Accessibility links

عەدنان عوسمان باس لە سپیکردنەوەی گەندەڵیی و سپیکردنەوەی پێشلکارییەکان دەکات


گەندەڵی زیاد لە 25 ساڵە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە و هاوکات تائەڕۆکە چەندین لیژنەو دەستەی دەستپاکی و بەدواداچوون لە پەرلەمان و ناوەندەکانی دیکەدا بۆ ئەو مەبەستە دروستکراون و ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە، تا ئێستاش کێشەیەکى گەورەى هەرێمى کوردستانە، بەڵام وەک بەرپرسانى باڵاى هەرێم دەڵێن، هەنگاوەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو دیاردەیە دەستپێکردووە و بەردەوامیش دەبن.

لە دوایین کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیراندا پڕۆژەیەکى دەستەى دەسپاکیى هەرێم پەسەندکرا بە ناوى "ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵى". بەپێى پڕۆژەکە لیژنەیەکی باڵا لە نوێنەری دامودەزگاکانى حکومەتى هەرێم دروستدەکرێت بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژییەکە، هەروەها دامودەزگاکانیش لاى خۆیانەوە هۆکارەکانى گەندەڵی دەستنیشان دەکەن و دەیخەنە بەردەم لیژنەکە بۆئەوەی ئەوانیش ڕێگاچارە و هۆکارەکانی چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.

بەڵام پرسیار و شرۆڤەکاری شارەزایان و رەخنەگران لەوبارەیەوە جێی بایەخ و گرنگییە بۆ دەنگی ئەمریکا.

بۆ ئەو مەبەستە ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا وتوێژێکی تایبەتی لەگەڵ پەرلەمانتاری پێشوو و ئەندامی لیژنەی نەزاهەی ئەوکاتەی پەرلەمان و رۆژنامەوان و شرۆڤەکار عەدنان عوسمان سازکردووە...

عەدنان عوسمان دەڵێت "ئەگەر کاری گەندەڵی کرابێت و پێشێلکاری کرابێت و گەندەڵی هەبێت و سنوربەزاندن بۆ ماڵی گشتی هەبێت لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکارەوە ئەنجام دەدرێت. لەهەموو وڵاتێکدا ئەوە دەسەڵاتی جێبەجێکارە تێوەگلاوە دەبێت لەهەموو ئەو پرسانەدا".

سەبارەت بەوەی کە ئایا دەستە ستراتیژییەکە دەتوانن رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە؛ عەدنان عوسمان دەڵێت "ئەوە پەرلەمانە، ئەرکی پەرلەمانە ئەرکی چاودێری و پاراستن و متمانەدان و سەندنەوەی متمانە لە کەسانی گەندەڵ و ئەو کەسانەی کە بە کاری نەشیاو و دژبە یاسا هەستاون. دەزگایەکی تریش دەزگای دیوانی چاودێرییە یان دەزگای چاودێری داراییە لەهەندێک وڵاتدا ئەم کارە دەکەن".

دەشڵێت "ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سپیکردنەوەی گەندەڵییە، بۆ سپیکردنەوەی ئەو ئەو پێشێلکارییە گەورەیەیە کە حکومەت و بەرپرسە باڵاکانی ئەم حکومەت و حیزبی حاکمە لەکوردستاندا تێوەگلاون تیایدا؛ بۆ سپیکردنەوەی ئەو دەموچاوانەیە و سپیکردنەوەی ئەو دۆسێییەی گەندەڵیانەیە و ئەو پێشێلکاریانەیە کە حکومەت کردونی".

هاوکات "هەوڵدانە بۆئەوەی متمانەیەکی بەرائەت بەم گەندەڵکارانە بدرێت".

عەدنان عوسمان باس لەوە دەکات کە چۆن کاتیخۆی شکستیان بە دەستەی نەزاهەی پەرلەمانی کوردستان هێناوەو دەڵێت "ئەم حکومەتە ئامادەنەبووە دۆسێکانی بخاتە بەردەستی پەرلەمان و لیژنەی نەزاهە کە من ئەندامی بووم. هیچ دەزگایەکی حکومی ئامادە نەبوو هاوکاری ئەم لیژنەیە بکات. ئەم لیژنەی نەزاهەیە لەماوەی چوارساڵی پەرلەماندا مردووترین لیژنە بوو. سەرۆکی ئەوکاتەی پەرلەمان بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو هاوکاری بکات".

دەشڵێت "کەسێک لەبەغدا توهمەتبارکراوە و لەوەزارەتەکەی لابراوە کە گرنگترین وەزارەتە؛ وەزارەتی دارایی. ئێستا لەکوردستانە و هێنراوەتەوەو کراوەتە بەرپرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی و دەوڵتی کوردیان بۆ دروستدەکات".

please wait

No media source currently available

0:00 0:13:56 0:00

XS
SM
MD
LG