Accessibility links

شۆڕش ئەمین: 435 هەزار لە وەزارەتی پێشمەرگە تۆمارکراون، بەڵام تەنها 35 هەزاریان پێشمەرگەی حەقیقیین


قەیرانی موچەو گرفت و رایەڵەکانی شرۆڤەکاری و وردبووونەوە لە کۆی کەموکورتییە گەورەکانی ئەو سیستم و داتایانەی کە ئەوڕۆکە لەبەردەستی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەندێک لە پەرلەمانتارەکاندایە؛ تێکڕا جێی شرۆڤەکاری و هەڵوێستەکردنە. شارەزایان و چاودێران بە مەبەستی دۆزینەوەی کۆمەڵێک رێگەچارەی راستەقینەو ئەکادیمی بۆ قەیرانی دارایی و سیستمی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەو داتایانەیان خستۆتە بەراوردکارییەوە کە ئەوە دەخەنە ڕوو کە 1.500.000 موچەخۆر لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بەڵام حکومەتی ناوەندی دەڵێت تەنها نزیکەی 600 هەزار موچەخۆری راستەقینە هەن.

کەواتە ئایا ئەو ژمارەیەی کە دەمێنێتەوە موچەخۆری بندیوار و حیزبین و راستقینە نین کە تێکڕا بوونەتە هۆی قوڵکردنەوەی قەیرانی دارایی و موچی لەهەرێمی کوردستاندا؟ بۆئەو مەبەستە ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا میوانداری ئەندامی رێکخراوی گەشەپێدانی کۆمەڵی مەدەنی کاک شۆڕش ئەمین کردووە.

شۆڕش ئەمین دەڵێت "یەک ملیۆن 500 هەزار موچەخۆر هەن، هاوکات ئەم ماوەیە کاک نێچیر 3000 ی تری خستەسەر و ئەوەندەی تریشیان ژێربەژێر دامەزراندووە، بەڵام ئەوەی کە حکومەتی عێراقی دانیپێداناوە نزیکەی 600 هەزارە، چونکە ئەو ژمارەیە بەپێی بڕوانامەو ساڵی خزمەت دامەزراون. ئەوانەن کە بە حەقیقی لەڕێی سیستمەوە دامەزراون، بەڵام 900 هەزار؛ واتە ئەوەندەو نیوی موچەخۆری راستەقینە ناشەرعی دامەزراون".

هەروەها دەشڵێت "دامەزراندنی ناشەرعی ئەوانەن کە هەمووی لەڕێی لق و مەڵبەندەکانەوە ناویان رۆیشتووە، لەڕێی بەرپرسەکانەوە ناویان رۆیشتووە، وە ئامانە یان خانەنشین کراون یان دامەزراون، یاخود وەک بندیوار دامەزراون و دەوامیش ناکەن و لەشوێنێک موچەیان دەدەنێ".

شۆڕش ئەمین یەک بە یەک باسی گرفتەکان دەكات و دەڵێت "گەورەترین گرفت لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئەو موچەخۆرانەی حیزبە".

دەشڵێت "گرفتی زۆر گەورەتر هەیە، لەڕاستیدا لەم قەیرانەدا ئەم دوو حیزبە هیچ شەرم ناکەن، کادیرەکانی خۆیانیان جیاکردۆتەوە و بەدزیەوە لەڕێی خەزێنەکانی حکومەتەوە کە کادیری حیزبی خۆیانیان کردووە بە بەڕێوبەریان، دەخرێنە لیستەوە و موچەی حەقیقی خۆیان دەدەنێ و خەڵکە زۆرەکەش کە موچەخۆری حەقیقییە چارەکە موچەی دەدەنێ".

هەروەها دەڵێت "گەورەترین کێشە ئەوەیە ئێستا 435 هەزار لەوەزارەتی پێشمەرگە تۆمارکراون، ئەم ژمارەیە تەنها 35 هەزاری حەقیقی پێشمەرگەیە، واتە 400 هەزارەکەی دیکە خەڵکانێکن کەکەس نازانێت ئەمانە کێن و لەکوێن و چۆنن".

هاوکات دەڵێت "نابێت خەڵکێک لەبەرئەوەی لەحیزبدایە باش بژی و خەڵکێکیش لەبەرئەوەی لەحیزبدا نیە لەبرساندا بمرێت".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:26 0:00

XS
SM
MD
LG