Accessibility links

بەشدار عوسمان: داوا دەکەیەن بکوژانی سەردەشت و ئەوانەی لەپشت ئەم کردەوەیەوە بوون ئاشکرا بکرێن و دادگایی بکرێن


تێکشکاندنی کێلەکانی گۆڕەکەی سەردەشت عوسمان هەم لەراگەیاندنەکان و لەناو خەڵک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناڕەزایی لێکەوتەوەو لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت؛ بەڵام تێڕوانین و هەڵوێستی خانەوادەکەیان سەبارەت بەو رووداوە جێی بایەخی دەنگی ئەمریکابوو.

رۆژنامەوان سەردەشت عوسمان لە 4/5/2010 دەرفێنرێت پاش چەند رۆژێک بە کوژراوی لە شاری هەولێر دەدۆزرێتەوە، ئەم رووداوە سەرجەم رێکخراوە جیهانییەکان و داکۆککیکاران لە رۆژنامەوانان و میدیکارانی وروژاند و چەندین راپۆرت و بەدواداچونیان لەبارەوە کرد؛ بەڵام تا ئەم سەروەختە سەرباری داخستنی دۆسییەکەی لەلایەن دەزگای پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێرەوە بەڵام ئەم دۆسێیە لەلایەن رێکخراوە جیهانییەکان و ناوخۆییەکان و داکۆکیکاران لەرۆژنامەنوسان و نوسەران و رۆشنبیران و خانەوادەی سەردەشت عوسمانەوە ئەم دۆسێییە هەر بە کراوەیی ماوەتەوە و داوای دەستگیرکردنی بکوژان و ئاشکراکردنی ئەو دەستە دەکەن کە لەپشت کوشتنەکەیەوە بووە.

ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا وتوێژێکی لەگەڵ برای سەردەشت عوسمان بەڕێز بەشدار عوسماندا سازکردووە...

بەشدار عوسمان دەڵێت "دۆسیەی سەردەشت لەلایەن ئێمە و ئازادیخوازانی کوردستان بە کراوەیی ماوەتەوە، بە کراوەیی دەمێنێتەوە. تا ئەو ڕۆژەی داد و دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن لە کوردستان بوونی دەبێت. تا ئه‌وكاته‌ی بكوژانی سه‌رده‌شت و ئەوانەی لە پشتی بڕیاری تیرۆری ئەودان له‌ دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن به‌سزای خۆیان ده‌گه‌ن."

دەشڵێت "باوکم سەردانی گۆڕەکەی سەردەشتی کردبوو بینیبووی کە تێکشکێنراوە و کێلەکانی سەر گۆڕەکەی شکێنراوە."

بەشدار عوسمان باس لە چۆنێتی رفاندن و کوشتنی سەردەشت عوسمان دەکات "دوابەدوای ئەوەی بەبەرچاوی پۆلیس و زێرەڤانی و خەڵکانێکی زۆرەوە لەبەردەم کۆلێژەکەیدا سەردەشت دەڕفێنن و دوای ئەوەی بە چەندین بازگەدا دەبرێت بۆ موسڵ و گولەیەک دەنێن بەناو دەمیەوە؛ وەک هێمایەک بۆ بێدەنگکردن."

هاوکات "دوای ئەوە هەوڵدەدەن تومەتی بۆ دروستبکەن و کەیسەکەی دیزە بەدەرخونە بکەن و بکوژانی راستەقینەی سەردەشت لەبەرچاوی خەڵکدا وون بکەن."

ئەو دەڵێت ئێمە پەشیمان نابینەوە لە خواستەکانی خۆمان و هەروەها دەڵێت "ئێمە داوا دەکەیەن بکوژانی سەردەشت و ئەوانەی لەپشت ئەم کردەوەیەوە بوون ئاشکرا بکرێن و دادگایی بکرێن."

ئەو دەڵێت "سەردەشت چەند مانگێک پێش تیرۆرکردنی بکوژەکانی بە هەموان ناساند."

هەروەها بەشدار عوسمان دەڵێت "ئێمە لەیەکەمین رۆژەکانی تیرۆرکردنی سەردەشتدا هەموو بەڵگەو زانیارییەکان و شایەتحاڵەکان و گرتە ڤیدۆییەکان کە گرتەی ڤیدۆیی باشیان لەسەر رێگەوبانەکانی هەولێردا کۆکردبۆوە دوای رفاندنی دامانە دەستی دەزگا ئەمنییەکان."

سەبارەت بە قەدەغەکردن یان رێگریکردن لە کتێبەکەی سەردەشت عوسمانیش دەڵێت "خاوەن کتێبخانەکانی هەولێر پێیانوتراوە بە هیچ شێوەیەک ئەم کتێبە لەهەولێر نەفرۆشرێت."

لەئاکامدا بەشدار عوسمان دەڵێت "تا 5/5/2010 سەردەشت تەنها کوڕی ئێمە بوو، دوای ئەو بەروارە سەردەشت کوڕی هەموو خەڵکی کوردستانە......بۆیە ئێستاکەش خەڵک خاوەنی گۆڕەکەیەتی."

please wait

No media source currently available

0:00 0:15:56 0:00

XS
SM
MD
LG