Accessibility links

بەکر عەلی: هۆشیاری بوون بە دەوڵەت دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە کۆیلایەتییەوە بۆ سەروەریی


چەمکی دەوڵەت و دەوڵەتداریی تێکڕا پەیوەندی بە کۆمەڵێک تێزی فەلەسەفی و فیکرییەوە هەیە، هاوکات ریشەییەکی مێژوویی گەورەی هەیە، هەر لە یۆنانییەکانەوە تا دەگاتە ئێستای هاوچەرخ، بیرمەندان و شرۆڤەکارانی جیهانی روانین و لێکدانەوەی جیاواز و فرەدیدگایان هەیە لەوبارەیەوە.

فەیلەسوفانی یۆنانی کۆن بەتایبەتی ئەرستۆ و ئەفلاتۆن پێیانوابوو دەوڵەت واتە کۆمەڵگەی خۆشگوزەران و فەراهەمکردنی ژیانێکی کامڵ بۆ مرۆڤەکان کە خۆی توانای بەڕێوەبردنی خۆی دەبێت. بەڵام لەسەردەمی هیگڵدا تێڕوانینەکان ئاڕاستەیەکی تەواو جیاواز وەردەگرێت؛ هیگڵ پێیوابووە دەوڵەت شکڵێکی مێژوویی تایبەتە کە ئازادی تیاییدا دەبێتە بوونێکی تایبەتی. بەڵام ئیمانوێڵ کانت رایەکی تەواو جیاوازی هەبوو. کانت دەڵێت "دەوڵەت یەکانگیریی ژمارەیەکی زۆرە لەخەڵک و ملکەچپێکردنیان لەبەردەم یاسادا."

لەهەفتەنامەی رەهەندەکاندا کە ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا وتووێژی کردووە لەگەڵ نوسەر روناکبیر بەکر عەلی لەبارەی چەمکی دەوڵەت و دەوڵەتداریی و کۆمەڵێک تێزی گرنگی وروژاندووە لەوانە بەکر عەلی دەڵێت "ئازادییەک هەیە لەئارادا ناتوانرێت نکۆڵی لێبکرێت کە ئەو ئازادییە لەفۆرمی حکومدارێتی کوردیدا خۆی بەرجەستە کردووە. ئەم ئازادییە شیانی ئەوەی تیادایە کە گەشەبکات بەرەو ئاستێکی باڵاتر و لەفۆرمی دەوڵەتدا خۆی بەرجەستە دەکات."

دەشڵێت "دەوڵەت ئامڕازێکە بۆ رێکخستنی کۆمەڵگە." لەتێڕوانینێکی دیکەدا ئەوە شرۆڤەدەکات کە "هۆشیاری ئەوەی کە دەوڵەتت هەبێت دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لەکۆیلایەتییەوە بۆ سەروەریی."

هەروەها دەڵێت "ئیشی سیاسەت ئەوە نیە کە شتە شیاوەکان بکات، بەڵکو ئیشی سیاسەت ئەوەیە شتە نەکردەکان بکات."

هەروەها لەم وتووێژەدا ئاماژە بە وتەیەکی فەلسەفی دیکە دەکات"هیگڵ دەڵێت هەموو کۆبونەوەیەکی مرۆڤگەل ئەگەر شێوازێکی یەکگرتووی تیادا نەبێت، شایەنی ئەوە نیە پێیبوترێت دەوڵەت."

XS
SM
MD
LG