابی سەرۆک نامەکەی نوسی و بە پەرلەمانی وت ماوەی من درێژ مەکەنەوە و چیتر ناتوانم تەجاوزی یاساکان بکەمەوە، نەبەرژەوەندی دەرەکی لەمەترسیدایە بەهۆی سەرۆکایەتی هەرێم نە بەربەستیشە،هەرێمی کوردستان چ لەبەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و فەرەنسا کەم دەکاتەوە کە سەرۆکی هەرێم بێت،ئێمە هەرێمێکین لەچوارچێوەی عێراقدا"

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وتیشی" لە 6-11-وە سەرۆکی هەرێم نامێنێت و سەرۆک بارزانی دەمێنێتەوە وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وە دەبێتە یەکەمین کاریزمای کوردستانی عێراق،بەپێی یاسا کەس جێگای سەرۆکی هەرێم ناگرێتەوە چونکە پەرلەمان ماوەی خۆی درێژکردۆتەوە وە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم دابەشکراوە بەسەر سێ دەسەڵاتەکەی تردا.

له‌باره‌ی هه‌ڵوستی توركیا له‌سه‌ر هێرشه‌كانی عێراق بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان فازڵ میرانی دەڵێت پێش ئەوەی ئەم مەسەلەی ڕیفراندۆمە بێتە پێشەوە جەنابی سەرۆک کۆماری تورکیا بەسەرۆک وەزیرانی عێراقی وتبوو ئەتۆ چیت وە مستەوات چیە تا لەگەڵ من قسە بکەی یا باسی من بکەی؟! دەشڵێت "به‌ڵام خاڵی هاوبەش و قاسەی هاوبەشی ئەم وڵاتانە کوردە پێشتر وتم سەعد ئابادێکی ترە بەڵام بە مێژووی نوێ و هۆکاری نوێ،ئەوەی لەنێوان ئێران و عێراق تورکیا لەسەری کۆکن مەسەلەی کوردە لەوە بترازێت دنیایەک کێشەیان بەیەکەوە هەیە، وە تورکیا تا ئەمڕۆ لەڕووی کرداریەوە هیچ هەنگاوێکی دژ نەگرتوینە بەر تەنانه‌ت ئیبراهیم خەلیل وەک خۆی کاردەکات خەڵکی کوردستان لە تورکیاوە سەفەر دەکەن بۆ ئەوروپا و ئەمریکا."

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوستی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر داواكاری بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی هه‌رێم و پێكهێنانی حكومه‌تی ڕزگاری نیشتمانی،فازڵ میرانی دەڵێت"حكومه‌تی ڕزگاری نیشتمانی به‌ هۆكاری یاسایی ده‌كرێت و هیچ هۆكاركی یاسایی له‌ ئێستادا نیه‌ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ڕێگای كوده‌تاوه‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ پكبهێنن،بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی كه‌مینه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆیان به‌ڵام له‌ دنیادا نه‌بوه‌ كه‌مینه‌ خۆی بسه‌پنێت به‌سه‌ر زۆرینه‌دا و بیه‌وێت داواكارییه‌كانی به‌زۆرینه‌ بچه‌سپێنێت"

وتیشی"ئه‌وانه‌ی داوای ئه‌و جۆره‌ حكومه‌ته‌ ده‌كه‌ن بابێن به‌شداری بكه‌ن له‌م حكومه‌ته و تواناكانی خۆیانی تێدابخه‌نه‌ گه‌ڕ و سود له‌شه‌رعیه‌تی په‌رله‌مان وه‌ربگرن"

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی له‌پێشوتردا وه‌زیره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ حكومه‌ت ده‌ركران ئایا گره‌نتی چیه‌ بۆ هاتنه‌وه‌یان بۆ ناو حكومه‌ت و جارێكی تر ده‌رنه‌كرێنه‌وه‌، فازڵ میرانی دەڵێت "گره‌نتی هه‌یه‌ له‌چه‌ند مانگی پێشوو ئێمه‌ داوامان له‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كرد بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو حكومه‌ت و په‌رله‌مان،هه‌موو مه‌رجه‌كانیان هاتنه‌ دی، گه‌ڕانه‌وه‌ په‌رله‌مان به‌س نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ ناو حكومه‌ت،له‌كاتێكدا تا ئێستاش وه‌زیره‌كانی گۆڕان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانن و مانگانه‌ موچه‌ و ئیمتیازی خۆیان بۆ ده‌چێت"

فازڵ میرانی ستایشی په‌یامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكای كرد و وتی"ئه‌و په‌یامه‌ بۆ كورد ئیجابی بوو به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌ باسی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات وه‌ پشتیوانی خۆی بۆ ئه‌م حكومه‌ته‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌."

دەقی وتووێژەکە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:22:11 0:00

XS
SM
MD
LG