Accessibility links

چەند لایەنێـکی سیاسی کوردستان ناڕەزایی بەرامبەر لێدوانێـکی محەمەدی حاجی مەحمود دەردەبڕن


پاش بڵاوبونەوەی وتووێژێکی لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا چەند لایەنێکی سیاسی لەسەر وتەکانی لەو وتوێژە داوای ڕونکردنەوە لە سکرتێری حیزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان تۆمار دەکەن و دەڵێن ئەگەر داوای لێبوردن نەکات یان بەڵگە بۆ قسەکانی نەخاتەڕوو سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن لەسەر محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان.

پێشتر محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە میانی وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، لە دوای پێکهێنانی کابینەی بنکە فراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێنج کۆمپانیای نەوتیان دامەزراند و لە ئێستادا هەریەک لەو حیزبانە خاوەنی کۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی خۆیانن.

شۆڕش حاجی وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو قسانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت سکاڵای یاسایی لەسەر سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکرات تۆمار دەکەن.

دوابەدوای بڵاوبونەوەی ئەو وتوێژەی دەنگی ئەمریکا، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش بە فەرمی ڕەتی کردەوە.

محەمەد ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی نیگەرانی حیزبەکەی

لەسەر وتەکانی محەمەدی حاجی مەحمود دەربڕی.

لە بەشێکی تری وتووێژەکەدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا، محەمەدی حاجی مەحمود وتی، لایەنەکان لە کۆبونەوەیاندا باسی خەڵک و داواکاری خەڵک ناکەن تەنها باس لە دابەشکردنی پۆست و داهات دەکەن بۆخۆیان و کێشەیان لەگەڵ دەسەڵات لەسەر ئەو بەشە داهاتەیە کە پێیان دراوە و لایەنەکان پێیان وایە کەمە بەشەکەیان.

بەڵام سێ لایەنەکەی پێشوی ئۆپۆزسیۆن کە ئێستاش پشکیان هەیە لە حکومەتی هەرێم ڕەتی دەکەنەوە داواکاری ئەوان لەکۆبونەوە داواکاری پۆست بێت.

د. محەمەد ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان کە زۆر کات سەرۆکی شاندی حیزبەکەی بووە لەگەڵ لایەنەکان ڕەتی دەکاتەەوە ئەوان باسیان لە پۆست و داهات کردبێت لە کۆبونەوەکان.

کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانیش ڕاستەوخۆ دوای بڵاوکردنەوەی وتوێژەکەی سکرتێری حیزبی سۆسیالیست لە ڕێگای بەیاننامەیەکی فەرمی ئەنجومەنی سیاسی حیزبەکەیەوە ئەو وتانەی ڕەتکردەوە و بە تۆمەتی وەسف کرد و ڕاشیگەیاند لەسەر ئەو تۆمەتانە سکاڵای یاسایی لەسەر محەمەدی حاجی مەحمود تۆمار دەکەن.

جگە لە ڕەتکردنەوەی فەرمی لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامیەوە ، لە ئێستادا کادیران و لایەنگرانی ئەو حیزبە داوا لە حیزبەکانیان دەکەن بۆ دەرخستنی ئەستۆ پاکی خۆیان لای خەڵک بەوەی خاوەنی کۆمپانیا و کێڵگەی نەوت نین پێویستە لە دادگا سکاڵای یاسایی لەسەر محەمەدی حاجی مەحمود تۆمار بکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:46 0:00

XS
SM
MD
LG