Accessibility links

شێرکۆ میروەیس: 176 گەنجى کوردى حەشدى شەعبى دەیانەوێت ببنە پێشمەرگە بەڵام هەرێم وەڵامیان ناداتەوە


بەرپرسى مەڵبەندى خانەقینى یەکێتى، دەڵێت ژمارەیەک لە چەکدارە کوردەکانى حەشدى شەعبى پەیوەندیان پێوە کردوون و ئامادەیى خۆیان نیشانداوە تا ببنە پێشمەرگە، بەڵام حکومەتى هەرێم هاوکاریان ناکات.

شێرکۆ میروەیس ، رەتیکردەوە 3000 گەنجى خانەقینى پەیوەندیان بەحەشدى شەعبیەوە کردبێت و بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ژمارەى ئەو گەنجە خانەقینیانەى بوون بەحەشدى شەعبى لە 250 کەس تێپەڕ ناکات و بەرپرسیارم لەم ژمارەیە."

وتیشى"176 گەنجى کوردى خانەقینى چەکدارى حەشد پەیوەندیان پێوەکردووین تا ببنە پێشمەرگە، بەڵام حکومەتى هەرێم نایانکاتە پێشمەرگە."

سەبارەت بەدەنگۆى داواکردنى حەشدى شەعبى بۆ دانانى بارەگا لەخانەقین، شێرکۆ میروەیس وتى"حەشدى شەعبى بەهیچ شێوەیەک داواى لەو شێوەیەیان ڕووبەڕووى ئێمە نەکردووەتەوە."

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر حکومەتى عێراق نوسراوى ئاراستەى ئیدارەى جەلەولا کردووە بۆ ناردنى پۆلیسى عێراقى بۆ ئەو ناحیەیە ، بەڵام تائێستا وەڵامى بەرپرسانى ناحیەکە روون نیە کەلەژێر کۆنترۆڵى کورددایە.

لەوبارەیەوە شێرکۆ میروەیس روونیکردەوە حکومەتى عێراق دەیەوێت بنکەى کۆمیسیۆن لەجەلەولا دابنێت و ویستویانە پۆلیس بنێرن بۆ پاسەوانى کردنى بنکەکان ، بەڵام ئێمە رەتمانکردوەتەوە، وتى"داوامان لەوەزارەتى ناوخۆى هەرێم کردووە پۆلیسمان بۆ بنێرێت بۆ پاسەوانى کردنى بنکەکان بەڵام بەدەنگمانەوە نایەت و بەمەبەست گرفتمان بۆ دروست دەکەن."

لەگەڵ نزیکبونەوەى کۆنترۆڵکردنى تەواوى ناوچەکانى عێراق لەلایەن هێزە عێراقیەکان و وەدەرنانى داعش ، لەئێستا حەشدى شەعبى کار لەسەر بەحەشد کردنى گەنجانى کوردى ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکات، بەڵام بەرپرسانى کورد دەڵێن ئەم پلانە شکستى هێناوە.

XS
SM
MD
LG