Accessibility links

ژمارەیەک ژینگەدۆست دژى ڕاوکردنى ئاژەڵى کێوى خۆیان ڕووتکردەوە


ژمارەیەک گەنجى ژینگە پارێز لە رێگەى خۆ روتکردنەوە و سورکردنى جەستەیانەوە ، نارەزایەتیان بەرانبەر ڕاوکردنى باڵندە و ئاژەڵە کێویەکان و زیان گەیاندن بە سروشتى کوردستان دەربڕى.

رۆژى یەکشەمە، گەنجە ژینگە دۆستەکان رۆیشتنە سەر شاخى بەرانان ى نێوان قەزاى دەربەندیخان و سلێمانى، کەئەو ناوچەیە ژمارەیەکى زۆر ئاژەڵى کێوى تێدایەو راودەکرێن، لەرێگەى خۆ روتکردنەوەوە نارەزایەتى خۆیان لەبەرانبەر کوشتنى باڵندە و ئاژەڵە کێویەکان گەیاندە حکومەت.

سەروەر قەرەداغى، هاوسەرۆکى رێکخراوى سروشتى کوردستان کە گەنجەکان ئەندامى رێکخراوەکەى بوون، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەو کەسانەى ڕاوى باڵندە و ئاژەڵى کێوى دەکەن و زیان بەسروشت دەگەیەنن، زۆربەیان بەرپرس و دەسترۆیشتوون."

وتیشى"راوچیەکان وەکو پێویست لەلایەن حکومەت و دادگاکانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ ناکرێت، بۆیە لەرێگەى خۆ روتکردنەوە و بۆیاغ کردنى جەستەمانەوە، ویستمان سەرنجى خەڵک بۆ لاى پاراستنى سروشت رابکێشین."

پێشتریش گەنجانى ژینگە دۆست وەکو نارەزایەتیەک بەرانبەر لێپێچینەوەنەکردن لەگەڵ راوچیەکان دا، رۆیشتبونە بەردەم دادگا و داواى سزادانى ئەو کەسانەیان کرد کە راوى باڵندە و ئاژەڵى کێوى دەکەن.

عەقید شوان حەمەرەشید، بەرێوەبەرى پۆلیسى دارستانى گەرمیان و خانەقین، ئاماژەى بەوەکرد هەربەرپرسێک راوى ئاژەڵ بکات گەر بۆشیان دەستگیرنەکرێت، ناوەکەى بڵاو دەکەنەوە ، وتى"یاسا راوچیەکان سزا نادات ، دەسەڵاتى ئێمە نیە."

وتیشى"راوچى لەکاتى ڕاوکردن دا تەقە لە پۆلیس دەکەن کەچى لێپێچینەوەیان لەگەڵ ناکرێت، یان گەر دەستگیریش بکرێن ئازاد دەکرێن."

بەپێى یاساو رێنماییەکانى هەرێمى کوردستان، ئەو کەسانەى لەکاتى راوکردنى ئاژەڵ و باڵندەى کێوى دا دەستگیردەکرێن بە کەفالەت ئازاد دەکرێن، دواتر دۆسیەکانیان بە غەرامەکردن و لێسەندنى برێک پارە کۆتایى دێت.

XS
SM
MD
LG