Accessibility links

بۆچونى لایەنى عەرەبى و تورکمانى لەسەر ئەنجامدانى ڕاپرسى لەناوچە کێشەلەسەرەکان


لایەنى عەرەبى و تورکمانى دژى ئەنجامدانى ریفراندۆمن لە ناوچە کێشەلەسەرەکان ، کە لەکۆبونەوەى نێوان مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێم و لایەنە کوردیەکان دا ، بریاردا لە 25 ى ئەیلولى ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

شێخ یەعقوب لهێبى کە سەرۆک عەشیرەتێکى عەرەبى سونەیە و هاوکات بەرێوەبەرى ناحیەى جەلەولاى پارێزگاى دیالەیە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پێدەچێت عەرەبى سونە بایکۆتى ئەو راپرسیە بکات کە بریارە هەرێم لەناوچە کێشەلەسەرەکان ئەنجامى بدات."

وتیشى" گەر واقیعت دەوێ‌ ، واقیع بەم شێوەیە لەو ناوچانەى پێشمەرگە تێیدا باڵادەستە رەنگە بەشێکى عەرەبى سونە بەشدارى راپرسى بکەن و لەوانەش کە هێزە عێراقیەکان تێیدا باڵادەستن نایکەن."

رۆژى چوارشەمە بارزانى لەگەڵ زۆربەى لایەنە کوردیەکان دا کۆبویەوە و بریارى ئەنجامدانى ریفراندۆمیان لەهەرێم و ناوچە کێشەلەسەرەکان راگەیاند، رۆژى دواتریش بارزانى مەرسومى هەرێمى بۆ راپرسیەکە دەرکرد.

محەمەد سعود کەبەرپرسێکى بەرەى تورکمانیە ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"گەر هەرێم و بەغدا رێکبکەون لەسەر ئەنجامدانى ریفراندۆم لەناوچە کێشەلەسەرەکان ئەوان لاریان نیە."

وتیشى"گەر هەرێم بێ‌ رەزامەندى بەغدا ریفراندۆم بکات ، ئەوا ریفراندۆمە شەرعى نابێت."

بەپێى دەستورى عێراق ، ئەنجامدانى ریفراندۆم دواقۆناغى جێبەجێکردنى مادەى 140 ى دەستورەو پێشتریش ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک داواى ئەنجامدانى کردووە ، بەڵام تائێستا حکومەتى عێراق هیچ هەنگاوێکى بۆ ئەنجامدانى نەناوە.

XS
SM
MD
LG