Accessibility links

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆن: هیچ لیست و لایەنێک کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم نیـیە


جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان باس لە ژمارەی لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوی هەرێمی کوردستان دەکات و هەروەها باسیش لەوە دەکات بەدرێژایی ماوەی یاسایی بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدی لایەن و لیستەکان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم هیچ لایەنێک کاندیدی بۆ ئەو پۆستە پێشکەش نەکردبوو.

سلێمان مستەفا لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا دەڵێت ئەو ڕۆژەی کاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان (محەمەد تۆفیق ڕەحیم) هات بۆ کۆمسیۆن ناوی خۆی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم تۆمارکرد ڕۆژێک دوای تەوابوونی کۆتایی هاتنی وادەی یاسایی ناو تۆمارکردن بوو بۆ کاندیدی پۆستی سەرۆکی هەرێم.

وتیشی مەسعود بارزانی خۆی کاندید نەکردۆتەوە وە هیچ لایەنێک و کەسێکیش کاندیدی نەبووە لە ماوەی یاساییدا، محەمەد تۆفیق ڕەحیمش ڕۆژێک دوای تەواوبوونی ئەو یەک مانگە هات کە کۆمسیۆن وەک ماوەی یاسایی داینابوو بۆ ناو تۆمارکردن وەک کاندیدی پۆستی سەرۆکی هەرێم بەڵام هێشتا مامەڵەی یاسایی بۆ نەکراوە وەک کاندید بەهۆی بەسەرچونی وادەی یاسایی ناوتۆمارکردن بۆ ئەو مەبەستە ئەو پرسیارەمان ڕووبەڕووی ئەنجومەنی شورا کردۆتەوە تا بڕیار لەسەر یاسایی‌بوونی خۆ پاڵاوتنەکەی بدات یاخود نا.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی لە حاڵەتی ڕەتکردنەوەی کاندیدەکەی بزوتنەوە گۆڕان لەلایەن ئەنجومەنی شورا و نەبوونی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دەبێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکان؟ جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستان وتی ئەوە گرفتێکی یاسایی‌یە و دەبێت پەرلەمان دەرچەیەکی یاسایی بدۆزێتەوە، چونکە بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان بەیەکەوە ئەنجام‌بدرێن و دواجار لەحاڵەتی نەبونی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دەبێت پەرلەمان دەرچەیەکی یاسایی بۆ ئەو بابەتە بدۆزێتەوە پێش ئەوەی بچینە ناو کێشەیەکی یاسایی گەورەتر ، چونکە ئەوە تەنگەژەیەکی یاساییە کە دروست دەبێت، ئێمە وەک کۆمسیۆن لایەنی جێبەجێ کارین.

سلێمان مستەفا ئەو کێشە یاساییەی زیاتر ڕون کردوە و وتی ماوەی یاسایی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم بەیەکەوە تەواو دەبێت، وە دوای هەڵبژاردن سەرۆکی هەرێم بانگهێشتی پەرلەمان دەکات بۆ یەکەم کۆبونەوە.

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەوەی نەشاردەوە کە کاندیدی پۆستی سەرۆکی هەرێم گرفتی بۆ دەسپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان دروست کردوە و وتیشی ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەگەرچی ماوەیەکی کەم ماوە بۆ کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بەڵام هێشتا بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستە بەشداربووەکان دەستی پێنەکردوە، تا ئەو گرفتەش چارەسەر نەکرێت ناتوانین بڕیاری دەسپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بدەین.

لە بارەی ژمارەی لیست و قەوارە بەشداربووەکان ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وتی (٢٨) لیست و قەوارە خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنەکان.

سلێمان مستەفا جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنەکان کە(٥) هەفتە نێوانیان هەیە بارگرانی بۆ کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دروست کردوە چونکە بۆ هەر پرۆسەیەک کۆمسیۆن پێویستی بە شەش مانگ هەیە بۆ ئامادەکاری.

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:35 0:00

XS
SM
MD
LG