Accessibility links

زانیارى ورد لەسەر جموجۆڵەکانى ئەمڕۆی داعش لە نزیک ناحیەى جەلەولا و قەرەتەپە


فەرماندەکانى پێشمەرگە، دەڵێن جم و جۆڵى چەکدارەکانى داعش لەسنورى ناحیەکانى جەلەولا و سەعدیەى پارێزگاى دیالە زیادیکردووە ، بەڵام بەو شێوەیە نیە کە مەترسى لەسەر جەلەولا دروست کردبێت.

عەقید جمهور رۆستەم ، فەرماندەى پێشمەرگە لە دەوروبەرى ناحیەى جەلەولا ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بوونى جم و جۆڵى بەهێزى داعش لەدەوروبەرى تەنها تەنها هەمهەمە و پڕو پاگەندەیە."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا ، ئەمرۆ نزیکەى 50 چەکدارى داعش بەرەو سنورى گوندەکانى ژێر کۆنترۆڵى پێشمەرگە لەنزیک ناحیەى قەرەتەپە رۆیشتون ، بەڵام زانیارى پێشوەخت گەیشتوەتە هێزەکانى پێشمەرگە و لەوناوچەیە خراونەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە.

هەروەها شەوى رابردوو لەگوندێکى نزیک ناحیەى جەلەولا ، چەند چەکدارێک هەوڵى رفاندنى موختارى گوندێکیان داوە، بەڵام شەڕ دروستبووە و هەوڵەکەیان شکستى هێناوە.

لەوبارەیەوە عەقید جمهور ، وتى"ئەو چەکدارانەى هەوڵى رفاندنى موختارەکەیان داوە، لەناوچەى نەداى نزیک مەندەلیەوە دزەیانکردوەتە سنورەکە."

ئەمڕۆ پـێنجشەممە ژمارەیەک میدیاى کوردیش بڵاویانکردەوە ، گوایە مەحمود سەنگاوى فەرماندەى میحوەرى گەرمەسێر لەبەر خراپى دۆخى ئەمنى جەلەولا و جۆم و جۆڵى داعش ، کۆبونەوەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى حیزبەکەى جێهێشتووە، بەڵام عەمید نەجمەدین عومەر فەرماندەى پێشمەرگە لەدیالە زانیاریەکانى رەتکردەوە.

عەمید نەجمەدین ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش جم و جۆڵى زۆر زیادیکردووە بەتایبەت لە شەوان دا ، بەڵام مەترسیەکەى بەو رادەیە نیە کە ترسى کەوتنى شاروشارۆچکە هەبێت."

بەپێى زانیاریەکانى لاى پێشمەرگە، ژمارەی ئەو چەکدارانەى داعش لەناوچە کوردستانیەکانى دیالە بڵاوەیان پێکراوە نزیکەى 400 چەکدارە ، کە ئەو چەکدارانە پلانى هێرشکردنە سەر پێشەرگە و حەشدى شەعبیان لەناوچەکە هەیە.

XS
SM
MD
LG