Accessibility links

شۆڕش حاجی: گۆڕان رێکارە یاسایـیەکانی گرتەبەر بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە سەر محەمەدی حاجی مەحمود


شۆڕش حاجی وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، دەستیان کردووە بە ڕێکارە یاساییەکان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی بەهۆی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕانی کردبوو لە میانی وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو محەمەدی حاجی مەحمود لەمیانی وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەسەر بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانی عیراق و کێشەی لایەنە سیاسیەکان گوتی کێشەی نێوان لایەنە سیاسیەکان لەسەر پۆست و پارەیە نەک خەڵک و داواکاری میللەت.

هەروەها ئەوەی خستبووە ڕوو هەر پێنج لایەنە سیاسیە ناکۆکەکەی کوردستان(پارتی دیموکراتی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی) لەدوای پێکهێنانی کابینەی بنکە فراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێنج کۆمپانیای نەوتیان دامەزراندو خاوەنی پاڵاوگەی نەوتن و کێشەیان لەسەر بڕی بەشەکەیانە لە داهاتی نەوت نەک لەسەر خەڵک و قوتی خەڵک و شەفافیەت لە داهات وەک خۆیان لە تەلەفزیۆنەکانەوە باسی دەکەن.

دوای بڵاوبونەوەی ئەو وتووێژە، هەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی، لە ڕونکردنەوەیەکدا بە توندی وەڵامی محەمەدی حاجی مەحمودیان دایەوە و بزوتنەوەی گۆڕان تەنها دوو ڕۆژ مۆڵەتی دابووە سکرتێری حیزبی سۆسیالیست ئەگەر بەڵگە نەخاتەڕوو، یان داوای لێبوردن نەکات، ئەوا سکاڵای یاسایی لەسەر محەمەدی حاجی مەحمود تۆمار دەکەن، بەڵام لە ڕوونکردنەوەیەکدا هەریەک لە وتەبێژی فەرمی و مەکتەبی سیاسی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ڕەتی کردەوە داوای لێبوردن بکەن و جەختیان لەسەر قسەکانی محەمەدی حاجی مەحمود کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەو وادەیە تەواو بوو کە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی دیاریکردبوو، لەو بارەیەوە شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە وتووێژێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا وتی تیمی پارێزەرانی خۆمان ئاگادارکردۆتەوە کە سکاڵا لەسەر سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان تۆمار بکەن لە بەرامبەر تەشهیر کردن و تۆمەت هەڵبەستن بۆ بزوتنەوەی گۆڕان لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا کە ئەنجامی دابوو.

وتیشی" ئەگەر ئەمڕۆ پێنجشەممە سکاڵاکەیان تۆمارنەکردبێت، ئەوا لە نزیکترین کاتدا سکاڵاکە تۆمار دەکەن و سوورین لەسەر تۆمارکردنی سکاڵا، چونکە ئێمە داوای خستنە ڕووی بەڵگە یان داوای لێبوردنمان لێکردبوو لە ماوەی دوو ڕیژدا هیچیانی نەکرد و مۆڵەتەکەی تەواوبوو."

بەپێی یاساکانی عیراقی لە تۆمارکردنی سکاڵادا بە تۆمەتی ناوزڕاندن دوو ماف هەیە مافی سزایی، مافی شارستانی، کە مافی شارستانی بریتیە لا داواکردنی قەرەبووی مادی پاش سەپاندنی تۆمەتەکە بەسەر سکاڵا لەسەرکراو، لەبارەی بڕی ئەو قەرەبووه مادیەی بزوتنەوەی گۆڕان داوای دەکات لە سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە حاڵەتی بردنەوەی و سەپاندنی تۆمەتەکە لەلایەن دادگاوە بەسەریدا و سکاڵاکەی لە دادگا لەسەر ناوبراو ، شۆڕش حاجی وتی"ئەوە تیمی پارێزەرەکانمان بڕیار دەدەن کە ئەو قەرەبووەی داوای دەکەن چەندێکە."

لەبارەی هەماهەنگیان لەگەڵ لایەنەکان لەسەر تۆمارکردنی سکاڵاکە شۆڕش حاجی وتی، ئێمە وەک خۆمان سکاڵا تۆمار دەکەین و ئاگامان لە لایەنەکانی تر نیـیە.

XS
SM
MD
LG