Accessibility links

سەندیکاى رۆژنامەنوسان ئامارى پێشێلکاریەکانى 6 مانگى ئەمساڵى بەرانبەر رۆژنامەنوسان بڵاوکردەوە


بەپێى راپۆرتێکى لیژنەى داکۆکیکردن لەمافى رۆژنامەنوسان لەسەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان، لە 6 مانگى رابردوودا 4 رۆژنامەنوس گیانیان لەدەستداوە ، هەروەها رۆژنامەنوسێک تیرۆرکراوە و رۆژنامەنوسێکى تریش خۆى کوشتووە.

لیژنەى داکۆکیکردن لە مافى رۆژنامەنوسان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا لە شارى کەرکوک ، ئامارى 6 مانگى سەرەتاى ئەمساڵى پێشێلکاریەکانى بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان بڵاوکردەوە، بەپێى راپۆرتى لیژنەکە رێژەى پێشێلکاریەکان بەراورد بە ساڵى رابردوو ڕووى لە هەڵکشان کردووە.

حەمید بەدرخان، سکرتێرى لیژنەى داکۆکیکردن لەمافى رۆژنامەنوسان، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لە 6 مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا، 56 رۆژنامەنوس پێشێلکارى جۆراو جۆریان بەرانبەر ئەنجامدراوە کە پێشێلکاریەکان لەرێگرى لێکردنەوە تێیدایە تا دەگاتە تیرۆر."

وتیشى"پێشێلکارى بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان بەراورد بە ساڵى رابردوو زیادیکردووە، ئەمەش مایەى نیگەرانیە."

بەپێى راپۆرتەکەى لیژنەى داکۆکیکردن لەمافى رۆژنامەنوسان لەسەندیکاى رۆژنامەنوسان، لە6 مانگى رابردوودا رۆژنامەنوسێک تیرۆرکراوە و یەکێکى تریش خۆى کوشتووە، هەروەها 4 رۆژنامەنوسیش شەهید بوون.

هەروەها 2 رۆژنامەنوس زیندانى کراون و 2 رۆژنامەنوسى تریش دەست بەسەرکراون ، 5 رۆژنامەنوس هەڕەشەیان لێکراوە و 4 رۆژنامەنوسیش سوکایەتیان پێکراوە ، هەر لە راپۆرتەکەدا داخستنى 2 دەزگا و کەناڵ و لێدان لەرۆژنامەنوسێک و پەلاماردانى 3 رۆژنامەنوسى تر ئاماژەى پێکراوە.

حەمید بەدرخان، رونیشیکردەوە ئەوان هیواخوازبوون ساڵ لەدواى ساڵ رێژەى پێشێلکاریەکان بەرانبەر رۆژنامەنوسان کەم ببێتەوە، بەڵام پێچەوانەى خواستەکانى ئەوان رێژەکە زیادیکردووە.

سەبارەت بەهۆکارى هەڵبژاردنى کەرکوک بۆ ئەوەى راپۆرتى پێشێلکاریەکانى بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان تێدا رابگەیەنن ، حەمید بەدرخان وتى"پێشتر لە دهۆک و هەولێر و ئەمنە سورەکەى سلێمانى و مۆنۆمێنتى هەڵەبجە راپۆرتمان راگەیاندووە، ئەمساڵ بەپێویستمان زانى راگەیاندنى راپۆرتەکە ببەینە کەرکوک."

پێشتر سەندیکاى رۆژنامەنوسان 18 راپۆرتى تریان سەبارەت بەدۆخى رۆژنامەنوسى لە هەرێمى کوردستان بڵاو کردوەتەوە و راپۆرتەکەى ئەمڕۆیان نۆزدەیەمین راپۆرت بوو کە لە شارى کەرکوک رایانگەیاند.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:32 0:00

XS
SM
MD
LG