Accessibility links

پەیامنێرێکی NRT زیاتر لە هەفتەیەکە لەسەر ڕاپۆرتێک دەستگیرکراوە


ماوەى نۆ رۆژە پەیامنێرێکى کەناڵى NRT لەلایەن پۆلیسى گەرمیانەوە و بە بڕیارى دادوەر دەستگیرکراوە ، هۆکارى دەستگیرکردنەکەشى بۆ بڵاوکردنەوەى راپۆرتێک دەگێڕدرێتەوە کە پەیوەندى بە حوکمدانى تاوانارێکەوە هەبووە لەلایەن دادگاوە.

دانا زەهاوى پارێزەرى رۆژنامەنوسە دەستگیرکراوەکە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"رۆژنامەنوس ئارام بەختیار بەپێى مادەى 9 لەبرگەى 6 ى یاساى رۆژنامەگەرى دەستگیرکراوە و هەشت رۆژە لەزینداندایە."

وتیشى"تائێستا 3 جار داوامان پێشکەشى دادوەر کردووە تا بەکەفالەت ئازادى بکات ، بەڵام دادوەر داواکەى رەتکردووینەتەوە."

پێشتر کەناڵى NRT راپۆرتێکى لەسەر حوکمدانى پیاوێکى دانیشتوى قەزاى کفرى ناوچەى گەرمیان بڵاوکردبوویەوە ، کە گوایە ئەو پیاوە لەبەر دەست نەڕۆیى پەناى بردووەتە بەر دزینى شیر و حەفازە بۆ منداڵەکانى ، کە بڵاوکردنەوەى ئەو راپۆرتەکە دەنگدانەوەیەکى گەورەى دروستکرد و بەشێکى زۆرى هاوڵاتیان دادگاکانیان تۆمەتبار کرد بەوەى کە "دزى بچوکى "پێ‌ دەستگیردەکرێت و چاو لە "دزى گەورە"دەپۆشێت.

دواتر دادگاى تاوانەکانى کەرکوک/ گەرمیان کەناڵى NRT و پەیامنێرەکەى دایە دادگا ، بەتۆمەتى بڵاوکردنەوەى زانیارى هەڵە و وروژاندنى شەقام لەدژى دادگا، کە هەشت رۆژە ئارام بەختیارى ئامادەکارى راپۆرتەکە دەستگیرکراوە و بریارى دەستگیرکردن بۆ ئاوات عەلى بەڕێوەبەرى کەناڵەکەش دەرچووە.

ئارام ئیکرام بەرپرسى لقى گەرمیانى سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پێشتر ئەنجومەنى دادوەرى لەگەڵ سەندیکاى رۆژنامەنوسان گفتووگۆیان کردووە و رێککەوتوون لەسەر ئەوەى کە نابێت رۆژنامەنوس دەستگیربکرێت."

وتیشى"لەدۆسیەى ئارام بەختیاردا هەست دەکەین رق و رقکارى تێکەڵکراوە و ئەمە پێشێلکاریەکى روونە بەرانبەر بە کارى رۆژنامەوانى ، بۆیە هەڵوێستى جدیمان دەبێت."

ڕۆژی دووشەممە ژمارەیەک رۆژنامەنوس و چالاکوان لەبەردەم دادگاى گەرمیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داواى ئازاد کردنى ئارام بەختیارى پەیامنێرى کەناڵى NRT یان کرد ، بەڵام دادوەر تا ئێستا هیچ بڕیارێکى بۆ ئازادکردنى دەرنەکردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:43 0:00

XS
SM
MD
LG