Accessibility links

ناکۆکى نێوان باڵەکانى یەکێتى دۆخى ئەمنى چەمچەماڵى شێواندووە


کێشەى نێوان باڵەکانى یەکێتى بەتەواوەتى دۆخى ئەمنى قەزاى چەمچەماڵى شڵەقاندووە ، کێشەکان گەیشتونەتە ئاستى هێز جوڵاندن بۆ یەکترى لەلایەن باڵەکانەوە ، هەروەها بەهۆى ئەو کێشانەوە کۆمەڵێک بەرپرسى حیزبى و حکومى لەپۆستەکانیان دوور خراونەتەوە.

شێخەى مەمەند ئاغا ئەندامى ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتى و کەسایەتى دیارى چەمچەماڵ ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بەهۆى لێپێچینەوە نەکردن و کەمتەرخەمى حکومەتەوە ، کارى تاوانکارى و دزى و چوونە سەر ماڵان و تەقەکردن لەخەڵک ڕووى لەزیاد بوون کردبوو."

هەروەها وتیشى"خراپ بوونى دۆخى ئەمنى دانیشتوانى چەمچەماڵى تەواو نیگەران کرد ، بۆیە داوا لە یەکێتى کرا لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسە کەمتەرخەمەکان بکات."

بەپێى وتەى ئەندامەکەى ئەنجومەنى ناوەندى یەکێتى ، لەکۆبونەوەى مەکتەبى سیاسى یەکێتى دا ، دۆخى ئەمنى چەمچەماڵ تاوتوێکراوە و مەلا بەختیار راسپێردراوە بۆ بەدواداچوونى مەسەلەکە و لێپێچینەوە کردن.

بەشێک لەدانیشتوانى چەمچەماڵ هۆکارى دروستبوونى پشێویەکە بۆ ناکۆکى نێوان بەرپرسى مەڵبەند کەسەر باڵى ناوەندى بریارە لەلایەک و جێگرى مەڵبەند و قایمقام لەلاکەى تر کە سەر باڵى گشتین دەگێرنەوە.

بەڵام شێخەى مەمەند ئاغا ، هەرچەندە نەیشاردەوە کە ئەو ململانێیە کاریگەرى هەبووە ، بەڵام جەختیشیکردەوە کەمتەرخەمى حکومەت هۆکارى زیاترى پشێویەکە بووە.

لەئێستادا هەریەک لە ئامانج کەساس ى قایمقامى چەمچەماڵ و بەرێوەبەرى پۆلیس لەسەر کارلابراون ، بریارە جێگرى مەڵبەند کە لەباڵى گشتیە لەگەڵ چەند بەرپرسێکى تریشدا لەپۆستەکانیان دوور بخرێنەوە ، کەبریارەکەى مەکتەبى سیاسى بۆ لابردنى جێگرى مەڵبەند باڵى گشتى نیگەران کرد و هێزیان بردە سەر مەڵبەندى چەمچەماڵ.

دەنگى ئەمەریکا، پەیوەندى بەهەریەک لە حاکم قادر حەمەجان وتەبێژى یەکێتى ، بەرزان ئەحمەد کوردە بەرپرسى مەڵبەندى چەمچەماڵ ، رێبوار سەنگاوى جێگرى مەڵبەند و ئامانج کەساس قایمقامى لەسەر کارلابراوەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.

سەبارەت بەبردنى هێزى دژە تیرۆر بۆسەر مەڵبەندى چەمچەماڵ ، شێخەى مەمەند ئاغا وتى"دژە تیرۆر وتویانە زانیاریان هەبووە کە مەترسى پێکدادان لەنێوان بەرپرسى مەڵبەند و جێگرەکەیدا هەبووە ، بۆیە هێزیان جوڵاندووە تا دۆخەکە هێور ببێتەوە."

قەزاى چەمچەماڵ کەلەبنەرەتدا قەزایەکى سەر بە پارێزگاى کەرکوکە، سەربارەى ململانێى چڕى دوو باڵەکەى یەکێتى لەو قەزایە، هاوکات بەرپرسى مەکۆى چەمچەماڵى بزوتنەوەى گۆڕانیش هێزى هەیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:09 0:00

XS
SM
MD
LG